زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سودانی دەڵێت، عێراق پشتیوانیی دەوڵەتیی فەڵەستین لەسەر خاکە مێژووییەکەی دەکات
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، عێراق پشتیوانیی لە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات لەسەر خاکە مێژووییەکەی.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەوت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سودانی و محەمەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەڵەستینی بڵاوکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی گوتویەتی، عێراق هەمیشە دەستپێشخەر بووە و هێشتاش لە پێشەنگی وڵاتانی دەستپێشخەردایە لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەسەر خاکە مێژووییەکەی.
عەرەب
فشاری ئەمریکا و دابەشبوونی ناوخۆیی رۆژئاڤا ناچاردەکات هەنگاوێک بەرەو دواوە بنێت
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان بەناچاری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی دواخست، کە بڕیاربوو لە هەفتەی داهاتوو تاوەکو مانگی ئاب بەڕێوەبچێت.
سەرباری هەڕەشەکانی تورکیا و دابەشبوونی ناوخۆیی، چاودێران دەڵێن، فشارەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی بووە لە پاشەکشەی ئیدارەی خۆسەر و دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاڤا.
عەرەبی جەدید
لە عێراق هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی زیادبوونی خەرجیی گشتی دەدرێت
ئەحمەد سەباح، توێژەری بواری ئابووری بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، قەبارەی خەرجیی گشتی لە عێراق لە قەبارەی داهاتی گشتیی وڵات زیاترە، هەر ئەوەشە کورتهێنانی دارایی دروستکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد سەباح، پسوڵەی خەرجییەکانی مووچە و شایستە داراییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان رێژەی 55%ـى قەبارەی خەرجیی گشتی پێکدەهێنن، خەرجیی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 55 ترلیۆن دینارە و ئەمانەش هۆکارن خەرجی لە داهات زیاترە.
قودسی عەرەبی
حەماس بۆ قودسی عەرەبی: هەڵوێستی ناتانیاهۆ ناڕوونە
دوێنێ دانوستانەکانی ئاگربەستی غەزە بۆ چەندین کاتژمێر لە پایتەختەکانی قەتەر و میسر بەردەوام بوون، سەرکردایەتی حەماس و هێزەکانی فەڵەستین باسیان لەوە کرد، کەشی دانوستانەکان ئەرێنی بووە.
حسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە رۆژنامەی قودسی عەرەبی گوتووە، ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تاوەکو بەشێوازێکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ پێشنیازەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بکات، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تائێستا بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەسەر گوتەکانی بایدن دەرنەبڕیوە و هەندێک لە وەزیرانی کابینەکەشی دژی پێشنیازەکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ئەندامانی پارتە سەوزەکان هەڵمەتێکی دژ بە سامییەکانیان دەستپێکردووە
کاندیدانی پارتە سەوزەکان بە ئیمەیڵ چەندان تیۆر و باسی دژ بە جووەکان بۆ یەکدى دەنێرن، تاوانی 7ـى ئۆکتۆبەریش دەدەنە پاڵ ئیسرائیل و بەڕاستیشیانە.
ئەو کەسانەی لەنێو پارتە سەوزەکاندا پاڵێوراون بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم چەند رۆژە، بە نامە و ئیمەیڵ، چەندان نوسراوی دژ بە سامییەکان بڵاودەکەنەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی فەلەستین دەردەبڕن. هەندێکیا دەڵێن تاوانی ئەنجامدانی 7ـى ئۆکتۆبەر لە ئەستۆی ئیسرائیلە.
دوێنێ شەو 20 کاندیدی سەر بە ئەو پارتە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان واژۆکرد، کە هێرشی تێدایە بۆسەر ئیسرائیل.
دەیلی مەیل
رۆژنامەنووسێکمان چووە بۆ یۆنان و لەوێ دیار نەماوە
هەوڵەکانی گەڕان بەدوای رۆژنامەنووسی دیاری ستونی تەندروستیی رۆژنامەی دەیلی مەیل (دکتۆر میکایل مۆزلی) دەستیان پێکردووە. ئەو پزیشکە لە یەکێک لە دورگەکانی یۆناندا چووە بۆ پیاسەکردن و نەگەڕاوەتەوە.
پۆلیس گومانی هەیە و دەڵێت، لەوانەیە ئەم رۆژنامەنووسە تەمەن 67 ساڵە لە شوێنێکەوە خزابێت یان بەربووبێتەوە نێو ئاوێک و نەیتوانیبێت بێتە دەرەوە.
کاتژمێر 7:30ـى ئێوارەی چوارشەممە دکتۆر کلارا بەیڵی، هاوسەری دکتۆری مۆزلی تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کردووە و پێیگوتوون هاوسەرەکەم چووە بۆ پیاسەی ئێواران و ئیدى نەگەڕاوەتەوە.
واشنتن پۆست
پێویستە راوێژکارەکەی ترەمپ لە یەکەم رۆژی مانگی داهاتووەوە زیندانی بکرێت
دادوەرێکی فیدراڵی داوایکردووە بەگوێرەى یاسا لە یەکەم رۆژی مانگی داهاتووەوە ستیفن بانۆن، راوێژکاری سیاسیی ترەمپ زیندانی بکرێت، لەبەرئەوەی سوکایەتی بە کۆنگرسی وڵاتەکە کردووە.
داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەمریکا داوای لە دادوەران کرد، لەسەرئەوەی دووجار ئامادەنەبووە بەڵگەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوان پێشکەش بە دادگا بکات و لەسەرئەوەش لە رۆژی 6ـى کانوونی دووەمی 2021 بەشداریی پەلامارەکانی سەر کۆنگرێس و پایتەختی وڵاتەکەی کردووە، دەبێت زیندانی بکرێت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئاستی وەبەرهێنانی ئێستای ئەمریکا لە هەرکاتێکی دیکە زیاترە
لین هۆگن و هاوسەرەکەى، بە گاڵتەوە بە خۆیان دەڵێن، “ئێمە کیسەڵین” لەبەرئەوەی بۆ ماوەی دەیان ساڵ هەر بە بێدەنگ وەبەرهێنانیان کردووە و داهاتیان بۆ خۆیان کۆکردووەتەوە، بەڵام ئێستا رەوشێکیان بۆ هاتووەتە پێشەوە، هەر بچنە دەرەوە دەبێت 200 دۆلار خەرج بکەن، نرخی دەرمانیش گران بووە، بۆیە ئەو کەسانە دەتوانن زۆر بچنە دەرەوە، کە مامۆستان یان خانەنشینن، ئەم کەسانە پارەی کۆکراوەی خۆیان هەیە.
ئەم ژن و مێردە، بۆئەوەی کچەکەیان بنێرن لە شارێکی دیکە کۆلیژی پزیشکیی بەیتاڵی بخوێنێت، دەبێت لە پارە کۆکراوەکانی رابردووی خۆیان دەربهێننەوە و بۆ کچەکەیانی خەرج بکەن، چونکە ئێستا لە ئەمریکاش هەڵاوسان هەیە و نرخی هەموو پێداویستییەکان گران بوون، بەڵام هێشتاش وەبەرهێنان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سێ سیناریۆ لەپشت سەردانەکەى ئاکشەنەر بۆ لاى ئەردۆغانەوە هەن
سەردانەکەى مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی پێشووی ئیی پارتى بۆ لاى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا ماوەى 40 خولەکى خایاند.
لەپشت سەردانەکەى ئاکشەنەر بۆ کۆشکی کۆماری، سێ سیناریۆ باس دەکرێن، یەکەم؛ داواى کردووە کوڕەکەى بکرێتە باڵیۆز لە فەڕەنسا. دووەم؛ داواى لە ئەردۆغان کردووە بکرێتە یاریدەدەرى سەرۆککۆمار. سێیەم؛ ئایا کاتێک مێزی شەش قۆڵی لە دژی ئاک پارتی پێکهێنرا، ئاکشەنەر پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ کۆشکی کۆمارییدا هەبووە؟
مێزی شەش قۆڵی، هاوپەیمانیی نێوان شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن بوو، ئەوکات ئاکشەنەر دەیگوت، “نامەردبم ئەگەر لە دژایەتی دەسەڵات پاشگەزببمەوە”.
میللییەت
کڕینی فڕۆکەى ئێف16 لە قۆناغی کۆتاییدایە
رێککەوتنەکەى نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ کڕینی 40 فڕۆکەى ئێف 16 و 70 فڕۆکەى جەنگی دیکە، لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ واژۆکردنى پڕۆسەى رادەستکردنى فڕۆکەکان.
گوتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئامادەکارییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاندووە پڕۆسەکە وەک خۆى بەڕێوەدەچێت و لە کات و ساتی خۆیدا فڕۆکەکان رادەستمان دەکرێن.
تورکیا
بەبۆنەى جەژنى قوربان لە تورکیا هەموو شتێک گران بووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژنی قوربان، کاڵاکان گران بوون، لە هەندێک پارێزگا 25% نرخی نان گران بووە، جلوبەرگ و پێڵاو 40% گران بووە، نرخی بلیتی پاس لەنێوان شارەکان 30% گران بووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، پاساوى گرانکردنى نرخەکان بۆ بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان دەگەڕێندرێتەوە.
تەقویم
نرخى پێداویستییەکان لە بۆدروومى تورکیا لە لاس ڤێگاسى ئەمریکا گرانترە!
نرخی کولێرە بەقیمەیەک لە بۆدرووم 950 لیرەیە، دەکاتە نزیکەى 30 دۆلار. نرخی کورسیی پاڵکەوتن لەسەر دەریاکان بە شەش هەزار لیرەیە، دەکاتە نزیکەى 185 دۆلار.
کچە گۆرانیبێژ یەلیز یەشیلمان ناڕەزایی لە گرانیی بۆدرووم دەربڕی و گوتویەتی، لەبری بۆدرووم دەچمە لاس ڤێگاس، ئەوێ زۆر هەرزانترە.