زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئابووریى ئیسرائیل بەرگەى بەردەوامى جەنگ ناگرێت
ئابووریناسان و بەشێک لە وەزیر و پەرلەمانتارانى ئیسرائیل، لەبارەى درێژەدان یان فراوانبوونى جەنگى نێوان ئیسرئیل و حەماس هوشدارییەکى توندیان داوە بە حکومەتەکەى نەتانیاهۆ و رایانگەیاندووە، لەو دوو حاڵەتەدا ئابووریی وڵاتەکەیان ئەوەندە خراپ دەبێت، کە لە داهاتوودا تواناى دانەوەى قەرزەکانى نەبێت.
رۆژنامەى زی مارکەرى عیبری لە زارى ئەمیر یارون، پارێزگاری بانکی ناوەندیى ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، جەنگەکە تاوەکو سەرەتاى 2025 زیاتر لە 250 ملیۆن شیقڵى تێدەچێت، ئەوە لە کاتێکدا یەک دۆلارى ئەمریکى یەکسانە بە 3.6 شیقڵى ئیسرائیلى.
ئابووریناسانى ئیسرائیل رایانگەیاندووە، تائێستا خەرجى جەنگەکە لە بودجەى ئەمساڵى وڵاتەکەیان بەڕێژەى 7.2% بووە و چاوەڕێ دەکەن بگاتە 8% و ئەم رێژەیەش ئێجگار زۆرە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەردەوامى یان فراونبوونى جەنگەکە ئەوەندە کاریگەریی لەسەر ئیسرائیل دەبێت، کە نەتوانێت قەرزەکانى بداتەوە.
سەباح
لە بەغداد توندوتیژیی خێزانى زیاتر دەبێت
وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 31%ـى توندوتیژییە خێزانییەکانى عێراق لە بەغدادى پایتەختە، تەنها لە ماوەى ئەمساڵدا 14 هەزار سکاڵاى فەرمی لەوبارەیەوە تۆمارکراون.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، زۆرینەى سکاڵاکان ئازاردانى جەستەیی بوون، راشیگەیاند، بەگوێرەى بەدواداچونێکیان لە ماوەى پێنج ساڵی رابردوودا توندوتیژییەکان زۆر هەڵکشاون و هۆکارەکانیش ئابووری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، تێگەیشتنى هەڵە لە ئایین، بێکاری و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت، پەیوەندییەکانى دەرەوەى خێزان و هاوسەرگیری، کە پێی دەگوترێت خیانەتى هاوسەری لە زیادبووندایە.
ئەو دەشڵێت، لەنێو پیاواندا خواردنەوەى مەى و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر زۆر زیادیکردووە.
دەستور
هوشداری لە بەکارهێنانى یارییە ئاگرینەکان دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى کەربەلا لە ئاگادارییەکدا رایگەیاندووە، بەکارهێنانى یارییە ئاگریینەکان و لێزەر زیانی گەورە بە منداڵان دەگەیەنێت، بەتایبەتى مەترسی لەسەر سوتانى پێست و گلێنەى چاو دروستدەکات و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی لەدەستدانى چاو.
د. ماجد مەیالی، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى کەربەلا دەڵێت، بەکارهێنانى یارییە ئاگرینەکان و بەتایبەتى ئەوانەیان ساچمەیان تێدایە، نازانرێت بە چ ئاراستەیەک دەڕوات.
ئەو دەڵێت، ئەو لایتە لێزەرییانەی بەشێوەیەکى هەرزان لە بەردەستدایە زیانى زۆر لە چاوى منداڵان دەدات، تاڕادەى کوێری کاریگەرییان هەیە.
مەیالى رایگەیاندوە لە جەژنى رەمەزاندا لە سنورى پارێزگاکەیان 250 حاڵەت سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە، بۆیە پێویستە خێزانەکان هاوکارى هێزە ئەمنییەکان بکەن، بۆ کەمکردنەوەى ئەو دیاردە ناشارستانى و ناتەندورستە.
عەرەب
تێپەڕبوونى هێڵى گەشەپێدان بە هەرێمى کوردستاندا نیگەرانى لایەنە عێراقییەکانى لێدەکەوێتەوە
دواى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا و محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق واژویان لەسەر رێگەى گەشەپێدان کرد، لەنێو گۆڕەپانى سیاسیی عێراقیدا کێشەى دروستکردووە، بەتایبەتى ئەو بەشەى دەکەوێتە سنوورى هەرێمى کوردستانەوە.
بەشێک لەو لایەنە عێراقییانەى نزیکن لە ئێران نیگەرانى ئەوەن ئەو دەروازەیەى، رێگەکە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە دەکەوێتە “سنوورى ژێر دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستان” کە وەک رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەگەڵ ئێران کۆک نین و هەندێکجار پێچەوانەى ئەجێنداکانى ئێران لە عێراق هەڵسوکەوت دەکەن.
گوتەبێژى یەکێک لەو لایەنانە رایگەیاندووە، حکومەتەکەى سودانى دەسەڵاتى بەسەر سنوورەکانى هەرێمى کوردستاندا ناڕوات، ئێستا ئەم دەروازە گەورەیەشى بێتەسەر.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندەنت
ئایا ئەمە ئەو رۆژەیە ئیدى پارێزگاران دەستیان لە هەموو شتێک شت؟
وەزیرێکی سەر بە پارتی پارێزگارانى بەریتانیا بە فەرمی دانی بەوەدا نا، کە دەزانێت پارتی کار زۆرینە بەدەستدەهێنن و داوای لە دەنگدەرانی خۆیان کرد، فریابکەون کارێک بکەن ئەو ئەنجامە بگۆڕن.
پاش ئەو، ریشی سوناکی سەرەکوەزیران گوتی، من سارد نەبوومەتەوە و وازم نەهێناوە”.
ئەو ئاماژانەی لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەردەکەون دەڵێن، کەیر ستارمەر، سەرۆکى پارتى کرێکاران براوەی سەرەکی دەبێت، ئەو بەڵێنیداوە سەرمایە بۆ وڵاتەکە دروست بکاتەوە.
عەرەب نیوز
ئیسرائیل و حەماس هەردوولایان تاوانبارن، تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە
رۆژی چوارشەممە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى جەنگى غەزە بڵاوکرانەوە و دەڵێت، هەردوولایەتى ئیسرائیل و حەماس تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان لە جەنگى غەزە ئەنجامداوە.
ئەو ئەنجومەنەی نەتەوەیەکگرتووەکان رایسپاردبوو لێکۆڵینەوە لە کێشە و شەڕەکانی نێو کەرتی غەزە بکات لە راپۆرتەکەیدا گوتویەتی، هەردوولایەنى شەڕەکە، ئەشکەنجەی خەڵکیان داوە، بە مەبەست خەڵکیان کوشتووە، مامەڵەی زبریان بەرامبەر هەزاران کەس کردووە، هەر لەسەر ناسنامە چەندین کەسیان کوشتووە.
گەڵف نیوز
49 کرێکار لە ئاگرەکەی نێو تەلارەکەی کوەیتدا سووتان
لەنێو ژووری چێشتخانەی نهۆمی شەشەمی تەلارێک لە کوەیت ئاگرکەوتەوە و بڵاوبووەوە بۆ نهۆمەکانی دیکە، بەهۆیەوە 49 کەس گیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون. بەرپرسانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەڵێن، قوربانییەکان هەموویان کرێکارن.
ئاگرەکە لە نهۆمی شەشەمی تەلاری مەنگەفەوە دەرچوو، لەکاتی رووداوەکەدا 195 کەس لەنێو تەلارەکدا بوون، هەموویان کرێکاری یەک کارگەن. ئەو کەسانەی لە نزیکی رووداوەکە بوون دەڵێن، ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە نهۆمی پێنجەمەوە لە ترسی ئاگر خۆیان بەرداوەتە خوارەوە بۆ سەر زەوی و گیانیان لەدەستداوە.
واشنتن پۆست
دادگا تیشکی نوێ دەخاتە چرکەساتە تاریکەکانی خێزانی بایدن
جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا، عەزییەکی شینی ناسکی لەبەردابوو، دەستماڵێکیشی دابوو بەسەر شانیدا، لەسەر یەکێک لە کورسییە نەرمەکانی نێو دادگادا دانیشتبوو، ئەو دانیشتنەی دواى ماوەیەکی کەم بوو لە گەڕانەوەکەی لە گەشتێکیدا لەگەڵ جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمریکا، کە چووبوونە پاریس.
جیڵ بایدن چاوی هەر لەسەر کوڕەزاکەی بوو، کە ناوی نائومی بایدنە، لەوکاتەدا نائومی وەڵامی چەند پرسیارێکی بێزارکەری دەستەی دادوەرانی لەبارەی باوکیەوە دەدایەوە.
دایەگەورە سەیری کوڕەزاکەی دەکرد، کاتێک لێیان دەپرسی ئایا ئاگاداریت، باوکت ماڵەکەتانى فەرامۆش کردووە و مادەى هۆشبەرى بەکارهێناوە؟ چونکە گومان لەسەر ئەوەش هەیە، نائومی خۆشی لەوە بەدەر نەبێت، کە مادەى هۆشبەرى بەکارهێنابێت. ئەم چرکەساتانە بۆ تەواوی خێزانی بایدن قورس و بەرگەنەگیراو بوو، بۆیە زۆریان فرمێسک بەچاویاندا دەهاتەخوارەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
لە ئەستەنبوڵ نرخی پارککردنى ئۆتومبێل زیادکرا
گەورەشارەوانیی ئەستەنبوڵ نرخی وەستانی ئۆتومبێل لە پارکەکان بە رێژەى 35% زیادکرا.
بە زیادکردنى ئەم رێژەیە نرخی یەک کاتژمێر وەستانی ئۆتومبێل لە پارکەکان لە 52 لیرەوە کرا بە 70 لیرە، کە دەکاتە نزیکەى دوو دۆلار.
میللییەت
بانکێک لە تورکیا لە 17 ساڵدا 17 ملیۆن کتێبی بەخشیوە
بانکی کار لە تورکیا، بانکێکی ناسراوی ئەهلییە، تەمەنی 100 ساڵە و تائێستا خاوەن گەورەترین پڕۆژەى کتێبە.
ئەم بانکە سەرەڕای ئەوەی کارى مامەڵەی دراو دەکات، هاوکات ساڵانێکە بەناوى “ئەنجامی تاقیکردنەوەکەت نیشانبدە و کتێبەکەت ببەرەوە بۆ خوێندکاران” پڕۆژەیەکى هەیە، لەماوەى 17 ساڵدا 17 ملیۆن کتێبی بە خوێندکاران بەخشیووە.
تورکیا
مەهەپە پشتیوانى لە دیدارەکانى ئاک پارتى و جەهەپە دەکات
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پێویستە هاوپەیمانیی کۆمار فراوانتر بکرێت.
باخچەلی دەڵێت، پشتیوانى لە دیدارەکانى نێوان ئاک پارتى و جەهەپە دەکەم.
قەرار
لە تورکیا منداڵى ئیشکەر روو لە زیادبوونە
بەگوێرەى ئامارێکى دەزگاى ئامارى تورکیا، رێژەى منداڵانی هەژار 31.3%ـیە.
ژمارەى ئەو مناڵانەى کاردەکەن لە ماوەى چوار ساڵدا 258 هەزار منداڵ زیادیکردووە، لە ساڵى 2023 گەیشتووەتە 759 هەزار.
لە تورکیا لە پێنج منداڵ یەکیان کاردەکەن، لەنێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2022 لە تورکیا 191 منداڵ لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە. لەماوەى پێنج مانگدا 80 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
دوای بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای کرد، ئێران هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانیان لەبارەى چالاکییە ئەتۆمییەکان بگرێتەبەر.
گەشتەکانی ئەم دواییەی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەرى گشتیی ئاژانسی وزەى ئەتۆم، بۆ ئێران بەرهەمدار نەبوون و رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی بە “توێکڵێکی بەتاڵ” وەسف کرد.
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، چەندینجار رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئەوانیش بەدوای بۆمبی ئەتۆمیدا دەگەڕێن و ناوچەکە تووشی کێبڕکێی چەکی ئەتۆم دەبێت.
ئیقتسادی ئیمروز
ئێرانییەکان رۆژانە 25 خولەک دەخوێننەوە
محەممەد سادق دێهنادی، جێگری سەرۆکی دەزگای نیشتمانیی یارییە کۆمپیوتەرییەکان لە ئێران رایگەیاند، تێکرای ئێرانییەکان رۆژانە 25 خولەک دەخوێننەوە، بەڵام 95 خولەک یاری کۆمپیوتەر دەکەن.
دێهنادی لە شاری سنە باسی لەوە کرد، کە یارییە کۆمپیوتەرییەکان پلەی دووەمیان لە بەکاربردنی فەرهەنگی لە ئێراندا هەیە، کە 34 ملیۆن یاریزان و پێنج هەزار یاریی ئێرانی لە بازاڕی ئێستای وڵاتەکەدا هەن.
هەروەها 41%ـى خەڵکی ئێران له یارییه کۆمپیوتەرییەکاندا چالاکن و بەکارهێنانی یارییەکان زیاتر لەو پارێزگایانەی ئابوورییان لاوازتره خەڵکی رادەکێشێت.
دروشمی فەرهەنگی ئەمساڵی ئێران بریتییە لە “خۆشی خێزانی لەگەڵ یارییە ئێرانییەکان”.
مەردوم سالاری
کڕینی گەنم لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە چوار ملیۆن تۆنی تێپەڕاند
سەعید راد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بازرگانیی ئێران رایگەیاند، گەرەنتی کڕینی گەنم لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە چوار ملیۆن تۆنى تێپەڕاندووە و لە ئەمساڵدا 37 هەزار تۆن گەنم زیاتر لە ساڵی رابردوو کڕدراوە.
بەهای گەنمی کڕدراو نزیک بووە لە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، لەو بڕە پارەیەش نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارە خراوەتە سەر هەژمارى جووتیاران.
پارێزگای خوزستان بە بەرهەمهێنانی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم لە پلەی یەکەمی بەرهەمهێناندایە.
کەیهان
گەشەی ئابووریی ئێران ژمارەی پێوانەیی 7 ساڵەی شکاند
راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات ئابووریی ئێران لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی 6% گەشەی کردووە، کە بەرزترین رێژەیە لە حەوت ساڵی رابردوودا.
گەشەی بەرهەمی ناوخۆ بەبێ نەوت 3% بووە، کەرتی نەوت بە رێژەی 20% پیشەسازی 7% زیادیکردووە.
هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە رێژەی 13% زیادی کردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، حکومەت بە باشترکردنی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری لە چەقبەستوویی هاتە دەرەوە.