زووم…
هەنتەر بایدن، کوڕی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، لە دادگایەکى وڵاتەکە، بە “تاوانبار”ـى هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت ناسێندرا، بەوەش بایدن بوو بە یەکەم سەرۆکى ئەمریکا کوڕێکى بە “تاوانبار” بناسێندرێت. ئەو لەبارەى سزادانى کوڕەکەى دەڵێت،”بڕیارەکەى دادگام قبووڵە”.
دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە دانیشتنی دادگای ویڵمینگتن لە ویلایەتی دێڵەوێر، هەنتەر بایدنی تەمەن 54 ساڵ بە سێ تۆمەتی جیاواز وەک تاوانبار ناسێندرا و لەدوای بڕیاری دادگاش رایگەیاند، “بە بڕیارەکە بێئومێد بووم”.
تۆمەتەکان چین؟
هەنتەر لە دادگا سێ تۆمەتی لەسەر بوو، دوانیان پەیوەندی بە پێدانى زانیاری ناڕاست و “درۆکردنەوە” هەبوو. هەنتەر لە کاتی کڕینی چەکێک لە ساڵی 2018 لەبارەی ئالوودەبوونی یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، فۆڕمێکى پڕکردووەتەوە و ئەو زانیارییانەى نووسیوە. تۆمەتی سێیەمیش لەبارەی هەڵگرتنی چەکەوەیە لەکاتی بەکارهێنان یان ئالوودەبوونی بە مادەی هۆشبەر.
لە تشرینی یەکەمی 2018 هەنتەر لە پێشانگایەکی چەک و تەقەمەنی دەمانچەیەکی جۆری (کۆڵت کۆبرا) دەکڕێت و ماوەی 11 رۆژ لای خۆی دەیهێڵێتەوە، دواتر لەلایەن کچەهاوڕێی پێشووی بەناوی هەیڵی لە بارهەڵگرەکەیدا دەدۆزرێتەوە و فڕێ دەدرێت.
سزای کوڕی سەرۆکی ئەمریکا چی دەبێت؟
هەرچەندە بە فەرمی هەنتەر سزای بۆ دیارینەکراوە، بەڵام بەگوێرەی یاسا، دادوەری دۆسیەکە دەبێت لە ماوەی 120 رۆژدا سزاکە دیاری بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، رەنگە زیندانی بکرێت، کە زۆرترین ماوەی سزاکەی 25 ساڵە و سزای پێبژاردنی 750 هەزار دۆلاری بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکەم تاوانییەتی پێناچێت سزایەکی قورس بدرێت و رەنگە زیندانیش نەکرێت.
بایدن،”قبووڵمە”
لەدوای بڕیاری دادگا، جۆ بایدن رایگەیاند، “من سەرۆکم و لەهەمان کاتیشدا باوکم، من و جیل (هاوسەری بایدن) کوڕەکەمان خۆشدەوێت و زۆر شانازی پێوە دەکەین، دەرئەنجامی دۆسیەکەم قبووڵە و بەردەوام دەبم لە رێزگرتن لە پرۆسەی دادوەریی وڵات.”
بڕیارەکەی دادگا لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا لە رکابەرییەکی سەختدایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و رەنگە دۆسیەی کوڕەکەی زیان بە کەمپینی هەڵبژاردنەکەی بگەیەنێت، بەوپێیەی کێشە یاساییەکانی هەنتەر بایدن تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبن، لەکاتێکدا لە سەرەتایی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵات بەڕێوەدەچێت.
هەنتەر بایدن چ دۆسیەیەکی دیکەى یاسایی لەسەرە؟
لە دانیشتنی دادگا، دوو شایەتحاڵ قسەیان کردـ یەکێکیان کاسلین بوڵ، هاوسەری پێشووی هەنتەر و زۆوی کێستان، کچەهاوڕێی پێشووتری هەنتەر بوون. هەردووکیان باسیان لەوە کرد، ئالوودەی مادەی هۆشبەر بووە و بەشێوەیەکی بەردەوام لە چەند شوێنێک بەرکاریهێناوە. چەندین نامەش خرانەڕوو، کە باس لە ئالوودەبوونی دەکەن، بەشێک لە نامەکان وێنەی هەنتەری تێدایە لەکاتی ئالوودەبووندا.
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، هەنتەر بایدن دانیشتنێکی دیکەى دادگای هەیە، لەبارەی خۆدزینەوە لە پێدانی باج، کە بڕەکەی 1.4 ملیۆن دۆلارە و سزای ئەو تاوانە 17 ساڵ زیندانییە.
ترەمپ لەبارەی دۆسیەکەی هەنتەر چی دەڵێت؟
کەمپینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە راگەیاندراوێکدا لە دوای بڕیاری دادگا رایگەیاند، “دادگایکردنەکە هیچ نەبوو، جگە لە چاوپۆشیکردن لە تاوانە راستەقینەکانی بنەماڵەی بایدن”.
بە تاوانبارناساندنی کوڕەکەی بایدن، تەنها دوای چەند هەفتەیەک لە دادگاییکردنەکەی ترەمپ دێت، کە بە 34 تۆمەتی جیاواز تاوانبارکرا، لەبارەی پێدانی بەرتیل بە ئەکتەرێکی پۆرنۆگرافی لەکاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی 2016.