رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
زۆرینەى کاندیدانى سەرۆککۆمارى ئێران پەرلەمانتارانن
سەر لەئێوارەى دوێنێ دووشەممە، وادەى ناونووسین بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆماری ئێران کۆتاییهات و ژمارەیەکى زۆر ناویان پێشکەشکرد، لەنێویاندا 37 کەسیان مەرجە دیاریکراوەکانیان تێدایە، بەڵام لە رۆژى 11ـى حوزەیران بڕیارە ناوەکان بەتەواوەتى یەکلایی بکرێنەوە و لە 28ـى هەمان مانگیش هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت و سەرۆککۆمارێکى نوێ هەڵببژێردرێت.
دامەزراوەى هەڵبژاردنى ئێران رایگەیاند، زۆرینەى ئەوانەى ناویان تۆمارکردووە پەرلەمانتارانى خولەکانى پێشوون یان ئێستا ئەندامى پەرلەمانن و یەکێک لەناوە دیارەکانیش محەمەد باقر قاڵیبافى سەرۆکی ئێستاى پەرلەمانە.
دەستوور
بانکى بازرگانیی عێراق هۆشداری دەدات و هەڕەشە لە سەرپێچیکاران دەکات
عەقیل شویەلى، راوێژکارى بانکى بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند لاپەڕە و پەیجێک بەناوى بانکەکەیانەوە کراونەتەوە، بەمەبەستى بەلاڕێدابردنى هاووڵاتیان، بەتایبەتى ئەوانەی شارەزایی ئەوتۆیان نییە.
شویەلى دەڵێت، بانکەکەیان داواى یاسایی لەدژى هەموو ئەو کەس و لایەنانە تۆماردەکات، کە ناو و لۆگۆی بانکەکەیان بەکاربهێنێت و داواش لە هاووڵاتیان دەکات هیچ زانیارییەکى خۆیان نەدەن بەو لایەن و کەسانەى جێگەى متمانە نین.
سەباح
پەرلەمانى عێراق یاساى مادەهۆشبەرەکان هەموار دەکاتەوە
عەدنان جحەیشی، سەرۆکی لیژنەى مادەهۆشبەرەکان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دواى پێداچوونەوەى یاساى مادەهۆشبەرەکان، لە ئەنجومەنى وەزیران، لە پەرلەمانیش خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە و چوار تەوەری سەرەکی گفتوگۆی جدییان لەبارەوە کراوە.
تەوەرى یەکەم؛ توندکردنى سزای بازرگانانیى مادەى هۆشبەر.
تەوەرى دووەم؛ شوێنى چارەسەرکردن بۆ ئالودەبووان بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە رێگە بە کەرتى تایبەت بدرێت.
تەوەرى سێیەم؛ کارکردن بۆ رێگەگرتن و خۆپارێزی پێش ئالودەبوون بە مادەهۆشبەرەکان.
تەوەرى چوارەم؛ ئەم تەوەرە تایبەتە بە رۆڵی میدیاى عێراقى لە هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیان لە مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر.
عەدنان جحەیشی رایگەیاندووە، لە ساڵی 2023ـدا چالاکییەکانى وەزارەتى ناوخۆ بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان زۆر زیادیان کردووە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکەش لەگەڵ چەند وڵاتێکى ناوچەکە، عێراق واژۆی لێکتێگەشتنی کردووە لەوانەش، ئێران، سوریا و ئوردن.
عەرەبى جەدید
هەزاران منداڵى ئەفغانى زیانمەندى لافاون
رێکخراوى یونسێفى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، دەیان هەزار منداڵى ئەفغانى لە ئەنجامى لافاوەکانى ئەم دواییەى وڵاتەکەیاندا زیانى گەورەیان بەرکەوتووە، بەتایبەتى لە باکوور و رۆژئاواى وڵاتەکەدا.
لافاو زیانێکى زۆری گیانى و مادى لێکەوتووەتەوە و سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی وێرانى ماڵەکان و نەبوونى شوێنى حەوانەوەى خێزانەکان منداڵەکان زیانى گەورەیان بەرکەوتووە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
جەهەپە لە دژى قەیومە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە دانانى قەیوم لە شارەوانی جۆلەمێرگ رایگەیاند، بەتەواوى لە دژی سیاسەتی قەیومین، قەیوم سیاسەتێکی هەڵەیە، کە ماوەى 10 ساڵە لەلایەن دەسەڵاتەوە پەیڕەو دەکرێت، پێویستە قەیوم دەستلەکاربکشێتەوە.
دەڵێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەو سیاسەتە بە هەڵە دەزانین و رەتیدەکەینەوە.
یەنی شەفاق
سەگی بێلانە لە تورکیا بووەتە مەترسی لەسەر ژیانمان
لە ماوەى دوو ساڵدا بەهۆى پەلامارى سەگی بێلانەوە 107 کەس لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەى ئامارەکان لە تورکیا پێنج ملیۆن سەگی بێلانە هەن، لە ئێستادا حکومەت بەدواى چارەسەرێکی یاساییەوەیە بۆ نەهێشتنى سەگی بێلانە لەسەر شەقامەکان.
قەرار
بە داتاى هەڵە ناتواندرێت هەڵاوسان کەمبکرێتەوە
عەلی بابەجان، کە پێشتر پۆستی وەزیرى دارایی لە حکومەتى ئاک پارتى هەبووە، ئێستاش سەرۆکی پارتی دێڤایە دەڵێت، حکومەت رێژەى هەڵاوسان بە هەڵە بڵاودەکاتەوە.
ئەو دەڵێت، بە ئامارى هەڵە ناتواندرێت رێژەى هەڵاوسان کەمبکرێتەوە، ئەمە سەرقاڵکردنى گەلی تورکیایە، حکومەت هیچ پلانێکی لەوبارەیەوە نییە.
عەلی بابەجان دەڵێت، کێشەی سەرەکیی وڵات چارەسەرێکی دروستە بۆ دابەزینی رێژەى هەڵاوسان.
میللییەت
ئەستەنبوڵ شارێکی ماندووە
رووخانی باڵەخانەیەک لە ئەستەنبوڵ، لایەنی پەیوەندیدارى لە شارەکە ئاگادارکردەوە، بەدواداچون بۆ ئەو باڵەخانانە بکەن مەترسی رووخانیان لەسەرە. بەگوێرەى رۆژنامەکە 1556 باڵەخانە مەترسیی رووخانی لەسەرە و دەبێت دەستبەجێ چۆڵ بکرێن، کە زۆربەى ئەم باڵەخانانە لەپێش ساڵانی 2000ـەوە دروستکراون.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لە هەشت ناوچەی ئەستەنبوڵ نزیکەى 30 هەزار باڵەخانەى دیکە مەترسی رووخانیان لەسەرە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
فارەیج دەڵێت دەگەڕێمەوە و رێبەرایەتیی شۆڕشێک دەکەم
فارەیج گوتی دەگەڕێمەوە نێو بەرەی پێشەوەی سیاسەتکردن و شۆڕشێکی سیاسییانە لە دژی پارتی پارێزگاران بەرپا دەکەم.
ئەم راگەیاندنەی باڵی چاکسازیخوازان لەپاش ئەوە دێت، بڕیاریاندا بەشداری لە هەڵبژردنی داهاتوو بکەن.
ئەم هەنگاوە بە زیانی ریشی سوناکی سەرەکوەزیران دەشکێتەوە، چونکە ئێستا ئەو خۆی بە پێشەوای باڵی ریفۆرمخوازەکان دەزانێت.
گاردیەن
پیاوێکی تەمەن 91 ساڵ دەبێت بە یەکەمین کەس لە بەریتانیا گلێنەی چاوی دەستکردی بۆ دابنرێت
سێسیل فارلەیی تەمەن 91 ساڵ بوو بە یەکەمین کەس لەنێو مێژووی دەزگای تەندروستیی بەریتانیادا، کە توێژاڵێکی دەستکردیان لە چاویدا بۆچاند.
توێژاڵەکە کاری گلێنەی چاوی بۆ دەکات، پاش نەشتەرگەرییەکەی ستایشی پزیشکەکانی کرد و گوتی، “ئیدى دەتوانم هاوسەرەکەم ببینم”.
ئەو، خەڵکی شاری چۆبهامە لە سورێی، کێشەی لە چاوی راستیدا هەبوو، دواتر بەتەواوی بینینی لەدەستدا، نەشتەرگەرییەکە بینینی بۆ گەڕاندەوە.
واشنتن پۆست
بایدن سنوورێک بۆ گەیشتنی پەنابەرانی نایاسایی دادەنێت
رێوشوێنەکان لەبەرامبەر گەیشتنی پەنابەرانی نایاساییدا توندتر دەکرێنەوە
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا پلانێک بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی نایاسایی لە سنورەکانەوە بکات.
چوار سەرچاوەی ئاگادار لە ئیدارەکەی بایدن راستیی ئەم هەواڵەیان بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست پشتڕاتکردووەتەوە و گوتویانە زانیارییان هەیە، بایدن ئەمڕۆ بڕیارەکە رادەگەیەنێت و دەیەوێت پەڕینەوەی پەنابەرانی بۆ نێو ئەمریکا کەمدەکاتەوە.
نیویۆرک تایمز
ئەگەر سەرۆکی وڵات تاوانباربێت کێ دەتوانێت رایبگرێت؟
دەستەی باوانە دامەزرێنەرەکان لە زووەوە هۆشدارییان لەبارەی ئەو جۆرە سەرۆکانەوە داوە، کە مل بۆ دەزگاکانی چاودێریکردن نادەن.
پاتریک هێنریی، سەرکردەی پاڵەوانی مێژوویی هەر زوو هۆشداریی لەوەدابوو، کە رۆژێک دێت سەرۆک لە پۆستەکەیدا هەڵسوکەوتی خراپ بکات، بەڵام لەوانەیە بیری بۆئەوە نەچووبێت، خودی سەرۆک لە گەڵ کچێکی پۆرنستاردا لەنێو ژووری ئوتێلێکدا بمێنێتەوە، دواتریش بۆ بێدەنگبوون، بە ئاشکرا پارەی زۆری پێبدات.
ئەم بابەتە پەیوەستە بە دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، کە بەمدواییە دادگا کۆمەڵێک سزاى بۆ دیاریکرد.