رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هەڵبژاردنى پێشوەختە ناکۆکی خستووەتە نێو چوارچێوەى هەماهەنگی
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، پێویستە پێش کۆتایی هاتنى ئەمساڵ هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
دەڵێت، یەکێک لە بنەماکانى کاری حکومەتەکەى سودانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بوو، بۆیە دەنگیان پێداوە.
وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێداوە لێدوانەکەى مالیکی لەکاتێکدایە سودانى دەستکەوتى جەماوەری زۆر هەبووە و لە ئاستى چاکسازییەکانى دەوڵەتیشدا جێگە دەستى دیارە.
رەوتى حیکمە بەسەرۆکایەتى عەمارحەکیم و نەسریش بە سەرۆکایەتیى حەیدەر عەبادى پێکەوە بیرۆکەى هەڵبژاردنى پێشوەختەیان رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەى هەواڵە دزەپێکراوەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگیش ناکۆکی گەورە لەوبارەیەوە لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگیدا دروستبووە.
دەستوور
حەماس لە بەغداد نوسینگەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەکاتەوە
دواى بەدەستهێنانى رەزامەندی حکومەتى عێراق بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بزووتنەوەى حەماس بەشێوەیەکى فەرمی لە بەغداد نوسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بکاتەوە.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەى دەستووری راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى لەبارەى بوونى سەربازگە و شوێنى راهێنانى چەکدارانى حەماسەوە هەیە لە چواردەوری بەغداد ناڕاستن، بەڵام بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا لە بەغداد نوسینگەیەکی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بکاتەوە.
عەرەب
چەکى بێمۆڵەت گیانى هاووڵاتیانى عێراق دروێنە دەکات
ئارون کارب، راوێژکارى رێکخراوى سمول ئارمزی نێودەوڵەتى، کە کار لەسەر بڵاوبوونەوەى چەکى بێمۆڵەت دەکات لە جیهاندا رایگەیاند، لە عێراق لە ساڵی 2017 دا نزیکەى هەشت ملیۆن چەکى بێمۆڵەت لەدەستى هاووڵاتیاندابووە و چاوەڕێش دەکات، ئەو ژمارەیە بە رێژەى 5% زیادی کردبێت.
ئەو دەڵێت، بەمەبەستى چارەسەر کردنى دۆخەکە عێراق بەردەوام بەدواى رێگەچارەدا دەگەڕێت و هێشتا نەیتوانییوە چارەسەری بکات. ساڵی رابردوو حکومەتى عێراق 697 ناوەندى وەرگرتنى چەکی لە سەرجەم پارێزگاکان کردەوە، بۆ وەرگرتنى چەکی قورس لە هاووڵاتییان و بۆ هەر چەکێک بڕی 750 دۆلاری ئەمریکی دەدا بە هاووڵاتییان و لە بەغدادى پایتەختیش ئەو بڕە پارەیە دووبەرامبەر بوو، بەڵام نەیتوانى چەکى بێمۆڵەت لە دەستى هاووڵاتیان دەربهێنیت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، تا چەک لەدەستى هاووڵاتیاندا بێت جەنگ لە عێراق کۆتایی نایەت.
عەرەبی جەدید
گۆڕینى نەخشەڕێگەى نەوتى عێراق کێشە لەنێوان لایەنەکان دروستدەکات
هادى سەلامى، پەرلەمانتارى عێراق دەڵێت، پرۆژەى هەناردەکردنى نەوتى عێراق لە رێگەى بۆرییەوە بەنێو خاکی ئوردن لە کابینەى پێشووى حکومەتى عێراقدا شکستى هێنا و پەرلەمان دەنگى لەسەر نەدا، ئێستا بۆچى خەریکە بە بێدەنگى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکى دیکەوە زیاد هاشمى، راوێژکار و شارەزای ئابووریى عێراق رایگەیاندووە، پرۆژەى هەناردەکردنى نەوت لە رێگەى بەسرەوە مەترسی فشارى سیاسی لە داهاتوودا دروست ناکات، بەڵام کەس نازانێت ئوردن لە داهاتودا دەیکاتە فشار بەسەر عێراقەوە یان نە؟
ئەو دەڵێت، بەدورنازانرێت لەداهاتوودا ئیسرائیل دەستى بەو بۆرییانە بگات و کێشە بۆ هەناردەکردنى نەوتى عێراق بێتە کایەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، عێراق نزیکەى پێنج ملیار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ راکێشانى بۆری نەوت لە رێگەی ئوردنەوە بۆ سەر دەریاى سوور، ئەمەش نیگەرانى لایەنى عێراقییەکانى زیاتر کردووە و بەشێک لە شرۆڤەکارانیش پێیان وایە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ئوردن و میسر زیاتر دەکات.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
لە حەوت ساڵى داهاتوودا خواست لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، پێشبینی دەکات تاوەکو حەوت ساڵی دیکە خواست لەسەر نەوتی جیهان کەم دەکات و بەرهەمهێنایش بەرزدەبێتەوە، بەو هۆیەوە رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە دەمێنێتەوە، بۆیە نرخەکەى زۆر دادەبەزێت.
ئەو وڵاتانەی ئابوورییان گرێدراوی نەوتە و یەک بەرهەمین، پێویستە بنەما و ژێرخانی ئابوورییان بگۆڕن، ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانە.
ئەبرار
زریانێک لە تاران 140 رووداوی لێکەوتەوە
جەلال مەلەکی، گوتەبێژی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی تاران رایگەیاند، زریانێک لە تاران 140 رووداوی وەک کەوتنی دار و کەلوپەلی قورس و بەرد و کێبڵی کارەبایی لێکەوتووەتەوە.
ئەو دەڵێت، زیانەکان تەنها مادی بوون و زیانى گیانى نەبووە.
مەلەکی ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخستنە پێویستەکان لەسەر بنەمای هۆشدارییەکانی کەشوهەوا کراون و دەڵێت، چەند ئۆتۆمبێلێک بەهۆی کەوتنی دار و کەلوپەلی قورس تووشی زیان بوون کە هەوڵ دەدرێت قەرەبوو بکرێنەوە.
ئارمانی ئیمروز
دەستێوەردان لە جلوبەرگی ژناندا نامان گەیەنێتە رووناکی
کۆمەڵێک ژن و کچی گەنج بەشدارییان لە کۆنفرانسێکدا کرد لە ژێر ناوی “ژنانی پشتیوانی مەسعود پزشکیان” بۆ پشتیوانی لەم کاندیدە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمارى ئێران.
مەسعود پزشکیان لەم کۆڕەدا، کە ژنانی ناسراوی ئێرانی تێدابوو جەختی لەسەر دادپەروەری و مافی ژنان کردەوە و رایگەیاند، هەرگیز درۆی بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکان نەکردووە و بەرگری لە دادپەروەری و مافی خەڵک دەکات.
ئەو دەڵێت، داوای لە خەڵک کرد لە سندوقی دەنگدان توڕە نەبن و بە بەشداری لە هەڵبژادن مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن.
بەشێک لە ژنانی ئامادەبوو جەختیان لە پێویستیی دادپەروەری رەگەزی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان کردەوە و داوایان لە پزشکیان کرد، بەدواداچوون بۆ چارەسەریی کێشە و هەڵاواردنەکانی سەر ژنان بکات.
ئەسکەناس
یەک لەسەر سێی داهاتی باجی ئێران لە لایەن 800 کۆمپانیاوە دەدرێت
حەمید بێهزادی، بەرپرسی رێکخراوی کاروباری باج رایگەیاند، زیاتر لە %30ـى داهاتی باجی ئێران تەنها لە 800 کۆمپانیای گەورە وەردەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین دەستکەوتی حکومەت لە ساڵانی رابردوودا کەمکردنەوەی پشتبەستنی بودجە بە نەوت و زیادکردنی داهاتی باج بووە و کارکردن لەگەڵ سەندیکاکان و ئاسانکاریی باج بۆ خەڵک وایکردووە پەیوەندییەکی باش لە نێوان رێکخراوی باج و خەڵکدا دروستبووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
سەرکردەکانی پارتی تۆرییەکان خەریکی لۆبی کردنن بۆ شوێنگرتنەوەی سوناک
ئەو سەرکردانەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا (پارتی تۆرییەکان) کە حەزدەکەن شوێنی ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران بگرنەوە، خەریکی لۆبیکردنن بۆ ئەو پرسە.
ئەمەش لەکاتێکدایە تا دێت ترس و دڵەڕاوکێی ئەندامانی ئەو پارتە رووی لەزیادبووندایە، کە لە چواری مانگی داهاتوودا رووبەڕووی شکستێکی مێژوویی ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی نێوخۆیی ئەو پارتە دەسەڵاتدارە رووی لەزیادبووندایە و بەشێک لە سەرکردایەتیی لەدژی سەرۆکوەزیران پشتیوانیی کۆدەکەنەوە.
تایمز
شازادە کاترینی بەریتانیا سەختییەکانی چارەسەریی شێرپەنجە ئاشکرادەکات
شازادەی وێڵز، کە هاوسەری شازادەی جێنشینی بەریتانیا شازادە هارییە، بۆ یەکەمجار دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە دەرکەوت و باس لەو ناڕەحەتیانە دەکات، کە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەریی نەخۆشییەکەی پێیدا تێپەڕدەبێت.
دوای نزیکەی شەش مانگ لە توشبوونی بەو نەخۆشییە، شەوی رابردوو، شازادەی تەمەن 42 ساڵ راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵیت، بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دەڵێت هێشتا لە نەخۆشییەکە رزگاریی نەبووە.
واشنتن پۆست
ئەمریکا دەستی هاوکاری بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل درێژکردووە
ئەو هەوڵە ‘بوێر و کوشندەیەی’ هەفتەی رابردوو ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس ئەنجامیدا، پشتبەستووبوو بە ئۆپراسیۆنێکی گەورەی هەواڵگری کە ئەمریکا دەستێکی باڵای تێدا هەبوو و هاوبەشێکی گرنگی ئیسرائیل بوو.
ئەمەشی لە رێگەی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکی زۆری درۆن و وێنەی سەتەلایت ئەنجامداوە و بەشێکیانیشی لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە کۆکردووەتەوە.
عەرەب نیوز
سەرکردەکانی گرووپی7 لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە هۆشداری بە ئێران دەدەن
سەرکردەکانی گرووپی7 دوێنێ هەینی هۆشدارییان دایە ئێران، لەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى و داوایان کرد تاران دڵنیایی تەواو بدات، خواستە ئەتۆمییەکانی تەواو ئاشتییانەن.
ئێران لەئێستادا بەرێژەی 60% یۆرانیۆمی پوختەکراو بەرهەمدەهێنێت، کە زۆر نزیکە لەو 90%ـى بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەبوونی پێداویستیی تەواو بۆ درووستکردنی سێ چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
جەهەپە کۆبوونەوەى جەماوەى بۆ کەمدەرامەتەکان ئەنجامدەدات
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگاى تەکیرداغ رایگەیاند، ئەگەر بێت و رێژەى مووچەى خانەنشینان زیاد نەکرێت، لەسەرتاسەرى تورکیا کۆبوونەوەى جەماوەرى لەژێر دروشمی “ناتوانین ژیان بەڕێبکەین” ئەنجامدەدەین.
سۆزجو
ئەم جەژنە کەس ناتوانێت قوربانی بکات
چوار ساڵ پێش ئێستا نرخی ئاژەڵێک بۆ قوربانی هەزار لیرە بوو، ئێستا 12 هێندە نرخەکەى بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 12 هەزار لیرە.
چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی بەرزبونەوەى نرخی گۆشت لەم جەژنەدا 20%ـى قوربانییەکان کەم ببێتەوە.
یەنی شەفاق
ئیسپانیا دەبێتە جێگرەوەى ئابووریی ئیسرائیل
لە دواى راگرتنى تەواوى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانى نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە بەهاکەى پێنج ملیار دۆلارە، لەئێستادا تورکیا رێژەى هەناردەى کەلوپەلەکانى بۆ ئیسپانیا زیادکردووە، ئەوەش وەک جێگرەوەی ئیسرائیل.
تورکیا رێژەى بازرگانى لەگەڵ ئیسپانیا لە 20 ملیار دۆلارەوە دەگەیەنێتە 30 ملیار دۆلار.
هاوکات ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی خۆى بۆ غەزە دەربڕیوە.
میللییەت
کەناراوەکانى ئەستەنبوڵ بۆ جەژن ئامادەیە
بەگوێرەى راپۆرتێک خاوێنترین کەناراوەکانى ئەستەنبوڵ ئەمانەن؛ سیلسڤری، ئەدەڵار، شیلە، ئەڕنەوتکۆی، چاوەڕێ دەکرێت بەهۆى پشووی جەژنەوە خەڵکی زۆر سەردانى کەناراوەکان بکەن، نرخی یەک کەس بۆ چونەناوەوەى کەناراوەکانى جادەبۆستان 60 لیرەیە، بۆ خوێندکاران 30 لیرەیە.
لە هەندێک کەناراوى ئەستەنبوڵ نرخەکە بۆ یەک کەس دەگاتە 150 لیرە، کە دەکاتە سێ دۆلار.