زووم…
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەریتانیا بەفەرمی چووە بوارەی جێبەجێکردنەوەو بڕیارە 4ـی تەموزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامبدرێت، بەگوێرەی راپرسییەکانیش پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەجیاوازییەکی زۆر لەپێش پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری ئێستایە و پێشبینی دەکرێت دوای 14 ساڵ بگەڕێتەوە دەسەڵات.
هەفتەی رابردوو لە بڕیارێکی کتوپڕدا، ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەوتارێکیدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، لەئێستا 650 کورسییەکەی پەرلەمانی بەریتانیا چۆڵە و بڕیارە لە 9ـی حوزەیراندا کورسییەکان بە ئەندامی نوێوە پڕبکرێنەوە، ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام دەبێت.
چاودێران و شارەزایان پێیانوایە دیاریکردنی رۆژی 4ـی تەموز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە لەبری کاتی ئاسایی خۆی لەکۆتایی ئەمساڵدا، هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی پارتەکەی بۆ دەسەڵات کە بەگوێرەی راسپرسیەکان پاشەکشەی کردوە.
دوای 14 ساڵ لە ئۆپۆزسیۆن بوو، لەئێستادا پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەسەرۆکایەتی کیر ستارمەر کە پێشتر پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بووە، چانسی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات بۆ رەخساوە.
تائێستا نزیکەی 129 پەرلەمانتار رایانگەیاندووە جارێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن خۆیان کاندید ناکەنەوە، لەنێویاندا 77یان پارێزگارن، ئەوەش بەکارێکی بێپێشینە دادەنرێت بۆ پەرلەمانتارانی دەسەڵات کە پێیانوایە چانسی بردنەوەیان کەمبوەتەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتی کرێکارانی بەریتانیا لەم ھەڵبژارنەدا %45ی کورسییەکانی پەرلەمان دەباتەوە، لەبەرامبەردا پارتی پارێزگاران %23ی کورسییەکان بەدەست بێنێتەوە، بەوەش پارتی کرێکاران لەهەڵبژاردندا سەرکەوتنی گەورە بۆ خۆی تۆمار دەکات.
ریشی سوناک بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکە گرەو لەسەر دەنگی کەسانی بەساڵاچو و لایەنگرانی راستڕەوەکان دەکات، هاوکات لەبانگەشەکانیدا بەڵێنیداوە بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزاری نیشتمانی و لێخۆشبوون لە باج بە بەهای دوو ملیارو 400 ملیۆن پاوەن.
سوناک هیواکانی لەسەر یەکەم روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کیر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران هەڵچنیوە کە بڕیارە سێشەمەی داهاتوو لەلایەن کەناڵی (ئەی تی ڤی)ی ئەو وڵاتەوە میوانداری بکرێن.
لەئێستاشدا پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەیەوێت سوود لە دەنگە ناڕازیییەکانی بەرامبەر پارتی پارێزگاران وەربگڕێت کە ماوەی هەشت ساڵە روبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ئابوری و ئابرووچوونی دارایی و سیاسی بوونەتەوە.