زووم…
لەماوەی 33 ساڵی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراون، یەکەمیان لە 19ـی ئایاری 1992 بوو، هەرچەندە بەگوێرەی مادەی 51ـی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992، دەبوو چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکرایە، بەڵام ئەوکات بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، تا ساڵی 2005 هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان نەکرا.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بۆ خولەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم لە کاتی خۆیدا کران، بۆیە بەدەر لە ماوەی شەڕی ناوخۆ و لێکەوتەکانی، هیچ کاتێک پەرلەمانی کوردستان وەک هەڵبژاردنی خولی شەشەم رووبەڕووی قەیران نەبووەتەوە.
ئێستا نزیکەی یەک ساڵ و نیو بەسەر ماوەی یاسایی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و رۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2022 ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات.
ئەوکات، بەشێک لە فراکسیۆنەکان تەمەنی خولی پێنجەمیان درێژکردەوە، دواتر لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر درێژکردنەوەکە تۆمارکرا، دادگاکە رۆژی 30ـی ئایاری 2023 بڕیاری خۆی دا و یاسای درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، گوتی، نادەستوورییە.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گەڕێکی دیکەی ململانێ لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد و ئەوەندەی دیکە هەڵبژاردنی دواخست، بڕیاڕێکی دادگای فیدراڵیش، لەسەر سکاڵایەتی یەکێتی، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە و کورسیی کۆتاکانی نەهێشت.
لەماوەی ئەم بێنەوبەردانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، تائێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار جار نووسراوی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەرکردووە، بەگوێرەی دوا نووسراو، دەبوو 10ـی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجامبدرایە، بەڵام پارتی، بەهۆی رەخنەی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کرد، دواتریش بەهۆی سکاڵایەکی مەسرور بارزانییەوە لە دادگای فیدراڵی، کارەکانی کۆمسیۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە راگیران.
ئێستا، دوای بڕیارێکی دەستەی دادوەری، کارەکانی کۆمسیۆن دەستیپێکردووەتەوە و پێنج کورسیش بۆ کۆتاکان گەڕێنراوەتەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بەنووسراوی فەرمی پێشنیازی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم کردووە رۆژی 5ـی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرێت، سەرۆکایەتیی هەرێمیش لایەنە کوردستانییەکان کۆدەکاتەوە بۆ رێککەوتن لەبارەی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەو هیوایەی ئەمجارە هەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دەست بە کار بکاتەوە.