زووم:
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت، جەهەپە دەکەینە پارتى دەسەڵات
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، لەپاش 47 ساڵ جەهەپە توانى لەسەرئاستی تورکیا ببێتە پارتى یەکەم لە رووى زۆینەى رێژەى دەنگەوە، کۆمەڵگەى تورکیا چانسێکی گەورەى بە جەهەپە داوە، ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ پارتەکەى ئەتا تورک و ئامانجمان ئەوەیە جەهەپە دەسەڵات بگرێتەدەست.
ئەو دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکی پارتى رەفاى نوێ کۆدەبمەوە.

یەنی ئاکیت
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو حەزی لە ئۆتومبێلی گرانبەهایە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەپاش راگەیاندنی پاکێجی حکومەت بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ رەچاوی دۆخی ئابووریى وڵات ناکات، دوێنی لەکاتی سەردانی بۆ شارەوانی ئوسکودار لە ئەستەنبوڵ، قافڵەیەک ئۆتومبێلی گرانبەهاى بەدواوە بوو، ئیمامئۆغڵو حەزی لە ئۆتومبێلی گرانبەهایە.
تورکگون
بلیتی پاسەکان بۆ جەژنی قوربان فرۆشراون
مستەفا یڵدرم، سەرۆکی گشتیی فیدراسیۆنى پاسەکان لە تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەى پشووى جەژنی قوربان، لەئێستادا نزیکەى تەواوى بلیتی کۆمپانیاکانی پاس بۆ رۆژانی جەژن فرۆشراون.
ئەو دەڵێت، پێشبینی دەکەین لە رۆژانی جەژندا حەوت میلۆن گەشتیار بە هێڵەکانى پاس گەشت بۆ شارەکانى تورکیا بکەن.
یەنی شەفاق
چین زۆرترین هاوکاریی پێشکەش بە غەزە کردووە
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاند، پشتیوانى لە دروستبوونى دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکەین.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، سەرۆکی چین پێشتر سێ ملیۆن دۆلار هاوکارى لێقەوماوانى غەزەی کردبوو.
شی جینپینگ راگەیاندووە، لە رێگەى کەمپینێکەوە بڕی 69 ملیۆن دۆلاری دیکەى وەک هاوکارى بۆ غەزە دابین کردووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەب
سەرکردایەتیی هەرێمى کوردستان هەست بەوە دەکەن حکومەتەکەی سودانی خاوەنی بڕیار نییە
رۆژنامەی عەرەب لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی لەسەر سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتى، مەسرور بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵى هەوڵی داوە چارەسەرێک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بدۆزێتەوە.
رۆژنامەکە نووسیەتى، سەرکردایەتیی هەرێمى کوردستان هەست بەوە دەکەن حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خاوەنی بڕیار نییە، کاتێکیش پابەند دەبێت بە دابەشکردنی مووچە، لایەنەکانی دیکە بەربەست دروست دەکەن.
شەرقلئەوسەت
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی ئێران کرایەوە
دوای ئەوەی رۆژی 18ـی ئەم مانگە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کەوتەخوارەوە، خۆی و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و شەش کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا، رۆژی پێنجشەممە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێران کرایەوە.
رۆژنامەکە زانیاری لە ئاژانسی ئیسنای ئێران وەرگرتووە و باسی لەوە کردووە، لە سێ کاتژمێری سەرەتادا 30 کەس ئامادەبوون، کە مەرجی تەواوەتییان هەبووە بۆ خۆکاندیدکردن.

قودسی عەرەبی
سلۆڤینیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت
رۆبێرت گۆلۆب، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا رایگەیاند، حکومەتەکەی رازی بووە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا بنێت.
ئەم بڕیارەی سلۆڤینیا دوای ئەوە دێت، 28ـى ئەم مانگە ئێرلەندا و نەرویج و ئیسپانیا دانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا نا.
گۆلۆب دوای ئەو بڕیارە داوای کرد دەستبەجێ شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتایی پێبێت و ئاگربەستی غەزە رابگەیەندرێت و سەرجەم بارمتەکان ئازادبکرێن.
عەرەبی جەدید
خانیونس دووبارە دەبێتەوە پەناگەی ئاوارە فەلەستینییەکان
ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانەی غەزە کە پێشتر لە کەمپەکانی رەفەح دەمانەوە، ئێستا پەیتا پەیتا دەچنە ئەو بینایانەی پێشتر دامەزراوە و قوتابخانە بوون بەتایبەتی لە شاری خانیونس و لەو شوێنانە دەمێننەوە.
دوای ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی غەزە لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە نزیک لە سنوورەکانی میسر، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم فەلەستینییەکاندا نەماوە جگە لەوەی بچنە قوتابخانە و دامەزراوە چۆڵکراوەکانی خانیونس کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومانکراون و بمێننەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ترەمپ لە کێشەی بەرتیلدانەکەدا بە تاوانبار دەرچوو
دادوەرێکی باڵای دادگای نیویۆرک رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی تۆمەتی تەزویرکردنی 34 تۆماری دارایی و وەسڵدا تاوانبار دەرچوو.
ترەمپ لە ساڵی 2016ـدا بڕێک پارەی داوە بە ژنێکی ئەکتەری بواری پۆرنۆگرافی، بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت و لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا قسە بۆ راگەیاندنەکان نەکات و ئاشکرای نەکات، کە پەیوەندییان پێکەوە هەبووە.
بەمشێوەیە ترەمپ دەبێت بە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دۆسێیەکى لەم شێوەیەدا و لەبەردەم دادگادا تاوانبار دەربچێت.

دەیلی مەیل
وەزارەتى تەندروستیی بەریتانیا چارەسەر بۆ توشبووانى شێرپەنجە لە وڵاتەکەی دابیندەکات
لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هەموو توشبوویەکى شێرپەنجە لە بەریتانیا جۆرێک چارەسەر وەردەگرن، کە هەریەکەیان بەتایبەتی بۆ خۆی دروستکراوە.
پزیشکەکان دەڵێن، ئەم جۆرە چارەسەرە دەدرێت بە ئەو نەخۆشانەی لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و ترسی ئەوەیان هەیە، نەخۆشییەکەیان بە قورسی سەر هەڵبداتەوە.
چارەسەرەکە ڤاکسینە، پزیشکەکان دەڵێن ئەم ڤاکسینە نوێیانە بە سەردەمێکی نوێ دادەنرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، کە خەڵکێکی زۆر تووشی بوون.
دەیلی تەلەگراف
بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆکراین هەڵکردووە لەمەودوا بتوانێت نێو روسیا بۆردوومان بکات
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆکراین هەڵکردووە، لەمەودوا بتوانێت چەکە ئەمریکییەکان بەکاربهێنێت بۆ بۆردومانکردنی هەر خاڵێک لەنێو خاکی روسیادا.
ئەمە پاش ئەوە دێت، کە سەرۆکی ناتۆ رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە ئەو قەدەغەیە لاببرێت لەسەر ئۆکراین بۆ بەکارهێنانى ئەو چەکانە.
عەرەب نیوز
سەرۆکی چین داوادەکات بە گفتوگۆی ئاشتییانە کۆتایی بە شەڕی غەزە بهێندرێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بە گرنگییەوە سەیری رۆڵی نێوەندگیریی چین لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت، هەر لە چینەوە و جارێکی دیکە وەزیری کاروباری دەرەوەی سعودیە داوای ئاگربەست دەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین قورسایی خۆیی خستە پاڵ ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی داوای کۆتاییهێنان بە شەڕى ئیسرائیل لە کەرتی غەزەدا دەکەن و داوای کرد کۆنفرانسێکی بنکەفراوانی ئاشتی ببەسترێت و کێشەی شەڕەکەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا چارەسەربکرێت.