زووم..
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خەڵکی سلێمانی لەبارەی پڕۆژەکەی گۆیژە بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵە خەڵکی دەبینێت بەجۆشوخرۆشەوە بەرگری لە ژینگە دەکەن.
قوباد تاڵەبانی لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، وتارێکی بۆ رۆژنامەی سەباحی عێراقی نووسیوە، دەڵێت، وێڕای ئەو رەخنانەی بەهۆی پڕۆژەکەی گۆیژە رووبەرووم بووەتەوە، هەست بە شانازی دەکەم خەڵکی دەبینم فشار لە دەسەڵات دەکەن، لە پێناو پاراستنی ژینگە، هیوام وایە ئەم هۆشیارییە تەواوی عێراق بگرێتەوە.
قوباد تاڵەبانى دەڵێت، خەڵکی سلێمانی لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە بوونەتە دووبەش، بەشێک بە زیانی دەزانن بۆ ژینگە، بەشەکەی دیکە پێیانوایە ئەوە نابێتە پاساو بۆ راگرتنی پرۆژەیەک جوانترینی عێراقە و روخساری سلێمانی دەگۆرێت.
پێیوایە، ئەگەر هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی فشاری پێویست بکەن، حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی رۆڵی کاریگەرتر لەو بوارە دەگێرێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە سیاسی و حکومییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ بەستنی کۆنگرەیەک لەبارەی مەترسییەکانی ژینگە و باسکردن لە کێشەی تانجەرۆ، کە بەگوتەی قوباد تاڵەبانی، ئاوی پیس دەڕژێنێتە دەریاچەی دەربەندیخان و کاریگەری ژینگەیی لەسەر تەواوی عێراقییەکان دادەنێت.