رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هێرشبەرانى سەر چێشتخانە ئەمریکییەکان لە بەغداد ئەندامانى هێزە ئەمنییەکانی تێدابووە
وەزارەتى ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، هەندێک لەوانەى لەماوەى رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر چێشتخانە ئەمریکییەکانی بەغداد دەستگیرکراون و ژمارەیان سی کەسە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەیان ماون دەستگیربکرێن و بەدوایاندا دەگەڕێن.
وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت، بەشێک لەوانەى دەستیان هەبووە لە هێرشەکاندا سەر بە دەزگا ئەمنییەکان بوون و ئەوانیش دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
تەقینەوە و هێرشەکانى سەرچێشتخانە ئەمریکیەکان لە بەغداد لە 26 و 27 و 30 مانگى ئایارى رابردوو کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە، سەرەڕای دەربڕینى نیگەرانى لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانى دیکەوە جارێکى دیکە رەوتى سەدر داوایکرد باشتر وایە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد دەرگاکەى دابخات.
دەستوور
عێراق بەرپرسێکى لە بیلاڕوسەوە گەڕاندەوە کە ملیارەها دینارى بردووە
دەستەى دەستپاکى عێراق رایگەیاند، توانیویانە بە هاوکاری وڵاتى بیلاروسیا، دەزگای هەواڵگری، وەزارەتى ناوخۆ و پۆلیسی نێودەوڵەتى، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى تەندروستى بگەڕێننەوە، کە بڕی 65 ملیار دیناری عێراقى بردووە.
دەستەکە رایگەیاندووە، “جینان جەواد عەبد، تاوانبارى هەڵاتوو” پێشتر بەڕێوەبەرى دارایی و یاسایی بووە لە وەزارەتى تەندروستیى عێراق، زیانی بە دارایی دەوڵەت گەیاندووە و لە ئێستادا گەڕاندویانەتەوە عێراق و رادەستى داداگایان کردووە بە مەبەستى سزادان و گەڕاندنەوەى ئەو بڕە پارەیەى بەشێوەیەکى نایاسایی و گەندەڵی بردویەتى.
سەباح
قوباد تاڵەبانى: دەسەڵاتدارانى عێراق و هەرێم گرنگی بە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا نادەن
قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە نوسینێکدا کە رۆژنامەى سەباح بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، لێکەوتەکانى بڕینى چیاى گۆیژەى سلێمانى بەلاى ئێمەوە گرنگە، چونکە هوشیاری خەڵک نیشاندەدات لە بارەى پاراستنى ژینگەوە، حەقوایە ئەو هۆشیارییە هەموو عێراقیش بگرێتەوە، کە ژینگە چەندە گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتى ئێمە و حکومەتى ناوەندیش تاڕادەى نیگەرانى گرنگی نادەن بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، لەکاتێکدا مەترسییە ژینگەییەکان لە تیرۆر زیاترە.
قوباد تاڵەبانى گوتویەتى، من وەک جێگری سەرۆکوەزیران چەندە لە بیری چارەسەرکردنى کێشەى چەمى تانجەرۆدام ئەوەندەش خەمی هۆڕ و گۆلاوەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەخۆم.
عەرەب
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاى باڵندە لە پشیلەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ
توێژینەوەیەکى زانستیى نیشانیداوە یەکێک لە نەوەکانى ڤایرۆسی (H5N1) تواناى هەیە لە رێگەى پشیلەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانى ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە پشیلە بەخێودەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو توێژینەوەى زانکۆیەکى ئەمریکی دەریخستبوو، کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە ناگوازرێتەوە و ئەوانەى تووشى ڤایرۆسەکە دەبن لە رێگەى باڵندەکانەوە تووش دەبن.
میگن دیفز، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە کۆلێژی جون هۆبگنز بلومبێرگ رایگەیاند، بەهۆی پشیلەى بێخاوەن و بێ سەرپەرشتەوە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاى باڵندە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو پشیلانەى لەنێو ماڵەکاندان و بەو هۆیەشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە لە ئەمریکا 16 پشیلە تووشى ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاى باڵندە بوون.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
سەرۆکى جەهەپە پەیامی هەڵبژاردنى پێشوەختەى وروژاند
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، دۆخی تورکیا بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕوات، پڕۆسەى ئاساییبوونەوەى سیاسیی، هەنگاوەکانى بە دیموکراسیی بوون، قەیرانی ئابوورى و رێژەى هەڵاوسان هەموو ئەمانە پرسی جدین ئەگەر بێت و چارەسەری خێرا بۆ ئەم پرسانە نەدۆزرێتەوە، گەلى تورکیا بۆ دەربازبوون لەم رەوشە داواى هەڵبژاردنى پێشوەختەمان لێدەکات.
ئەو دەڵێت، کەس ناتوانێت رێگریی لە ویستی میللەت بکات.
ئەکشام
ئەنەکەسە هەڵبژاردنەکەى پەیەدە رەتدەکاتەوە
عەبدوڵا کێدۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە رایگەیاند، هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى رۆژاڤای کوردستان کە لەلایەن پەیەدەوە ئەنجامدەدرێت رەتدەکەینەوە.
ئەو دەڵێت، لە هەڵبژاردنەکە ئەو کوردانەى لەدژى ئەوانن رەتکراونەتەوە، هەروەها عەرەب، تورکمانەکانیش لە دەرەوەی پرۆسەى هەڵبژاردنەکەن.
هەڵبژاردنەکە پێشتر ئەنجامەکانى دیاریکراوە، پەیەدە ئەوانەى لە دژى بێت هیچ پلەو پۆستێکیان ناداتێ. بەدەر لەوەش رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنووسی لەژێر هەڕەشەیەکی مەترسیدایە.
یەنى شەفاق
لە تورکیا نۆ رۆژ کرایە پشووی جەژن
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا نۆ رۆژى وەک پشووى جەژنی قوربان راگەیاند، پشووەکە لە رۆژى یەکشەممە، 16ـى حوزەیرانەوە دەستپێدەکات.
ئەردۆغان رایگەیاند، جەژنانەى خانەنشینان لە بەروارى 10 بۆ 14ـى مانگ، دەچێتە سەر هەژمارى بانکییان.
قەرار
رێژەى هەژاری لە ئەستەنبوڵ روو لە زیادبوونە
لە ئەستەنبوڵ تێچووى ژیان و خەرجییەکان لە ماوەی ساڵێکدا 83% بەرزبووەتەوە، ئاژانسی پلاندانانی شارەکە دەڵێت، بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان هەژاری زیادکردووە، لە هەر 10 کەسێک یەکیان بە سکی برسی دەچێتە جێگاوە.
بەگوێرەى ئاژانسەکە کەرەستەى پاککەرەوە 200% نرخەکانیان بەرزبووەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
51 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراوی لە سنە ژەهراوی بوون
لە مانگی رابردوودا لە بیجاری پارێزگای سنە 23 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی سروشتی ژەهراوی بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە سنە بەرزترین رێژەى ژەهراویبوونی بەهۆی بەکارهێنانی قارچک لە ئاستی ئێراندا تۆمارکردووە.
نزیکەی 100 جۆر قارچکی ژەهراوی هەن، کە نیشانەکانی ژەهراوی بوون لە هەندێکیان دوای 30 خولەک و لە هەندێکیان دوای 24 کاتژمێر دەردەکەوێت.
سەرگێژبوون، کاڵبوونەوەی بینین، زەردبوونی چاو و تەنانەت دابەزینی ئاستی هۆشیاری لە نیشانەکانی ژەهراوی بوونن، ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، بۆ گورچیلە و جگەر زیانی هەیە و تەنانەت دەبێتە هۆی مردنیش.
تاکە رێگە بۆ جیاکردنەوەی قارچکی ژەهراوی لە قارچکی خواردن تەنها تاقیگەیە.
ئەسکەناس
چوار ژن ناویان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی کۆمارى ئیسلامیی ئێران تۆمارکردووە
تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆتاییهات و تەنها چوار ژن و 76 پیاو ناویان تۆمارکردووە.
هەرچەندە بەگوێرەی یاسا ژنان بۆیان نییە لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار دابنیشن، بەڵام چوار ژن ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
هەریەک لە کاندیدە ژنەکان لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکانیاندا جەختیان لە توانا و شایستەیی ژنان کردەوە.
لەنێو ئەو چوار کاندیدە ژنە، حەمیدە زەرابادی، پەرلەمانتاری پێشوو، کە پێشتر چادری دەپۆشی، بەبێ چادر چووە بارەگای هەڵبژاردن و ناوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار تۆمار کرد.
ئەو رایگەیاند، بەنیازە سیاسەتی دەرەوە لە گۆشەگیرییەوە بگۆڕێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پەرەپێدانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا و جەخت لەسەر شایستەیی بکاتەوە.
پلانەکانی بریتین لە داڕشتنەوەی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە گرژییە ناوخۆییەکان.
ئارمانی ئیمروز
کاندیدەکانى سەرۆکایەتیی کۆمارى ئیسلامیى ئێران بەرنامەیان بۆ ژینگە نییە
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژینگەیە و لەو روانگەیەوە کە لەم چەند رۆژەدا کاندیدەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانیان لێدوان دەدەن، ئەوە دەرکەوت کە لە ئێراندا بە پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتان، بابەتی ژینگەیی لە بەرنامەکانی کاندیدەکانی سەرۆککۆماری ئێراندا جێگەیەکی ئەوتۆیان نییە.
عیسا کەلانتەری، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی پاراستنی ژینگە دەڵێت، گەشەکردن بەبێ رەچاوکردنی ژینگە دەبێتە هۆی تێکچوونی.
ئاماژە بە پێویستی رەچاوکردنی بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام دەدات، وەک پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و خاک، رەخنەش لە سیاسەتە گشتییەکانی ئێران دەگرێت، کە بەو ئاراستەیە نییە.
سەنعەت
لە رێوڕەسمی ساڵیادی مردنی خومەینیدا 32 کەس دەستگیرکران
بەرپرسی پۆلیسی تاران رایگەیاند، لە رێوڕەسمی ساڵیادی مردنی خومەینیدا، 32 کەس دەستگیرکران.
سەردار عەلی وەلیپوور گوتی، بەبۆنەی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی مردنی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، بارەگای فەرماندەیی تایبەت دامەزرا و تیمەکانی پۆلیس لەم بارەگایە لە کاتی رێوڕەسمەکەدا جێگیرکران.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی رێوڕەسمەکە توانیان 30 تۆمەتبار بە دزی و دوو “گیرفانبڕ” دەستگیر بکەن.
لە بارەی ئەو موڵکە دۆزراوانە گوتی، 12 مۆبایل دۆزراونەتەوە، کە دوای رێکخستنی پێویست رادەستی خاوەنەکانیان کراون، دۆسیەش بۆ کەسانی دیکە کراوەتەوە، کە لە رێوڕەسمەکەدا دزییان لێکرابوو.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
دەنگدەرانی هیندستان سزای مۆدییان دا
دەنگدەرە هیندییەکان پەیامێکی چاوەڕواننەکراویان گەیاند بە نەرێندرا مۆدی، سەرەکوەزیرانی ئێستا و پێیان گوت بانگەشە “فشەڵەکان”ـی هەڵبژاردنت سوودت پێ ناگەیەنن و دەبێت ئەو دەستەڵاتە رەهایەی دەیان ساڵە بەهۆی چەند کەسایەتییەکی سیاسیی زاڵەوە سەپاندووتە کۆتایی پێبێت.
ئەگەرچی هێشتا پارتەکەی موودی کە ناوی بەهاراتیا جاناتایا لە ئەو ئاستەدا ماوە، کە دەتوانێت بە پەیداکردنی هاوپەیمانانی دیکە حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ئێستا ئەو زۆرینەیەی لەدەستداوە، کە لە ساڵی 2014 بەدەستیهێنا و مۆدیی کرد بە سەرەکوەزیران.
ئۆرشەلیم پۆست
بایدن دەڵێت پێموانییە نەتانیاهۆ یاری سیاسی لەپێناو خۆى بە شەڕى غەزە بکات
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا، لە لێدوانێکی پێشووی خۆی پەشیمان بووەوە و گوتی، پێموانییە بنیامین نەتانیاهۆی سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێانی دەستکەوتی سیاسییانەی خۆی بیەوێت درێژە بەشەڕەکە بدات.
بەم لێدوانەی کۆتایی بە ئەو گوتارەی خۆی هێنا، کە لەبارەی زۆربوونی سەپۆلی پەنابەرانی نایاساییەوە قسەی دەکرد و گوتی، دەیەوێت کەمی بکاتەوە.
هەفتەی رابردوو بایدن لە دیدارێکیدا لەگەڵ گۆڤاری تایمدا گوتبووی بەهۆی یاریکردنی سیاسییانەی نەتانیاهۆوە شەڕەکەی کەرتی غەزە درێژە دەکێشێت.
عەرەب نیوز
ناکۆکییەکی نوێ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران دەرکەوتووە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنە لە ئێران دەگرێت و دەڵێت، لە چەند ناوەندێکی ناوخۆیی نێو ئێراندا، کە تاران خۆی باسی نەکردوون ناوەندی لەوشێوەیەی هەیە و شوێنەواری هەبوونی چالاکیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دۆزراوەتەوە.
ئەنجومەنی پارێزگارانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی 18 مانگ پێش ئێستا داوای لە ئێران کرد، بەزوویی بگەڕێتەوە و هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکەدا بکات بۆ روونکردنەوەی هۆکاری دەرکەوتنی ئەو شوێنەوارانەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دۆزراونەتەوە.
ئیندیپێندەنت
فارەیج: دەمەوێت جێگەی پارتی پارێزگاران بگرمەوە
ئەگەرچی دوێنێ لە ناوچەی ئیسێکس یەک پەرداخ شەربەتی مۆزیشیان رشت بەسەریدا، بەڵام راپرسییەکان باس لەوە دەکەن، لەوانەیە فارەیج تامی سەرکەوتن بکات.
نایجڵ فارەیج، سەرکردەی ریفۆرمخوازەکانی بەریتانیا بەڵێن دەدات شۆڕشێک ئەنجامبدات، کە تەواوی سیاسەتەکانی نێو بەریتانیا بگۆڕێت. لەکاتێکدا ئەو ئەم بەڵێنەی دەدا ژنێک یەک پەرداخ شەربەتی شیرمۆزی بەسەریدا ڕشت.