زووم..
تیمێک لە زانایان توانییان جێگرەوەیەکی کەم ئازارتر بۆ توشبووانی نەخۆشی شەکرە بدۆزنەوە تا چیدیکە ناچار نەبن هەموو رۆژێک دەرزی لەخۆیان بدەن.
ماڵپەڕی نیو ئەتلەس، توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردەوە و کۆمەڵێک زانای زانکۆی کۆڵۆمبیای بەریتانی بەشدارییان تێدا کردووە، لە توێژینەوەکەدا هاتووە، رێگەچارەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ گەیاندنی ئەنسۆلین بە کەسانی توشبووی شەکرە.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، کەسانی توشبووی نەخۆشی شەکرە جۆری یەک زیاتر لە جۆری دوو پێویستیان بە ئەنسۆلینە و لە رۆژێکدا چەند جارێک دەبێت دەرزی ئەنسۆلین لە خۆیان بدەن، بەڵام ئەم رێگە نوێیە رەنگە رزگاریان بکات لەوەی ئەو هەموو دەرزییە بەکارنەهێنن.
لەم توێژینەوەیەدا کە لەسەر ئاژەڵ تاقیکراوەتەوە، ئەنسۆلینی قەترە بەرهەمهێنراوە، بەوپێیەی پێکهاتەی ئەنسۆلین لە گەدەدا تێکدەشکێت و بەرگەی ترشەڵۆکی گەدە ناکرێت، بۆیە ئەمجارە ئەنسۆلینەکە بەشێوەی قەترە بەرهەمهێنراوە، کەسی توشبوو قەترەکە دەخاتە ژێر زمانی و راستەوخۆ لەڕێی ملولەکانی خوێنەوە دەگوازرێتەوە، گەر ئەم چارەسەرە نوێیە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا رەنگە چیدیکە توشبووانی شەکرە لە بەکارهێنانی ئەو هەموو دەرزییە رزگارییان ببێت.