فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئێستادا سنووری بناری قەندیل و چیای ئاسۆسیان لە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی کۆبانێ، دێرک، زرگان و شەهبا لە ڕۆژئاڤای کوردستان بۆردومان کرد.
کاتژمێر 12ى شەوى رابردوو، دەنگى تۆپ و موشەک هاوڵاتیانى لە رۆژئاڤاى کوردستان راچڵەکاند.
ئەوان هیچ دوودڵ نەبوون لەوەى هێرشەکە کێیە، چونکە تورکیا هەم پێشینەى لە هێرشى سەر ناوچەکەدا هەیە و هەم بەر لە دوو رۆژ ئەمریکا هۆشداری هێرشەکەى دابوو.
هێرشەکە لە ناوچەکانى باشورى کوردستان و رۆژئاڤاى کوردستان پێکەوە دەستیان پێکرد
دواى نزیکەى 15 کاتژمێر لە هێرشەکان وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیەندراوێکى لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیەوە بڵاکردەوە، کە ناوى ناوە (چنگى شمشێر).
دەڵێت ئۆپراسیۆنەکەیان بە “سەرکەوتووى” ئەنجامداوە و 89 ئامانجیان پێکاوە.
تورکیا هێرشەکەی وەک تۆڵەکردنەوەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ لەقەڵەمداوە، کە تێیدا یەکشەممەى رابردوو رویدا و شەش کەس کوژران و 81 کەیش بریندار ببوون.
تورکیا دەستبەجێ پەکەکە و هێزەکانى یەپەگەى تۆمەتبارکرد، ئەمڕۆش هێرشى کردە سەر ئەوان.
لەبارەى زیانەکانى هێرشەکە هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى ئامارەکە 28 کەس کوژراون، کە 13 کەسیان هاوڵاتى مەدەنى و شەرڤانن، 15 کەسەکەى دیکەش سەربازى سوریان، کە بارەگاکەیان لە تل رەفعەت بۆردومان کراوە.
هاوکات 9 هاوڵاتى مەدەنیش برینداربوون.
هێشتا ئامارى زیانەکان لە هێرشەکانى سەر خاکى هەرێمى کوردستان بڵاونەکراونەتەوە.