زووم…
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کورسیی کۆتاکانی بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەشکرد، بە جۆرێک بۆ مەسیحییەکان سێ کورسی و تورکمانەکانیش دوو کورسی دانراوە.
لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا، ئەنجومەنی کۆمسیاران لەسەر بنەمای بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بۆ گەڕاندنەوەی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتاکان بڕیاری دا بە دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا.
بەگوێرەی دابەشکاری کۆمسیۆن بۆ بازنەی هەولێر، یەک کورسی بۆ مەسیحییەکان دەبێت و یەک کورسییش بۆ تورکمانەکان، لە سلێمانی بە هەمان شێوە، کورسییەک بۆ مەسیحییەکان تەرخان کرا و کورسییەکیش بۆ تورکمانەکان.
لە بازنەی دهۆکیش یەک کورسی دراوەتە مەسیحییەکان، لە بازنەی هەڵەبجەش هیچ کورسییەکی کۆتاکانی تێدا نییە.
لەبارەی بڕیارەکەی کۆمسیۆن، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، “دابەشکاری کورسی کۆتاکان هەڵەیە کە دوو کورسی بۆ تورکمانەکان دیاریکراوە و داواکارییەکانیان لەبەرچاو نەگرتوە، لەکاتێکدا لەدوای شاری کەرکوک زۆرترین تورکمان لەسەنتەری هەولێرە، بۆیە رەتیدەکەینەوە.”
بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمسیۆن، کاندیدانی کورسیی کۆتاکان پێویستە بە سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن لەو بازنەیەی بەشداری دەکەن و ئەوەی زۆرترین دەنگی هێنا لە بازنەکەدا، کورسییەکە دەباتەوە.
ئەوەش هاتووە، دەنگدەرانی بازنەیەک تەنها دەتوانن دەنگ بە کاندیدانی بازنەکەی خۆیان بدەن، واتە سیستمەکە فرە بازنەیی دەبێت.