رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەگەرى هێرشکردنە سەر لایەنە عێراقییەکان هەیە
سەرچاوەیەکى حکومى و سیاسی عێراق رایگەیاند، دواى ئەنجامدانى چەند هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن میلشیا عێراقییەکانەوە، بەدوور نازانرێت لەماوەیەکى نزیکدا هێرش بکرێتە سەر میلشیا شیعییەکانی عێراق.
سەرچاوەکە نەیویستووە ناوى خۆی و ئەو لایەنانەش ئاشکرا بکات، کە هۆشداریی هێرشەکەى بۆسەریان داوە.
لە لایەکى دیکەوە میدیا ئیسرائیلییەکان چەند رۆژێکە باس لە هێرشکردنە سەر میلشیا عێراقییەکان دەکەن، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەریان.
لە هەمان کاتدا سەرچاوەیەکى نزیک لە سودانى رایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران بە توندى کار بۆ ئەوە دەکات هێرشەکانى سەر ئیسرائیل لەنێو عێراقەوە رابگرێت.
دەستوور
گەندەڵى هیچى لە تیرۆر کەمتر نییە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق لە مەترسییەکانى تیرۆر پەڕیوەتەوە و هەڕەشەى گەندەڵی لەسەر دامەزراوەکانى دەوڵەت پەرەى سەندووە، لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووبونەوەى گەندەڵی بە کارێکى ئەستەم نەزانیوە و رایگەیاندووە، راگرتنى کار و بەڕێنەکردنى کاروبارەکان گەندەڵییەکى گەورەیە، کە عێراقى گرتوەتەوە و لە ئێستادا چەندین پرۆژەى راگیراوهەن، بۆیە لێدان لە گەندەڵى و رووبەڕووبوونەوەى، ئەرکی ئێمەیە و متمانەى هاووڵاتیانیش بە حکومەتەکەیان زیاتر دەکات.
سودانى رایگەیاندوە، بەدەمەوچوونى یاساى دەستپاکى و بڕیارەکانى دەستەکەى و ئەو بڕیارانەى دیکە کە پەیوەندییان بە نەهێشتنى گەندەڵییەوە هەیە رۆڵی گەورەیان لە کۆتاییهێنانى دیاردەکەدا هەیە.
عەرەب
ئێران داواى لە سودانى کردووە خۆی بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو ئامادەبکات
دوو بەرپرسی باڵاى سیاسی بە رۆژنامەى عەرەبیان راگەیاندووە، سودانى پەیامێکى لە لایەن ئێرانییەکانەوە پێگەشتووە، کە خۆی بۆ هەڵبژادنەکانى داهاتووى عێراق ئامادەبکات، لەبەرامبەر هێزى موقتەدا سەدر و رەوتەکەی، لەبەرئەوەى تا ئێستاش دژایەتى پرۆژەکانى ئێران دەکات لە عێراق.
ئەو دوو سەرچاوەیە دووپاتیان کردووەتەوە حکومەتى ئێستاى عێراق، حکومەتى چوارچێوەى هەماهەنگییە و ئێرانیش بۆی یەکلاییبووەتەوە سودانى لە سەرۆکوەزیرانەکانى پێشوتری عێراق بە تواناتر بووە و خوازیاری ئەوەیە لەم قۆناغەدا لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
دوو سەرچاوەکە رایانگەیاندووە ئێران ترسی هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا سودانى چوارچێوەى هەماهەنگى کەرت بکات و ئەمەش لە بەرژەوەندى موقتەدا و رەوتەکەى بشکێتەوە، کە بەدوری نازانن بگەڕێنەوە نێو کایەى سیاسی.
عەرەبی جەدید
عێراق پڕبووە لە بڕوانامەى دکتۆرا
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق رایگەیاند، لە ماوەى چوار ساڵی رابردودا زیاتر لە 500 کەسایەتى سیاسی و سەربازیی بڕوانامەى دکتۆرایان لە بەیروت و تاران بەدەستهێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ عێراق، لەنێویاندا هەیە تەنها بۆ گفتوگۆى بڕوانامەکەیان سەردانى زانکۆکانیان کردووە، سەرچاوەکە رایگەیاندووە مەرجى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى دەرەوەى عێراق زۆر ئاسان کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکانى سیاسى و ناودار تەنها بۆ مەبەستى بەدەستهێنانى نازناوەکەیە.
ئەو بەرپرسە باڵایەى وەزارەت دەڵێت، زانکۆ هەیە بە پێنج هەزار دۆلار بڕوانامەى دکتۆرا دەدات، هەرچەندە لە ماوەکانى رابردودا وەزارەتەکەیان 21 زانکۆی خستووەتە لیستى رەشەوە و دان بە بڕوانامەکانیاندا نانرێت، بەڵام تەنها لە ئێران 27 زانکۆ دانپێدانراون، دەڵێت، رێژەیەکى زۆر لە سیاسییەکان لەو زانکۆیانە دەخوێنن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەخباری سەنعەت
هەناردەی میوەی ئێران بۆ هیندستان دوو هێندە زیادیکردووە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هیندستان رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا هەناردەی میوەی ئێران بۆ هیندستان دوو هێندە زیادیکردووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەو سێ مانگەدا 520 ملیۆن دۆلار بووە.
ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هیندستان دەریدەخەن، هەناردەی میوەی ئێران بۆ هیندستان لەم ماوەیە گەیشتووەتە 98 ملیۆن دۆلار.
لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا هیندستان بە بەهای 46 ملیۆن دۆلار میوەی لە ئێران کڕی بوو.
ئەبرار
ئەو کەسانەى لە ئێران سەربازى نەکەن سزای کۆمەڵایەتی دەدرێن
عەقید حوسێن پەژدی، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سمنانی ئێران راگەیاند، بەگوێرەی یاسا هەر گەنجێکى ئێرانی تەمەن 18 ساڵ، ئەگەر نەبێت بە سەرباز بە تاوانبار دادەنرێت.
ئەو دەڵێت، ئەوانەی نابن دەسەڵاتی دادوەری رووبەڕووی سزای کۆمەڵایەتییان دەکاتەوە، وەک نەتوانینی درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ، وەرنەگرتنی خزمەتگوزاری بانکی، دەرنەکردنی مۆڵەتی بازرگانی و مۆڵەتی دامەزراندن، قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەى وڵات و چەندین سزای دیکە.
ئەفکار
لە سنە پەردە لەسەر پڕۆژەی شارەوانی ئەلیکترۆنی لادرا
جێبەجێکردنی پڕۆژەی شارەوانی ئەلیکترۆنی، لە شارەوانی سنە دەستیپێکرد، کەمکردنەوەی کێشەی شارەکان وەک ترافیک و رووداوەکانی هاتوچۆ، کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵی ئیداری و نەهێشتنی تێچوونەکانی جووڵەی ناپێویستی هاووڵاتییان لەنێو شارەکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەن.
لە ئەمڕۆوە لە شاری سنە، خزمەتگوزارییە شارەوانیەکان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەردەست دەبن، هاووڵاتیان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین، بەبێ سنووری کات و شوێن، بەبێ پێویستی بە سەردانی جەستەیی، خزمەتگوزاری و کارە پێویستەکانی شارەوانی وەربگرن.
باختەر
رووبەرێکی فراوانی لەوەڕگە و دارستانەکانی پاوە بوونە نێچیری ئاگر
عەلیرەزا حەیدەری، قایمقامی پاوە رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەمەدا ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی گوندی بەلەبزانی ناوچەی پاوە کەوتەوە و نزیکەی 10 کاتژمێری خایاند بۆ کوژاندنەوەی، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ئاگرەکە کوژێندرایەوە، بەڵام هەڵگیرسایەوە و دواجار کاتژمێر دووی بەیانی بە تەواوی کوژایەوە.
دەڵێت، بەهۆی ئەو بایەی لە ناوچەکەدا دەهات، ئاگرەکە دووبارە گڕی دەگرت و کاری خەڵکی قورس کردبوو، بەڵام خەڵکی ناوچەکە و رێکخراوەکانی ژینگە بەرەنگاری ئاگرەکە بوون و لە ئەنجامدا سەرکەوتن، بەڵام دارستانەکانی جوانڕۆ ئاگری گرتووە و دەسووتێت.
رۆژنامە تورکییەکان
ئایدنڵک
خۆپیشاندان لە جۆلەمێرگ بەردەوامە
لەدواى چەند رۆژێک لەسەر لابردنى سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ، خۆپیشاندانى خەڵکی جۆلەمێرگ و لایەنگرانى دەم پارتی لە شەقامەکانى شارەکە بەردەوامە، تولای حاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتى دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ داواکردنى مافی خۆمان و پاشگەزنابینەوە تاوەکو هەموو دنیا خۆپیشاندانەکانی ئێمە ببینێت.
سۆزجو
تورکەکان بە قاچاخ دەچنە ئەمریکا
لەماوەى پێنج مانگی رابردوودا، ژمارەى ئەو هاووڵاتییە تورکانەى بە رێگەى نایاسایی چوون بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە زیاتر لە 50 هەزار کەس.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەوان لە تورکیاوە بەرەو مەکسیک بە فڕۆکە گەشت دەکەن، لە مەکسیکیەوە بە قاچاخ بەرەو ئەمریکا دەچن.
نرخی پەڕینەوەى هەر کەسێک بە قاچاخ لە مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا، لەنێوان 10 بۆ 12 هەزار دۆلار بە قاچاخچی دەدرێت.
جمهورییەت
بەهۆى قەیرانی ئابوورییەوە زیاتر لە 500 هەزار کرێکار لە تورکیا بێکار بوون
بەگوێرەى ئامارێکی فەرمی دەزگای کار، بەهۆى قەیرانی ئابوورییەوە لەماوەى چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە 512 هەزار و 659 کرێکار بێکار بوون. لەئێستادا بەشێوەیەکی گشتی ژمارەى ئەوانەى لە تورکیا بێکارن گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 273 هەزار کەس.
تورکگون
کۆمارە تورکەکان مەشقی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدەدەن
هەماهەنگیی سەربازیی لەنێوان وڵاتانى نەتەوە تورک زیاتر دەبێت، ماوەیەکە مەشقی سەربازیی هاوبەش لەنێوان تورکیا، ئازەربایجان و گورجیستان لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ئەنجامدەدرێت، ئامانج لەم مەشقە بۆ پێکهێنانى هێزێکی هاوبەشە، بۆئەوەی ئامادەباشییان هەبێت بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی دەرەکی، کە ببێتە مەترسی بۆ سەر ئەو سێ وڵاتە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
دەکرێت ئەمریکا چەکی ئەتۆمی زیاتر بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
یاریدەدەرێکی باڵای کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاند، دەکرێت ئەمریکا چەکی ئەتۆمی زیاتر بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هەڕەشانەی لەلایەن روسیا و چینەوە روویان لە زیادبووندایە.
بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی دەڵێت، ئیدارەی بایدن خەریکە هەنگاوی خێراتر دەنێت بۆ پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک و پێی وایە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەمریکا چەکی زیاتر دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
واشنتن پۆست
بازاڕی کاری ئەمریکا پێشبینییەکانی رابردوو رادەماڵێت
مانگی رابردوو دامەزراوەکانی ئەمریکا زیاتر لە 272 هەزار هەلیکاریان رەخساندووە،
لە ئێستادا چینی مامناوەندی ئەمریکا هەست بەوە دەکەن ژیانیان لە رووی ئابوورییەوە بەرەوپێشتر چووە و زیادبوونی مووچە و شێوازیی ژیانیان لەگەڵ ئەم گەرمییەی بازاڕیی کاردا بەرەو باشتر رۆیشتووە.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
چین و ئەمریکا رازین لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ کاریی هاوبەش لە دژی مادەی هۆشبەر
لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا، هەریەک لە وەزیری ئاسایشی گشتیی چین و وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانیان درێژەپێبدەن بۆ کاری هەماهەنگی لە دژی مادەی هۆشبەر و بەهێزکردنی یاساکانی دژی بەکارهێنانی.
هاوکات هەردوولا کۆک بوون لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی کۆچیان بۆ ئەمریکا کردووە و بەرەنگاری ئەو تاوانانەش ببەنەوە، کە لە رێگەی نایاساییەوە ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتن بە کەلوپەل بکرێت لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
عەرەب نیوز
لە بۆردوومانی نوێی ئیسرائیلدا 30 هاووڵاتیی فەڵەستینی دیکە کوژران
لانیکەم 30 هاووڵاتیی دیکەی فەڵەستینی لە چەند بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا لە ناوەڕاست و باشووری غەزە لە رۆژی هەینیدا کوژران.
هاوکات تانکەکانی سوپای ئیسرائیلیش بەرەوپێشچوونی باشیان بەرەو کەنارەکانی رۆژئاوای رەفەح ئەنجامداوە.
لە ئێستادا ژمارەی کوژراوانی فەڵەستنییەکان لەلایەن ئسیرائیلەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 36 هەزار و 700 کەس و تا دێت نیگەرانییەکان بەرامبەر زۆربوونی ژمارەی کوژراوان زیاتر دەبن.