زووم…
لە رۆژى جیهانیی منداڵاندا، راپۆرتەکانى زۆرێک لە میدیاکانى ئێران ئاماژە بە خراپی دۆخى منداڵانى وڵاتەکە دەکەن و یەک هۆکار بۆ زۆربونى منداڵانى ئیشکەر لەسەر شەقامەکان باس دەکەن، ئەویش هەژارى خەڵکى وڵاتەکەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانى ئێران، 15٪ی منداڵانی ئێران منداڵانی کارن و ئەم ژمارەیەش بەهۆی هەژاریی خێزانییەوە زیادی کردووە، هەروەها نزیکەی لەسەدا 10ـى ئەو منداڵانە توانای خوێندنیان نییە.
لە راپۆرتەکەدا نموونەی کاری منداڵان جگە لە کرێکاری، کاری ناوماڵ، بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، کۆڵبەری و دەستدرێژی سێکسی باسکراوە.
لە ساڵی 1993دا حکومەتی ئێران یاسای مافی منداڵانی بەو مەرجە قبوڵ کرد کە کاری منداڵان قەدەغەیە و بە تاوان دادەنرێت، بەڵام سەرەڕای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی منداڵانی خوار تەمەنی 15 ساڵ، ئێمە بوونی منداڵان لە کارە جیاوازەکاندا دەبینین، لەنێو ئەو کارانەی کە منداڵان ناچار دەکرێن بیکەن، کۆکردنەوەی شتومەک لەناو تەنەکە خۆڵەکانە کە لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
هەندێک لە بەرپرسان باسیان لە مافیایەکی پاشماوە کردووە، کە منداڵان بە مەبەستی کۆکردنەوەی پاشماوەکان دادەمەزرێنن.
پەرلەمان لەژێر ناوی ئاڵنگاریی چاودێریی کاریگەر لە بەکارنەهێنانی کاری منداڵان، دەیەوێت وەک یاسای کار و یاسای پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵان، حکومەت رێوشوێن و پشتگیری بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کاری منداڵان کەم بکاتەوە، بەڵام بەردەوام ژمارەی کاری منداڵان لە زیادبوون دایە و حکومەتی ئێران رێگە بە چالاکی رێکخراوە ناحکومییەکانیش نادات. بۆ نموونە رێگری لە چالاکیی گەورەترین و کاریگەرترین رێکخراوی ناحکومی جەماعەت ئیمام عەلیـی ئێران کرد، دواتریش دوابەدوای سکاڵای وەزارەتی ناوخۆ، دەسەڵاتی دادوەری ئەم رێکخراوەی هەڵوەشاندەوە و بەشێک لە بەڕێوەبەرەکانی لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە دەستگیرکران.