زووم…
لە هندستان هەتاو و گەرمای تاقەتپروکێن بڕستی لە خەڵک بڕیوە و خەڵکی ناوچەکانی مونگێشپور و ناوچەکانی دەوروبەری نیو دێلهی پایتەختی هندستان رووبەڕووی گەرمایەکی بەتین بوونەتەوە.
راجبیر رانا دانیشتوویەکی مونگێشپورە و باس لە گەرمای رۆژی چوارشەممەی ناوچەکەی دەکات و دەڵێت: کەشوهەوا لەنێوان کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ تا 2:30ـی دوای نیوەڕۆ زۆر گەرم بوو، بەجۆرێک گەرم بوو هەمووانی نیگەران کرد، پێویستە چی بڵێم؟ ئێمە دەبێت لە کێڵگەکان کاربکەین و گرنگی بە مەڕوماڵاتەکان بدەین، بەڵام ئەمە سروشتەکەیە.
وتیشی: شیر و ئاو و چا دەخۆینەوە، بەڵام هێشتا هەر گەرمە، سەرم بە پارچە قوماشێک داپۆشیبوو هەر گەرم بوو، پێویستە چی بکەین؟ ئیدی کاری خوایە، لە 55 بۆ 56 ساڵی رابردوودا گەرمای لەم جۆرەم نەبینیوە، جارانیش کەشوهەوا گەرم بوو، بەڵام ئاو و درەخت هەبوو، ئێمە لەژێر سێبەری درەختەکاندا دادەنیشتین، بەڵام ئێستا ئیتر دۆخەکە نائومێدکەرە، چوار رۆژە بەو جۆرەیە.
هاریش رانا دانیشتوویەکی دیکەی مونگێشپورە، باس لە دۆخی منداڵەکان دەکات کە بەهۆی گەرماوە نەخۆشکەوتوون و تووشی تا و سکچوون بوون و دەڵێت: منداڵەکان بەهۆی گەرماوە نەخۆشکەوتوون، توشی تا و سکچوون و رشانەوە بوون، ئەمە ئاساییە و بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە روودەدات.
مونگێشپور دەکەوێتە ناوچەکانی دەوروبەری نیو دێلهی، کەشناسی هندستان دەڵێت، پلەی گەرما لە مونگێشپور گەیشتووەتە نزیک 53 پلەی سیلیزی
لەم گەرمایەدا ناچار خەڵک پەنادەبەنەبەر خواردنی بەستەنی و ساردەمەنییەکان و زۆرینەی کاتەکانیان لە ماڵەوە بەسەردەبەن