زووم:
شوان محەمەد، لە دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی گوتارێکى نووسیوە، بە ناونیشانى، دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بێ لایەن نییە..!
دەڵێت:
لەگەڵ دامەزراندنی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کە هەمووی مانگێک و چەند رۆژێکە دامەزراوە لە هەندێک ناوەندی وابەستەی حزب و کۆمپانیاکانەوە، بۆ ناشیرینکردنی چالاکییەکانی دەستەکە، جارێک تۆمەتباری دەکەن کەسەر بەم حزب و لایەنی سیاسی و جارێکی تریش بە هاندانی ئەم کۆمپانیا و ئەو کۆمپانیا کاردەکات.
جێگەی داخە هەندێک کەسایەتی رۆشنبیریش کە بڕوای بەسەرەتایترین جموجوڵ و ناڕەزایەتی نەماوە و تەئەقلومی لەگەڵ ئەو دۆخەدا کردووە کە دەسەڵات دەیەوێت و دەستیگرتووە بە کڵاوەکەیەوە، تۆمەتی جیاجیای هاوشێوەی تۆمەتی ناوەندە سیاسییەکە دادەتاشن بۆ ئەو جموجوڵەی ئێستا دژی شێواندنی گۆیژە لە ئارادایە.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە خەڵکانێکی ئەکادیمی و رۆشنبیر و کەسانی تۆکنۆکراتی خاوەن ئەزموون پێکهاتووە کە سەرجەممان لەو سەری ئەو تۆمەتانەوە هاتووینەتەوە کە دەخرێتە پاڵمان، ئەو هاوڕێیانەی ئێمە لە تەواوی بڕوایانەوە گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە حزبی و دەسەڵاتی کوردی نەک دەسەڵاتێکی نا تەندروستە، بەڵکو بێزراو ناشرینیشە، هەروەها کۆماپانیاکانیش زۆربەی هەر زۆریان خراپ سوودیان لە یاساکانی هەرێم وەرگرتووە و دەمیان ژەندۆتە سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی خەڵکی کوردستان و تەنها چاویان لە قازانجە و هیچی تر بەلایانەوە گرنگی نییە،
جا کوردستان وێران دەبێت سروشتەکەی ئەتک دەکرێت، شوێنە کەلتووریەکان دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون و باڕ و کافێ گرنگ نییە بەلایانەوە، ئەمانیش تەواوکەری کایە سیاسییەکەن و هیچیان لەوان کەمتر نییە گەر زۆرتریان نەکردبێت..
لەم حاڵەتەدا کاتێک دەسەڵاتی حوکمڕانی سیاسیی ئێستای کوردستان و دەسەڵاتە ئابووریەکەی هەرێم کە هەڵگری سەرەتایترین بەرپرسیارێتی نیین بەرامبەر ژینگە و کلتور و خەڵک و ئایندەی کوردستان، خەوشەو رسواییەکی گەورەیە دەستبژێری کۆمەڵگای ئێمە هەر لە رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و چالاکوانەوە بکەونە نێو ئەو ناکۆکییە سیاسییەی نێوان هێزەکان و شەڕی قێزەونی نێوان کۆمپانیاکان کە چەندان رۆشنبیر و کەناڵی میدیایان کڕیووە و بێدەنگ کردووە.
هەر لەم روانگەیەوە، بەڵێ دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی و تەنها و تەنها داکۆکی لە نیشتمان و سروشتەکەی و خەڵکەکەی دەکات و بێ لایەن نییە لەو دەستدرێژیانەی ئەتکی سلێمانی و کوردستان دەکات.