زووم:
سووتانی ژینگە یەکێکە لە ئاماژەکانى قەیرانى کەشوهەوا، رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانیش لەو قەیرانە بەدەر نین.
ئەمڕۆ، کە رۆژی جیهانیی ژینگەیە، چاوى زیاتر دەچێتەوە سەر قەیرانە ژینگەییەکان لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران، لەبەرئەوەی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی بووەتەوە، لەوانە پیسبوونی هەوا، کەمی ئاو، وشکبوونەوەی دەریاچە و رووبار و تاڵاوەکان، لاواز بوونی خاک، لەناوبردنی لەوەڕگە و دارستانەکان و زریانی تەپ و تۆز کە ئەم کێشانە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و گۆڕانی کەشوهەوا گەورەتر بوون.
گرنگترین هۆکاری کێشە ژینگەییەکان مرۆڤەکانن، بەرپرسی رێکخراوی پاراستنی ژینگە دەڵێت: 98٪ـی ئاگرکەوتنەوەکان هۆکاری سروشتیان نییە بەڵکو مرۆڤ هۆکاریانە کە زۆرینەیان لە پارێزگاى رۆژهەڵاتى کوردستان و زنجیرە چیای زاگرۆس روودەدەن.
ئێران وڵاتێکی کەم ئاوە و سێهەمین دروستکەری بەنداوە لە جیهاندا، تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 50 بەنداو هەن، کە زۆر جار بە “کارەساتی بەنداوەکان” و “کارەساتی ژینگەیی” باسیان لێدەکرێت کە دەبنە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە و یەکێکن لە هۆکارەکانی وشک بوونی دەریاچەی ورمێ.
راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەریدەخات کە رۆچوونی خاک لەو وڵاتە پێنج هێندەی تێکڕای جیهانییە و بە رێژەی 30 سانتیمەتر لە ساڵێکدایە و بەهۆی دەرهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی بەبێ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانە، لە ئێستادا دیاردەی رۆچوونی زەوی گەیشتووەتە ئاستێک کە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە، 380 شار و 9 هەزار گوند لە سەرتاسەری ئێراندا وێران دەبن.
لاوازی خاک لە ئێران دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە و ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیاتری زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مەترسییانە، رێوشوێنی جددی لە بواری بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و پاراستنی ژینگەدا پێویستە، گۆڕانکاری لە سیاسەتەکان و شێوازی کشتوکاڵ، دامەزراندنی وەزارەتی ژینگە و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری گشتی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی دۆخی ژینگەیی ئێران.