زووم…
جارێکی دیکە خۆپیشاندەرانی توڕە رژانە سەر شەقامەکانی شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی توندی خۆیان لە دژی بڕیارێکی نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیران بۆ پێدانی چەند گوندێکی سەرسنور بە نەیارێکی وڵاتەکەیان، ئازەربایجان.
خۆپیشاندانەکان مانگی رابردوو سەریانهەڵدا، بەهۆی نەخشە و پلانەکان بۆ رادەستکردنەوەی گوندەکان بە ئازەربایجان کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لەلایەن ئەرمینیاوە کۆنترۆڵکراون.
بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا وەک خۆی ماوەتەوە، سەرەڕای تەحەداکردنی لەلایەن قەشە “باگرات گالستانیان”ەوە کە هەوڵیداوە پرۆسەی لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیران دەستپێبکات.
هەرچەندە خۆپیشاندەران زۆر توڕەن لە سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لەبارەی پێدانی ئەو چەند گوندە بە ئازەربایجانی دراوسێ، بەڵام ئەرمینیا و ئازەربایجان دەڵێن بڕیارەکە بناغەیەکی گرنگە بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی رێکەوتنی ئاشتی، بەتایبەت لە دوای چەندین جەنگی خوێناویی نێوانیان لە دوای 1991.
بڕیارەکە جگە لە زۆرینەی ئەرمینیەکان، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیشی توڕە کردووە و دەڵێن لێپێچینەوەی یاسایی لە سەرۆکوەزیران دەکەن.
ئەرمینیا و ئازەربایجان بەهۆی ناوچە جێناکۆکەکانەوە، بەتایبەت هەرێمی ناگۆرنۆ کارەباخ، کە زۆرینەی دانیشوانەکەی ئەرمەنین و لەرووی نێودەوڵەتیەوە وەکو بەشێک لە ئازەربایجان ناسێنراوە، چەندینجار جەنگی سەخت لە نێوانیان روویداوە.
لە ساڵی 2020 ئازەربایجان هەندێک لەو ناوچانەی لەدەستدا، بەڵام لە ساڵی 2023 لە هەڵمەتێکدا دژی چەکدارە جودایخوازەکانی ئەرمینیا، دووبارە ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکردەوە، لەوکاتەشەوە هەردوو وڵات هەوڵی رێکەوتن و بەرقەرارکردنی ئاشتی دەدەن.