زووم…
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رۆژی 31ی ئایاری هەموو ساڵێکی بەڕۆژی نەهێشتنی جگەرە کێشان دیاریکردوە و لەجیهاندا بە چالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.
پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشانی دەرکرد کە لە 13 مادە پێکهاتووەو لە رۆژی 31ی ئایاری 2008ەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مادەی هەشتەمی یاساکەش شوێنە گشتییەکانی دیاریکردوە کە نابێت جگەرەی تێدا بکێشرێت، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات بە بڕی ١٠ هەزار دینار غەرامە بکرێت.
تەندروستی جیهانی و رێکخراوی ستراتیژی ژیانی ئەمریکی دەڵێن، لەجیهاندا ژمارەی ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن، ملیارێکی تێپەڕاندوە.
جگەرە کێشان بەیەکێک لەهۆکاری توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی سیەکان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و تەنگە نەفەسی و نەخۆشی درێژخایەن دادەنرێت.
وەسیم گەیلان یاریدەدەری بەڕێوەبەری پرۆگرامی کۆنترۆڵکردنی توتن لەوەزارەتی تەندروستی عێراق، دەڵێت، %20ی عێراقییەکان جگەرە دەکێشن و زۆرینەشیان پیاوانن، رۆژانەش لەعێراقدا ئەو پارەیەی بۆ کڕینی جگەرە خەرج دەکرێت دەگاتە 6 ملیار دینار.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری زە لانسێت، لەساڵی 2019دا بەهۆی جگەرە کێشانەوە نزیکەی 9 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات سەنتەری توباکۆ ئەتڵەس بۆ زانیاری توتن لەڕێکخراوی ستراتیژی ژیانی ئەمریکی و زانکۆی ئیلینۆیس لە شیکاگۆ دەڵێن، ساڵانە لەجیهاندا جگەرەکێشەکان زیاتر لە پێنج هەزار ملیار جگەرە بەکار دەهێنن.
لەساڵی 2020دا رێژەی %22ی دانیشتوانی جیهان جگەرە کێش بوون کە زیاتر لە %36یان پیاوان و نزیکەی %8یان ژنان بووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا رێژەکەی بۆ %20 دابەزیوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکیش کە تەندروستی جیهانی پشتیوانیکردوە و گۆڤاری تۆباکۆ کۆنترۆڵ لەساڵی 2018دا بڵاویکردوەتەوە، تا نیوەی سەدەی 21 ئەگەری هەیە 450 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرە کێشانەوە گیان لەدەستبدەن.
تەندروستی جیهانی دەشڵێت، جگەرە تەنها زیانی بۆ کەسانی جگەرە کێش نیە، بەڵکو زیانی زۆریش بەگۆی زەوی دەگەیەنێت، بەشێوەیەک بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی توتن ساڵانە نزیکەی 84 ملیۆن تۆن گازی دوان ئۆکسیدی کاربۆن دەکاتە گۆی زەوییەوە.
ساڵانە لەجیهاندا بەرهەمهێنانی توتن پێویستی بە 22 ملیار تۆن ئاو هەیەو پیشەسازییەکەشی 25 ملیۆن تۆن پاشماوەی مادەی رەقی دەبێت.