تورکیا هێرشی دەستپێکرد و ئێرانیش ئامادەکارى دەکات، ئەمە سەرگوزشتەى رووداوەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و رۆژئاڤاى کوردستانە. رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی دەڵێت، پێدەچێت ئێران هێرشى زەمینى بکاتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکی شیکاریدا، کە ئەمڕۆ، یەکشەممە بڵاویکردەوە باسی ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە، دەڵێت پێدەچێت ئێران هاوشێوەی تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، بەپاساوی دەستوەردانی دەرەکی لەنێوخۆی ئەو وڵاتە، کە پەیوەستى کردووە بە ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانەوە.
بەپاساوی دەستوەردانی دەرەکی،پێدەچێت ئێران هاوشێوەی تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجامبدات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان
لەدواى مەرگى ژینا، کچە کوردى سەقزى و سەرهەڵدان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی تاران حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بە هاندانى خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکەن، دووجاریش تاوەکوئێستا هێرشی موشەکى و درۆنیان کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە هەرێمى کوردستان.
رۆژنامەکە باسی سەردانەکەى ئیسعاعیل قائانى، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانى بۆ بەغداد کردووە، ئەو هۆشدارى هێرشی زەمینى دژى حزبەکانى رۆژهەڵات لەنێو خاکى هەرێمى کوردستان داوەتە بەرپرسانى عێراق.
رۆژنامەى عەرەبی لەندەنى دەڵێت، قسەکانى قائانی ئەو راستیە ئاشکرادەکات، کە ئێران هیچ بەهایەک بۆ عێراق دانانێت و بەرپرسانی عێراق بە کەم دەزانێت، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار.
نوسیویەتى قائانى زۆر دڵنیا بووە هیچ بەرپرسێکی عێراقی لە حزوریدا قسە ناکات و بەرپەرچی ناداتەوە، لەترسی کاردانەوەی توندی تاران بۆسەریان، هەروەک بەشێکی زۆریش لە بەرپرسانی عێراق هاوپەیمانن لەگەڵ ئێران.
عەرەبی لەندەنی رونیکردووەتەوە، سوپای پاسداران لە حاڵەتی ئەنجامدانی هێرشی زەمینیدا، روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە و رەنگە تاران لە جەنگێکی چاوەڕواننەکراوەوە تێوە بگلێنێت و توشی زیانی گەورەی بکاتەوە، چونکە بەگوتەی رۆژنامەکە ئەو ناوچانە ناوچەی شاخاوی و سەختن و تەنانەت تورکیاش شکستی هێناوە لە کۆنتڕۆڵکردنی، مەبەست لە دەڤەرى سیدەکانە.
سۆران نوری، ئەندامێکی باڵای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رۆژنامەکەی گوتوە، ئەوان بەهەموو شێوەیەک تۆمەتەکانی تاران، بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوخاکی ئەو وڵاتە رەتدەکەنەوە.
پرسی گواستنەوەى چەک و تەقەمەنى لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ نێو خاکى ئێران ماوەیەکە لەنێو میدیاکانى ئێراندا باس دەکرێت، رۆژى 9ى ئەم مانگە ئاژانسی تەسنیمى نزیک لە سوپاى پاسدارانى ئێران بڵاویکردەوە، جۆ بۆڵتن، راوێژکارى پێشووى ئاسایشی نیشتمانى ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتویەتى “گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران” لە هەرێمى کوردستان پڕچەک دەکرێن.
حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو دەنگۆ و هەواڵانە نیگەرانە، شەوى رابردوو جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی كوردستان لە رونکردنەوەیەکدا گوتى، ئەو هەواڵانەى لە چەند ماڵپەڕێکى ئێرانى بڵاوکراونەتەوە، کە باس لە بەقاچاخبردنى چەک لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن بێ بنەمان و رەتیدەکەینەوە.
ئەو دەڵێت، ئەم هەواڵانە چەندینجارە دووبارە دەکرێنەوە، حکومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەک رێگەى نەداوە و رێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمى کوردستانەوە تێکبدرێت.
ئەو هەواڵانەى کە باس لە بەقاچاخبردنى چەک لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن بێ بنەمان و رەتیدەکەینەوە