پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “نزیکەی پانزە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان” بە رێگای نافەرمی گەشتی حەجییان کردووە.
پشتیوان سادق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەشداری رێوڕەسمی حەجیان کردووە، لە بەرامبەریشدا نزیکەی 15 هەزار کەسی دیکە لەرێگەی وەرگرتنی ڤیزای یەکساڵی و رێگەی دیکەوە چوونەتە سعودیە و بەشداری رێوڕەسمەکەیان کردووە.
بە گوتەی پشتیوان سادق، ئەمساڵ 30 حاجی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە ٢٩ کەسیان لەوانەبوون کە حەجی بێمۆڵەتیان ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا تەنها یەک حاجی لەوانەی بە فەرمی چوونەتە سعودیە گیانی لەدەستداوە.
گوتیشی، 42 فەرمانبەری وەزارەتەکە لە سعودیە خزمەتی حاجییانیان کردووە و بەدەمیانەوە بوون.
پشتیوان سادق دەڵێت، “ئەوانەی بە رێگای نافەرمی گەشتی حەجیان ئەنجامداوە هیچ پەیوەندییان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە نییە، چونکە ئەوان لە ڕێگەی کونسوڵی سعودیە بە ڤیزای یەکساڵییان پێدراوە”.
وەزیری ئەوقافی هەرێم گوتیشی، پێش دەستپێکردنی وەرزی حەج داوایان لە هاووڵاتیان کردووە جگە لەڕێگەی فەرمی بە هیچ ڕیگەیەکی دیکە گەشتی حەج ئەنجام نەکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەیان ئاگادارکردووەتەوە لە دەرەوەی رێگا فەرمییەکان هیچ هاووڵاتییەک بۆ گەشتی حەج نەبەنە وڵاتی سعودیە.