زووم..
عەبدولرەقیب یوسف نووسەر و شوێنەوارناس نامەیەکى دەستنووسى لەسەر کارکردن لە چیای گۆیژە ئاراستەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کردووە و داوا دەکات، کارکردن لە چیای گۆیژە بوەستێنێت.
ئەو نووسەرە لە نامەکەیدا دەڵیت: ئێستا ناڕەزایەتییەکی زۆر هەیە لە سلێمانی لەسەر بەکارهێنانی چیای گۆیژە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، بۆیە دەبێت گوێ لەو ناڕەزاییانە بگیرێت.
ئەو شوێنەوارناسە، کە پێشتر بە پارچەیەک ڤیدیۆ باسى لە هەڵکەوتەى گردەکانى چیاى گۆیژە کردبوو، ئاشکرایکردبوو، کە هەر چوار گردەکەى چیاى گۆیژە وەک هەرەمەکانى میسر هەڵکەوتوون، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەى لەبارەوە بکرێت.
ئەو لە نامەکەیدا جەختى لەوەش کردووەتەوەو نووسیویەتى: بەنیازبووم، بچم بۆ رۆژهەڵاتی چیاکە، بەڵام بە شۆفڵ تەختکراوە، کە وا گومان دەکەم شوێنەواری کۆنی لەسەر بووبێت.
لە درێژەی نامەکەیدا عەبدولرەقیب یوسف ئەوەشی خستووەتەڕوو ،لە نووسیبە مێخییەکاندا و ئەمین زەکی بەگ ئاماژەیان بە چەند ناوێک کردووە، کە لە دەوروبەری سلێمانی ناوچەی شوێنەوارین، جەختیشیکردووەتەوە، کە روونە یەکێک لەو جێگایانە شاخی ئەزمر و چوارگردەکەن، کە بەشێکن لە شاخەکە.
لە کۆتایی نامەکەیدا ئەو شوێنەوارناسە داوا لە قوباد تاڵەبانی دەکات، بە گەیشتنی نامەکەی کارکردن لە شاخی گۆیژە بوەستێنێت و بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی دەست بە پشکنین بکەن لە شاخەکە بە مەبەستی شوێنەواری چونکە شوێنەوار بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی .