فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە درێژایی شەوی رابردوو بۆردومانی چەند ناوچەیەکیان کردووە لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان. وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێت، دەستیان بە ئۆپراسیۆنێک کردووە لە ژێر ناوی “چنگی شمشێر”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، ناوچەکانی کۆبانێ، دێرک، زرگان و شەهبا لە رۆژئاڤای کوردستان بۆردومان کراون، لە باشووری کوردستانیش بناری قەندیل و چیای ئاسۆس.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا، دەڵێت، مەبەستیان لە ئۆپراسیۆنەکە لێدانە لە گەریلاکان و شەڕڤانانی پەکەکە/کەجەکە/ یەپەگە.
دیمەنی بۆردومانەکان
زوومی رۆژئاڤا، رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، ناوەندی کۆبانێ، گردی مشتەنوری کۆبانێ، قەڵای شێراوای ناوچەی شەرای عەفرین، کۆگای گەنمی ناوچەی زرگانی حەسەکە، گوندەکانی گر کەندال و تەقل بەقلی دێرک بۆردومانکراون.
ئاژانسی هاوارنیوز، ئاشکرایکرد لە ئاکامی تۆپبارانی سوپای تورکیادا لە گوندی دێر جەمالی ناوچەی شێراوای عەفرین، هاوڵاتیەک بریندار بووە.
بەگوێرەی هاوار نیوز، ” لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا لە ناوچەی تەل رەفعەتی کانتۆنی شەهبای رۆژئاڤای کوردستان سێ سەربازی سوریا کوژراون و نۆ سەربازیش بریندار بوون.”
بۆردومانەکانی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) دەڵێت، پیلانگێڕییەکەی ئەستەنبوڵ کە لە رێگەی تەقینەوەیەکەوە دارێژرابوو، سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە تورکیا راستەوخۆ دەستی بە هێرش کردووە.
ساڵح موسلم گوتی “تورکیا شێت و هار بووە، بۆیە دیار نییە چی دەکات. پێویستە وڵاتانی جیهان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگی بشکێنن. هێزە کوردستانیەکان پێویستە لە هەموو شوێنێک پشتگیری یەکدی بکەن”.
وتەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە
فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) رایگەیاند، هێرشەکان بەشێکن لە سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد و پێویستە هەموو کەسێک خۆی بپارێزێت “بێدەنگیی وڵاتانی جیهانیش شەرمەزار دەکەین”.
هێرشەکان بەشێکن لە سیاسەتی قڕکردنی کورد
لوقمان ئەحمێ گوتەبێژی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بە مەترسی و فراوانی هێرشەکە کرد و ئەوەی خستەڕوو هێرشەکانی تورکیا بۆ رێکخستنەوەی داعشە.
لوقمان ئەحمێ، دەڵێت، خەڵکەکەمان خۆی لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێریدا رێکخستووە و خەڵک و هەسەدە لەدژی هێرشەکان دەوەستنەوە. هێرشەکە بۆ حکومەتی سوریاش مەترسییەکی جدیە و پێویستە حکومەتی سوریا بەگوێرەی رێککەوتنی سنوری لەگەڵ دۆخەکەدا بجووڵێتەوە.
زوومی هەولێر، رایگەیاند، لە درەنگانێکی شەوی رابردوودا، فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕیی سنوری ناحیەی وەرتێ و بناری قەندیلیان بۆردومان کردووە.
لەبناری قەندیل، چیای گوندەكانی ئێندزە و زارگەلی و قەڵاتوكان و چیای كورتەك بۆردومانكراون.
خەڵکی ئەو ناوچانە بەزوومیان راگەیاند، بۆردومانەکان هێندە زۆر و چڕ بوون، ترس و دڵەراوکێی لەناو دانیشتواندا دروستکردووە. بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، ئەگەر بۆردومانەکان بەو شێوەیە بەردەوام بن، ناچاردەبین ماڵ و حاڵمان جێبهێڵین.