زووم:
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفاق
لە رێگەى فڕۆکەخانەى سلێمانیەوە هاوکارى پەکەکە دەکرێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، تورکیا زانیویەتى ئێران 50 درۆنی لە رێگەى فڕۆکەخانەى سلێمانییەوە داوە بە پەکەکە، درۆنەکان لە رێگەى فڕۆکەى مەدەنییەوە هێنراونەتە سلێمانى.
بەگوێرەى رۆژنامەکە سەرچاوە ئەمنییەکانى بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیارییان داوە، هەندێک لە پارچەکانى ئەو درۆنانە لە ئەڵمانیاوە هێنراون، ئەوەش زانراوە نزیکبوونەوەى حزبەکەى تاڵەبانی و پەکەکە بە ویستی ئەمریکا بووە.
قەرار
سەرۆکی ئی پارتی رەخنە لە ئاکشنەر دەگرێت
موسەفات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئی پارتى، سەبارەت بە سەردانەکەى مەرال ئاکشنەر سەرۆکی پێشووی پارتەکە بۆ لاى ئەردۆغان دەڵێت، نابمە فەرمانبەرى هیچ کەسێک، پێویست بوو ئەردۆغان منى وەک لایەنێکی سیاسیی بانگهێشت بکردایە.
دەڵێت، سەردانەکە بە گونجاو نابینم، رێگەش نادەم پارتەکەم پەرتەوازە بکەن.
یەنیچاخ
بەهۆى گرانییەوە کەمدەرامەتەکانى تورکیا ناتوانن جەژن بکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژنى قوربان، نرخی چوون و گەڕانەوەى بلیتی پاس گەیشتووەتە چوار هەزار و 600 لیرە، دەکاتە نزیکەى 141 دۆلار.
ئەوانەشی بە ئۆتومبێلی خۆیان گەشت دەکەن لانیکەم دەبێت چوار هەزار لیرە بدەن بە بەنزین، کە دەکاتە 120 دۆلار.
رۆژنامەمەکە نووسیویەتى، نرخی ئاژەڵی بچوک بۆ قوربانی لە 13 هەزار لیرەوە دەستپێدەکات، کە دەکاتە 400 دۆلار، لەم گرانییەدا هاووڵاتیان دەڵێن،”جەژن بە ئێمە چی!”
ئەکشام
لە 199 وڵاتەوە گەشتیار دێنە ئەستەنبوڵ
لە چوار مانگی ئەمساڵدا، لە کۆی 199 وڵاتەوە پێنج ملیۆن و 244 هەزار و 936 گەشتیار سەردانى ئەستەنبوڵیان کردووە.
بەگوێرەى ئامارەکان لەمساڵدا رێژەى هاتنى گەشتیار 10% زیادیکردووە. روسەکان و ئەڵمانەکان زۆرترین رێژەى گەشتیار پێکدەهێنن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کێشەى کەرکوک چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بەڵام کێشەى دیالە بەردەوامە
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، حزبەکەى رەزامەندی نواندووە پۆستى پارێزگارى کەرکوک هەر دوو ساڵ جارێک بدرێت بە پێکهاتەیەک.
ئەو دەڵێت، ئەم کارە لەگەڵ بیروباوەڕی سەرکردەى کۆچکردوو جەلال تاڵەبانى تەبایە، کە پێکەوەژیان مسۆگەر دەکات.
بەڵام کێشەى دیالە وەکو خۆیەتى، پێکهاتەى سونە رەتیدەکاتەوە پارێزگاری دیالە بۆ شیعەکان بێت، ئەمەش بۆ ئەو ململانێ گەورەیە دەگەڕێتەوە، کە لە دواى 2006ـەوە سەدان کەس لەنێوان هەردوو مەزهەبەکەدا کوژران و ئەوەش متمانەى نێوانیانى بەتەواوى کەمکردووەتەوە.
دەستور
ئێران سنورێکى دیکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکاتەوە
محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ئازەربایجانى رۆژئاوا رایگەیاند، لەدواى سەردانى شاندى بازرگانیى وڵاتەکەی بۆ عێراق و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانى عێراقی، ئێران رەزامەندى نواندووە لەسەر کردنەوەى دەروازەیەکى نوێ لە سیدەکان، کە دەکەوێتە سنوورى شارى سەردەشتى ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا سەرقاڵی کارەکانى ئەو سنوورەن، بەتایبەتى راکێشانى رێگەوبان.
وەک ئەو بەرپرسە ئێرانییە رایگەیاندووە، دەروازە نوێیەکە، جگە لە کارى بازرگانى، کارى هاتوچۆی هاووڵاتییانیش ئاسان دەکات
سەباح
ئابووریى عێراق بەرەو گەشەکردن دەچێت
غازى شەبیکات، سەرۆکی سندوقی دراوى نێودەوڵەتى رایگەیاند، بەگوێرەى ئەو پلانەى حکومەتى عێراق دایناوە ئابوورییەکەى بەرەو گەشانەوە دەچێت.
شەبیکات چارەسەرەکانى حکومەت بۆ کێشە داراییەکان چارەسەرى گونجاون و حکومەتیش مکوڕە لەسەر بەرنامەکانى چاکسازیی و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سندوقەکەیاندا، ئامادەیی سندوقەکەشیانى بۆ عێراق دوپاتکردەوە، کە لە هەموو بوارەکاندا هاوکاری بەرپرسانى عێراقى دەکەن.
عەرەب
ئەگەر پێکهاتەکان لە کەرکوک نەتوانن پارێزگار دیاریی بکەن هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە
محەمەد بەیاتى، پەرلەمانتارى پێشووى عێراق دەڵێت، سەرۆکوەزیرانى عێراق هەوڵێکى زۆری خستووەتە بەردەم پێکهاتەکانى کەرکوک، بۆ ئەوەى پارێزگارێک دیاری بکەن، بەڵام کە ناگەنە ئەنجامێکى یەکلاکەرەوە جێگەى نیگەرانییە.
ئەو دەڵێت، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە داوایەک لە دادگاى فیدراڵی تۆماربکرێت تاوەکو ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى کەرکوک هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنێکى نوێ بکرێتەوە.
محەمەد بەیاتى دەڵێت، بەگوێرەى یاسا دەبێت ئەنجومەنى هەر پارێزگایەک لە ماوەى سێ مانگدا سەرۆکێک بۆ خۆی و پارێزگارێک دیاری بکات، بەڵام تائێستا لە کەرکوک و دیالە نەکراوە، بۆیە یەکێک لە بژاردەکان ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردنە لەو دوو پارێزگایە.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد
ئەنجومەنی پارێزەران کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی هێنا و لیستی کۆتایی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نارد بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئێران.
لە ئەنجامەکاندا دەردەکەوێت زیاتر لە 90%ـى ئەو کاندیدانەی ناوی خۆیان تۆمارکردبوو لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەران رەتکراونەتەوە و تەنها شەش کەس کێبڕکێ لە بانگەشەکاندا دەکەن.
بانگەشەی کاندیدەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی پێش هەڵبژاردن، کە 28ـى ئەم مانگەیە بەردەوام دەبێت.
ئارمانی ئیمروز
لە ئێران 52%ـى داهاتی خێزانەکان بۆ خۆراک دەچێت
پشکی خۆراک لە خەرجکردنی داهاتی خێزانەکان لە ئێران گەیشتووەتە 52% و بەهۆی هەڵاوسانی بەردەوام و گەشەی نرخی خۆراک، ئەگەری بەرزبوونەوەى رێژەکە لە داهاتوودا هەیە.
گەمارۆ ئابوورییەکان و هەڵاوسانی بەرز توانای کڕینی ئێرانییەکانی کەمکردووەتەوە.
جگە لە خۆراک، کرێی خانووبەرە تێچووی زۆر لەسەر خێزانە ئێرانییەکان دەبێت و زۆرێک لە خێزانەکانى تاران نیوەی داهاتەکانیان بۆ خانووبەرە تەرخان کردووە.
مەردوم سالاری
باجی گەشتى دەرەوەى وڵات لە ئێران %30 بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە
بەگوێرەی خشتەی باجی حکومەتى ئێران، باجی گەشتکردن بۆ دەرەوەى وڵات بۆ هەر کەسێک لە یەکەم گەشتی ئەمساڵدا بە 520 هەزار تمەن دانراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 120 هەزار تمەن زیادیکردووە.
هەروەها باجی گەشتى دووەم بە رێژەی 50% و بۆ گەشتی سێیەم بە رێژەی 100% زیادیکردووە.
داهاتی حکومەت لە باجی گەشتى دەرەوە لە سنوورەکانی ئێران لەمساڵدا دەگاتە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 27 ملیۆن زیادیکردووە.
باختەر
لە کرماشان 12 هەزار تۆن گێلاس بەرهەمدەهێندرێت
رەحمان فایز قوربانی، بەڕێوەبەری باخداری و کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بڕیارە ئەمساڵ 12 هەزار تۆن گێلاس لە باخەکانی ئەو پارێزگایە بەرهەمبهێندرێت.
ئەو دەڵێت، رووبەری باخەکانی گێلاس لە پارێزگاکەدا 850 هێکتارە، کە زۆربەیان دەکەونە ناوچەکانی سەحنە و هەرسین.
گێلاس لە باخەکان پێگەییوە و لەماوەى مانگێکدا لێدەکرێنەوە.
بەگوتەى پارێزگارى کرماشان، بەشێکی زۆری گێلاس لە بازاڕی تاران و ئەوەی دیکەش لە بازاڕی ناوخۆیی پارێزگای کرماشان ساغ دەکرێنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پێنج رۆژ گەڕان بەدوای پزیشکە ونبووەکەى بەریتانیا بە تراژیدیا کۆتاییهات
دکتۆر مایکڵ مۆزلی، پزیشک و رۆژنامەنوسی رۆژنامەی دەیلی مەیل، دواى پێنج رۆژ لە دیارنەمانى لەسەر دورگەی سیمیی یۆنان، تەرمەکەى لەنێو ئاوەکەدا دۆزرایەوە، کە 60 مەتر لە کەناری ئاوەکەوە دوورکەوتبووەوە و خنکاوە.
دکتۆرە کلێر بەیڵی ماوەی چل ساڵ بوو لەگەڵ دکتۆر مۆزلیدا هاوسەرگیریی کردبوو، پێکەوە چووبوون بۆ گەشتێکی هاوینە لە دورگەی سیمیی یۆنان.
تایمز
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیاوە برەیڤەرمان دەڵێت، پێویستە پارێزگاران ئامێزی خۆیان بۆ هاتنی فارەیج بکەنەوە
سوێلا برەیڤەرمان، وەزیرى پێشووى ناوخۆى بەریتانیا داوای لە پارتی پارێزگاران کرد، ئامێزی خۆیان بۆ نایجڵ فارەیج بکەنەوە، چونکە ئێستا کەسە بە ئەزموونەکانی نێو پارێزگاران باس لەوەدەکەن، رۆژانی داهاتوو بۆ ریشی سوناک پڕ ئازار دەبێت.
وەزیری پێشووی کاروباری ناوخۆ دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە راستڕەوەکان یەکبگرن، چونکە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان سیاسەتەکانی فارەیجی ریفۆرمخواز و پارتی پارێزگاراندا نییە.
دەیلی تەلەگراف
سەرکەوتنی باڵی راستڕەوەکان شکستێکی سەخت دەرخواردی ئیمانوێل ماکرۆن دەدات
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا و لەبەرامبەر راستڕەوە تووندڕەوەکاندا تووشی شکستێکی سەخت هات.
ئەمەش وای لە سەرۆکی فەرەنسا کرد، داوا بکات بە زوویی هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ پەرلەمان ئەنجام بدرێتەوە.
ئەنجامی راپرسییەکان دەڵێن، پاش ئەوەی پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی مارین لۆپان دووهێندەی دەنگەکانی شایان بە خۆی هێنا.
پارتەکەی ماکرۆن تووشی شکستێکی قورس هات، بۆیە لە گوتارێکیدا رایگەیاند، توندڕەوەکانی باڵی راستڕەو لە هەموو لایەکی ئەوروپاوە دەچنە پێشەوە، لەبەرئەوە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هیچ بە دڵی ئەو حزبانە نەبوو، کە بە راستی بەرگری و پشتیوانی لە ئەوروپا دەکەن.
واشنتن پۆست
گانتز، وازی لە ئەنجومەنی جەنگیی ئیسرائیل هێنا و نەیارانی نەتانیاهۆ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن
هەریەکە لە بەنی گانتز و غادی ئێیزنکۆت، کە ئەندامی سەرەکیی بۆردی کابینە جەنگییەکەی ئیسرائیل بوون، رایانگەیاند، هەردووکیان لەو ئەنجومەنە جەنگییەی حکومەتەکەی بینیامین نەتانیاهۆ دەکشێنەوە، کە بۆ ئیدارەدانی باری نائاسایی دروستیکردبوو.
ئەمە ناکۆکییە ناوخۆییەکانى کابینە جەنگییەکە قووڵتر دەکاتەوە و ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، جەنگى غەزە بەردەوامە و کێشەی بارمتەکان بەبێ چارەسەر مانەوە و سنوری بەرامبەر بە لوبنانیش ئاڵۆزیی تێکەوت.