زووم:
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە تورکیا 34 گرتوخانەی نوێ دروست دەکرێت
یەوز یڵدرم بەڕێوەبەرى گشتیی زیندانەکانى تورکیا رایگەیاند، لە تورکیا 403 گرتوخانە هەیە و لەئێستادا 34 گرتوخانەى نوێ دروست دەکرێت.
راشیگەیاندووە 340 هەزار زیندان لە تەواوى گرتوخانەکانى تورکیا هەن. سەبارەت بە فراوانی ژوورەکانى گرتوخانەکان راشیگەیاندووە گرتوخانەکانى تورکیا بە بەراورد بە گرتوخانەکانى ئەوروپا بۆ هەر زیندانیکراوێک پێنج بۆ 10 مەتر دووجا زیاترى بەردەکەوێت.
تورکیا
چیتر دۆندرمە فێنکمان ناکاتەوە
بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی دۆندۆمە بەرزبووەتەوە، لە شوێنێکی گەشتیاریی وەک بۆدرووم نرخی سێ تۆپ دۆندرمە گەیشتۆتە 1500 لیرە، کە دەکاتە 45 دۆلار! بەهۆى هاتنى وەرزی گەرما و هاتنى رێژەیەکى زۆرى گەشتیاران لە شوێنەکانی دیکە پێشتر نرخی یەک تۆپ دۆندرمە بە 30 لیرە بوو، ئێستا بۆتە 500 لیرە دەکاتە 24 دۆلاری ئەمریکی.
ئەکشام
خواست لەسەر کڕینی درۆنی تورکیا زیادبووە
چاوەڕێ دەکرێت لە پێشانگای نمایشی درۆن و کەرەستە بەرگرییەکان کە وابڕیارە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت 150 هەزار کەس سەردانی پێشانگاکە بکەن.
بەرپرسێک رایگەیاندووە، لە رابردوودا کۆمپانیا بیانییەکان بەشدارییان دەکرد بۆ فرۆشتنى کاڵای خۆیان، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانەوە بووتەوە ئەوانەى بەشداری دەکەن بۆ کڕینی دروستکراوەکانى تورکیا دێن.
ئەڤرەنسەل
لە تورکیا زیاتر لە نۆ ملیۆن منداڵ لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
لە تورکیا زیاتر لە نۆ ملیۆن منداڵ لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، سەدا 22.1 ى منداڵان کاردەکەن تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 17 ساڵدایە. بەهۆى هەژارییەوە 442 هەزار منداڵ لە خوێندن بێ بەش بوون. لە ماوەى 11 ساڵدا 669 منداڵ لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
حەماس: ئامادەین بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان
ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، ئامادەین بۆ رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و ئاگربەستی غەزە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە.
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە ژمارەی ئەمڕۆیدا قسەکانی ئیسماعیل هەنیەی بڵاوکردەوە کە ئاماژەی بەوە کردووە، حەماس و گرووپە فەلەستینییەکان رازین بەو پێشنیازی ئاگربەستەی لە هەفتەکانی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد.
واشنتن پۆست
چەند ئەستێرەیەکی ئەمریکی بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن دەکەن
دیموکراتەکانی ئەمریکا ئاهەنگێکی گەورەیان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لۆس ئەنجلس رێکخست.
لە ئاهەنگەکەدا کە لەسەر شانۆی پیکۆک ئەنجامدرابوو، باراک ئۆبامای سەرۆکی پیشووتری ئەمریکا و ژمارەیەک ئەستێرەی بژاردەی ئەمریکا لەنێویاندا جۆرج کلۆنی، جولیا رۆبێرت و باربرا ستریساند بەشداربوون.
فاینەنشیاڵ تایمز
ماڵێک لە ئۆهایۆ بووەتە شوێنی مانەوەی کۆچبەرە ئەفریقییەکان
رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی لەبارەی ئەو ماڵەی ویلایەتی ئۆهایۆ لە ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە کە بووەتە شوێنی مانەوەی ئەو کۆچبەرە ئەفریقییانەی هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بڕۆن.
رۆژنامەکە وێنەی ئەو ماڵەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا خزمەتی 15 کۆچبەری مۆریتانی کراوە.
تەنها ساڵی رابردوو زیاتر لە 15 هەزار و 500 کۆچبەر لە مۆریتانیاوە گەیشتوونەتە ئەمریکا.
تایمز
وەزیرانی بەریتانیا داوایەک لە ریشی سوناک دەکەن
کابینەی وەزیرانی بەریتانیا داوا لە ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران دەکەن هێرشی کەسی بکاتە کیێر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکاران، چونکە پێیانوایە هیوای بردنەوەی ریشی سوناک لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا کەمە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پێش وادەی هەڵبژاردن سوپاى پاسداران دەیەوێت سەرۆکایەتى یەکلایی بکاتەوە
ئاژانسى فارس لە زارى موحسین رەزایی گەورە بەرپرسی سوپاى پاسداران و راوێژکاری ئابووریی سەرۆککۆمارى کۆچکردوو ئیبراهیم رەئیسییەوە بڵاویکردووەتەوە 200 واژۆی پەرلەمانتارانى ئێستا و خولەکانى پێشوو و گەورە بەرپرسانى سوپای پێگەشتووە، داوادەکەن پێش وادەى هەڵبژاردن هەمووان رێکبکەون لەسەر یەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان.
رەزایی گوتویەتی، ئەم هەنگاوە بۆ ئێستاى وڵاتەکەیان زۆر گونجاوە، لە لایەکی دیکەوە لە لێدوانێکى دیکەیدا بۆ ئاژانسى تەسنیمى سوپاى پاسداران رەزایی رایگەیاندووە سێ بژاردە لە بەردەستدا هەیە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە پێنج کاندیدەکە رێکبکەون لەسەر دانانى یەکێکیان بەمەرجێک لە کابینەى داهاتوودا شوێنى ئەوانى دیکە بکرێتەوە، بەڵام مەسعود پزیشکیان کە تاکە کاندیدى ریفۆرمخوازەکانە لەنێو زانکۆی تاراندا بە ئاشکرا باسی لە ژینا ئەمینى و شۆڕشەکەى کردووە و ئێستا تاکە هەوڵی سوپا ئەوەیە ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا نەیباتەوە.
عەرەبی جەدید
خزمەتگوزاریی پزیشکی لە ئوردن 60% بەرزبووەتەوە
زیاد زەعبی، نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى ئوردن رایگەیاند، کرێی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە وڵاتەکەیان لە ماوەى سێ ساڵی رابردوودا 60% بەرزبوەتەوە.
لە هەمانکاتدا راشیگەیاندوە، حکومەت بیمەى تەندورستى بۆ هاووڵاتیان دابینکردوە، جگە لەوانەش کە لە بوارى سەربازی و ئاسایشدا کاردەکەن.
خانەنشینانیش پشکیان هەیە لە بیمەى تەندروستیدا و ئەو خێزانانەش نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەگوێرەى گوتەى نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى ئوردن پێش کۆتایی ساڵی 2024 لیستى خزمەتگوزارییەکان لە رۆژنامەى فەرمی وڵاتەکەیان بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئەهرام
پارتى پارێزگاران توشى پاشەکشێی هەڵبژاردن بوون
رۆژنامەى سەندەى تەلەگراف بڵاویکردوەتەوە لە ماوەى 40 ساڵی رابوردودا پارتى پارێزگارانى بەریتانیا بە ئەندازەى ئەم هەڵبژاردنە کێشەیان نەوبوو و دەنگەکانیان هەڵنەوەریوە، کە رۆژنامەکە ناویناوە پاشەکشەى هەڵبژارن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە یەکێک لە راپرسییەکاندا پارتى کرێکاران بە 35 خاڵ لە پێش پارێزگارانەوەن و 2% ـى دەنگەکانیان زیادی کردووە بەراورد بە هەڵبژرادنى پێشوو، پارتى پارێزگارانیش 4% ـى دەنگەکانیان کەمیکردووە.
بەگوێرەى راپرسییەکەى 21%ـى بەشداربوون گوتویانە دەنگ بە پارتى پارێزگاران دەدەن ریشی سوناک سەرۆکایەتى دەکات و 60% یش گوتویانە دەنگ بە پارتى پارێزگاران نادەن.
غەد
جەنگەکانى ئەم دواییە هەڕەشەى بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى زیاتر کردووە
لە راپۆرتێکی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەى ئاشتیدا هاتووە هەوڵە دبلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنى چەکی ئەتۆمی لەدواى جەنگى ئۆکراین و غەزەوە زۆر جار رووبەڕووی شکست بوونەتەوە، بەشێک لە سەرکردەکانى جیهان جاروبار باس لە بەکارهێنانى چەکی ئەتۆمی دەکەن، تەنانەت رێککەوتنەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایشیش رێگرنەبوون لە بەرزکردنەوەى هەڕەشەى بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوەدا، ئەمەش نیگەرانى زۆری وڵاتەکانى لێکەوتووەتەوە، پەیمانگاکە ئەم حاڵەتەى بە جەنگى ساردی ئەتۆمی ناوهێناوە.