زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عەلاوی: ساڵی 2010 بایدن سەردانی كردم بۆ ئەوەی رێگربێت ببمە سەرۆكوەزیرانی عێراق
ئەیاد عەلاوی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، ئەو نهێنییانە ئاشكرادەكات، كە لەپشت رێگریكردنییەوە بوو لەوەی پۆستی سەرۆكوزیران وەربگرێت، سەرەڕای بردنەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2010.
عەلاوی جەخت لەوە دەكاتەوە جۆ بایدن، داوای لێكردووە لەبری پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، پۆستی سەرۆككۆماری عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەو پێی گوتوە نەخێر ئەو پێشنیازە بەربەستی زیاتر بۆ عێراق دروستدەكات.
عەرەبی جەدید
ئەمریكا فشار لە میسر دەكات بۆ كردنەوەی دەروازەی رەفەح بەشێوەیەكی جیاواز
سەرچاوە میسرییەكان كە چاویان لەسەر قاهیرەیە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەرتی غەزە، باس لەوە دەكەن، پەیوەندیی و گفتوگۆی ئەمەریكا و بەرپرسانی میسر هەبووە بۆ تاوتوێكردنی گەیاندنی چەند بارێكی هاوكارییە مرۆییەكان لە رێگەی وشكانیی میسرەوە بۆ كەرتی غەزە، بەشێوازێكی جیاوازتر لەوانی دیكە، ئەوەش بە مەبەستی فریاكەوتنیان لەو قەیرانە مرۆییەی دانیشتوانی كەرتی غەزە، رۆژانێكی كەمی بەر لە جەژنی قوربان تێیكەوتوون.
عەرەب
بەشداریكردنی دامەزراوە قەتەری و كوەیتییەكان لە گۆڕینی ناسنامەی عەفرین، كوردانی سوریای نیگەران كردووە
ئەو دامەزراوە قەتەری و كوەیتییانەی هەستاون بە كردنەوەی چەند كەمپێكی ئاوارە بۆ توركمان و عەرەبەكان لە عەفرین و سەر سنووری نێوان توركیا و سوریا، ئیدارەی خۆسەری كوردانی لە باكووری سوریا نیگەران كردووە.
ئیدارەی خۆسەر ئەو هەنگاوانە بە پشتیوانیكردنی سیاسەتەكانی توركیا لێكدەداتەوە، كە بە نیازە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت كە زۆرینەی كوردن.
جەریدە
رێزلێنانی پادشایی بۆ قوربانیانی ئاگرەكەی كوەیت
جێگری یەكەمی سەرۆكوزیرانى کوەیت، فەرمانێكی شاهانەی بۆ قەرەبووكردنەوەی خێزان و كەسوكاری ئەو قوربانیانە پەسەند كرد، كە بەهۆی رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی كوەیتەوە گیانیان لەدەستدا.
لە رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەدا 49 كرێكار گیانیان لەدەستدا. شێخ میشعەل ئەحمەد، پادشای كوەیت، فەرمانی كردووە کەسوکارەکانیان قەرەبووى مادی بکرێنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
وڵاتانی گرووپى7 رازی بوون 50 ملیار دۆلار قەرزی پاڵپشتیکراو لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا بدەن بە ئۆکراین
سەرکردەکانی گرووپی7 گەیشتوون بە رێککەوتنێک بتوانن سوود لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا وەربگرن، بۆئەوەی یارمەتیی ئۆکراینی پێبدەن، ئەگەرچی خۆشیان لەنێو خۆیاندا لەسەر سیاسەتە ناوخۆییەکانیان ناکۆکییان هەیە.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێو هەرێمی پوولیای ئیتالیادا هەموو لایەنەکان رێککەوتن بڕی نزیکەی 50 ملیار دۆلار قەرزی پاڵپشتیکراو لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا بدەن بە ئۆکراین
دەیلی تەلەگراف
بۆ یەکەمین جار ریفۆرمخوازەکان بەسەر پارێزگاراندا سەردەکەون
لەدواى چرکەساتی مێژوویی راگەیاندنی ئەنجامەکانی راپرسییەکی ئاژانسی یووگۆڤ، فارەیج گوتی، ئەوە ئیدى ئێستا کاتی ئێمەی ریفۆرمخوازەکانە.
لە ئەو راپرسییەی یوگۆڤدا پارتەکەی فارەیج، کە ریفۆرمخوازەکانە رێژەی 19%ـى دەنگەکانی بەەستهێنا و بەمەش کەوتە پێشی پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەواوە، چونکە ئەوان رێژەی 18%ـیان بەدەستهێنا، بەڵام پارتی کار هەردوولایانی تێپەڕاند و رێژەی 37%ـى دەنگەکانی بەدەستهێنا.
ئیندیپێندەنت
ستارمەر گاڵتە بە پارێزگاران دەکات، ئیدى سەردەمی ئەو پارتەیە کە گوتی وڵاتەکە دەوڵەمەند دەکەم
بۆ جاری دەیەم تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی پارتی کارەوە. ئەم پارتە بەڵێنیداوە گەشە بە ئابووری بدات، بەبێ ئەوەی باجی سەر تاکەکەسەکان زیاد بکات، لە راپرسییەکی شۆکهێنەردا بۆ یەکەمجار ریفۆرمخوازەکانیش کەوتنە پێشی پارێزگارانەوە. سێر کەیر ستارمەر، سەرکردەی یەکەمی پارتی کار گوتی، حزبەکەیان لە ئێستاوە و بۆ لەمەودوا ئەو حزبە نابێت، تەنها باسی باج وەرگرتن و خەرجییەکان بکات، بەڵکو دەبێت بە پارتی دروستکردنی سەرمایە بۆ وڵات. ئەم پارتە بە متمانەوە باسی سەرکەوتنی خۆی کرد.
واشنتن پۆست
لە روسیا پەیامنێرێکی ئەمریکی لەسەر بابەتى سیخووڕی دادگایی دەکرێت
ئیڤان گرێشکۆڤیچ، رۆژنامەنووسی ئەمریکی، کە پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵە، بەمزووانە لەنێو شاری یەکاتەرینبرەی روسیا لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت و لەوێ تۆمەتی ئەوەی دەدرێتەپاڵ، کە سیخووڕیی بۆ ئاژانسی سی ئای ئەیی ئەمریکی کردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەرپرسانی روسی راستیی ئەم رووداوەیان سەلماند و جەختیان لێی کردەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیشیان لەسەر تاوانباربوونەکەی پێشکەش نەکرد.
گرێشکۆڤیچ، تەمەنی 32 ساڵە، مانگی ئازاری ساڵی رابردوو دەستگیرکراوە. لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکدا بۆ رۆژنامەکەی کاری کردووە، ئاژانسی ئاسایشی فیدراڵیی روسیا دەستگیری کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سەرۆکی جەهەپە وەڵامی باخچەلی دەداتەوە
سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ لاى سەرۆکی جەهەپە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی نیگەران کردووە.
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، ئەگەر دەوڵەت باخچەلی لە هاوپەیمانێتی خۆى لەگەڵ ئاک پارتى بەناوی هاوپەیمانی جمهوور ناڕازییە، ئەوا دەتوانێت بێتە نێو هاوپەیمانێتی تورکیاوە و لەگەڵ ئێمەدا رێککەوتن بکات.
یەنی ئاکیت
658 هەزار پەنابەرى سوری لە تورکیا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان
عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لەماوەى یەک ساڵدا 658 هەزار پەنابەرى سوری گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.
ئەو دەڵێت، گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ وڵاتی خۆیان لەسەر ویستی خۆیان بووە.
میللییەت
گەرمای هاوین نرخی دۆندرمە لە تورکیا بەرزدەکاتەوە
لەگەڵ هاتنى وەرزی هاوین، نرخی دۆندرمە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکان هاووڵاتییەک بۆ دوو تۆپ دۆندرمە هەزار و 50 لیرەى داوە، کە دەکاتە 33 دۆلاری ئەمریکی!
لە ئەستەنبوڵ نرخی تۆپێک دۆندرمە 150 لیرەیە، بەڵام لە شوێنە گەشتیارییەکانى وەک بۆدروم، ئەنتاڵیا نرخی تۆپێک دەگاتە 500 لیرە، واتە 15 دۆلار.
لە هەندێک لە شوێنەکاندا پارەى کلێنیس و پسکیتی دۆندرمەش بەجیا وەردەگرن.
تورکیا
655 پاس بۆ حاجیانی تورک تەرخان کراوە
لایەنە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاندووە، 85 هەزار هاووڵاتی تورکیا بە مەبەستی سەردانى کێوی عەرەفە 655 پاسیان بۆ تەرخان کراوە. هەروەها 500 چادریان بۆ دانراوە، کە فێنککەرەوەی تێدایە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە لەمساڵدا 17 هاووڵاتی تورکیا لە کاتى بەجێهێنانى حەجدا گیانیان لەدەستداوە.