زووم…
چین دەیەوێت بازێک بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بدات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی وڵاتانی میسر و ئیمارات و تونس و بەحرەینی میوانداریکردووە و کۆڕبەندی هەماهەنگیی وڵاتانی عەرەبی و چین لە پەکین دەستی بە کارەکانی کرد.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆڕبەندەکەدا بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکەشکرد، جەختی لەوە کردەوە هەوڵی تەواوەتی دەدات بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە بواری وزە و چەندین بواری دیکە.
شی جینپینگ کە وڵاتەکەی بە سەرەکیترین هاوردەکاری نەوتی وڵاتانی عەرەبی دادەنرێت گوتی، چین بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە بوارەکانی نەوت و غاز و ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای وزەی هاوچەرخ و بەرهەمهێنانی کانزاکان.
باسی لەوە کرد وڵاتەکەی پشتیوانی بەشداری کۆمپانیاکانی وزە و دامەزراوە داراییەکانی دەکات لە پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە وڵاتانی عەرەبی بە تێکڕای زیاتر لە سێ ملیۆن کیلۆوات.
لەبارەى پرسی فەڵەستینەوە، شی جینپینگ داوای بەستنی کۆنگرەیەکی فراوانی ئاشتی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشمەکێشمی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان و هۆشداریدا لەوە نابێت دادپەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمیشە نادیار بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شی جینپینگ گوتی، ئەوان ئامادەن بە گیانی هاوڕێیانەی نێوان چین و عەرەب کار لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بکەن و لە ساڵی 2026یشدا میوانداری دووەم لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و چین دەکەن.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش گوتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەرەنتی بدەن لەوەی رێگە نادرێت فەڵەستینییەکان بە زۆر ئاوارە بکرێن لە کەرتی غەزە.
گوتیشی، هیچ رێگایەک نییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی جگە لە چارەسەرکردنی گشتگیری پرسی فەڵەستین.
چین بە یەکێک لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی وڵاتانی عەرەبی دادەنرێت، قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە نزیکەی 400 ملیار دۆلار.
بەرفراوانی ئامادەیی چین لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو بابەتانەی ئەمریکا بێزار دەکات و چەندین جار هۆشداری داوە زیادبوونی هەژموونی چین لە ناوچەکە لێکەوتی نەرێنی دەبێت.