رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی بەهۆی لێچوونی غازەوە رووداوێکی تاقانە نییە لە جیهاندا، کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەم بابەتە بووین، تەقینەوەیەکی هاوشێوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجبێووبن باشووری رۆژهەڵاتی رووسیا روویدا، بەگوێرەی تازەترین زانیاریی تاوەکو ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان منداڵن..
بۆ ئەوەی دووربین لە رووداوی هاوشێوە، پێویستە لە سیستەمی گەرمکەرەوەی غاز تێبگەین، بزانین چۆن کاردەکات و چۆنیش مامەڵەی لەگەڵدا بکەین..
رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی بەهۆی لێچوونی غازەوە رووداوێکی تاقانە نییە لە جیهاندا
سیستەمی بۆری غاز راستەوخۆ غازی سروشتی لە تانکییەکەوە بۆ سیستەمی گەرمکەرەوەکە دەنێرێت، سیستەمەکە پێکهاتووە لە لقێکی سەرەکی و چەند لقێکی دیکەی ناسەرەکی..
سیستەمەکە بۆ گەیاندنی غازە سروشتییەکە پشت بە فشار دەبەستێت، غاز لە پەستانی بەرزەوە بۆ پەستانی نزمتر دەڕوات، هەربۆیە بۆ کەمکردنەوەی فشاری زۆری غازی ناو تانکییەکە، ئامێرێکی دیکە دادەنرێت بۆ ئەوەی فشارەکە لەسەر بۆرییەکان کەمببێتەوە..لە بنەڕەتدا تانکییەکان کوالیتیان بەرزە و بەگەی فشاری زۆر دەگرن، بۆیە ئاستەمە تووشی کێشە ببێت، بەڵکو ئەوەی کێشە دروستدەکات و تەقینەوەکە دروستدەکات لێچوونی غازە لە بۆرییەکانەوە..
بۆری غاز بە سێ هۆکار تووشی ئەو لێچوونە دەبێت، یان ئەوەتا کوالێتییەکەی خراپە یان بەباشی و بە دروستی نەبەستراوە یاخود ژەنگی هەڵهێناوە، بۆیە غازەکە لەو ژوورەدا قەتیس دەبێت و ئامادەدەبێت بۆ گڕگرتن، ئەمەش وادەکات داگیرساندنی پلاکێکی کارەبا، یاخود تەنانەت وەڵامدانەوەی تەلۆفۆنێکیش بەس بێت بۆ ئەوەی غازەکە وەکو بۆمب بتەقێتەوە.. بۆیە هەموو بۆرییەکی غاز ساڵانە پێویستی بە سیانەکردن و چاککردنەوە هەیە..
بۆ ئەوەی دووربین لە تەقینەوەی بۆریی غازەکە، پێویستە پی ڤی سی بەکاربهێنین، کە بەرگەی ماوەیەکی زۆرتر دەگرێت و ژەنگ هەڵناهێنێت، جگەلەوەش بەرگەی تەقین و شکان دەگرێت و بە تەکنیکێکی باشتریش جۆین دەکرێت..
هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی ئێمە وەکو وڵاتانی دیکەی جیهان نییە، ئەوان لەوێ سیستەمی غازیان بەشێوەی تۆڕی نیشتمانی گەیاندووەتە ماڵان، جگەلەوەش یەکەی خزمەتگوزاری و فریاکەوتنی خێرایان هەیە و تاوەکو رادەیەکی زۆر رێگریی دەکەن لەوەی کارەسات رووبدات، تەنانەت لە بەشێک لە وڵاتاندا ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئەو کێشەیە تەرخانکراوە، لەسەر ئۆتۆمبێلەکان نوسراون “ئەگەر بۆنی غازت کرد، پەیوەندیمان پێوەبکە”..
وڵاتانی دیکەی جیهان، سیستەمی غازیان بەشێوەی تۆڕی نیشتمانی گەیاندووەتە ماڵان
سەرباری هەموو ئەمانەش، لە جیهاندا رووداوی هاوشێوەی تەقینەوەکەی سلێمانی هەبووە بە تایبەت لە وەرزی زستاندا، بۆنموونە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە لیشبۆنەی پایتەختی پورتوگال بەهۆی تەقینەوەی بۆری غازەوە باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی زیانی بەرکەوت و 15 کەسیش بەهۆیەوە برینداربوون..
لە مانگی ئایاریشدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دوو کەس بەهۆی تەقینەوەی غاز لە باڵەخانەیەکدا گیانیان لەدەستدا و 18ی دیکەش برینداربوون..
هەر لەو مانگەدا رووداوێکی گەورەتر لە هاڤانای پایتەختی کوبا روویدا، کاتێک بەهۆی دزەکردنی غازەوە بۆ ناو هۆتێلێک 45 کەس گیانیان لەدەستدا و 97 کەسی دیکەش بریندار بوون..
لە مانگی حوزەیرانیشدا لەشاری بێرمینگهامی بەریتانیا بەهۆی لێچوونی غازەوە خانوویەک خاپور بوو، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، ئەمە جگەلەوەی کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو..
مانگی ئابیش تەقینەوەی بۆری غاز خانوویەکی لە باشووری لەندەن رووخاند و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ گیانی لەدەستدا..
تازەترین رووداویش، رووداوەکەی ئەمڕۆی رووسیا بوو، لە دوورگەی ساخالین، کە نۆ کەسی کوشتووە، سەرچاوەکان دەڵێن بەهۆی لێچوونی غازەوە تەواوی باڵەخانەکە داڕماوە.