زووم…
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی 5ـی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازکردووە، ئێستا چاوەکان لەسەر نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی بۆ جاری پێنجەم، کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، هەفتەى داهاتوو سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان لەگەڵ حزبەکان کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنى وادەیەکى نوێی هەڵبژاردن، بەڵام وادیارە هێشتا پرس و جوابی لایەنەکان نەکراوە، مستەفا عەبدوڵا، کارگێرى ئەنجومەنى جێبەجێکردنى یەکگرتوو بە زوومى گوت، تائێستا بانگهێشت نەکراون بۆ دیاریکردنى وادەیەکى نوێ بۆ هەڵبژاردن.
گرنگتر لە دیاریکردنی رۆژەکەی، رێکارەکانی داهاتووی کۆمسیۆنە، هەرچەندە زۆربەی رێکارەکانی تەواوکرد و لیست و کاندیدەکانیش تۆمارکران و ژمارەی خۆیان وەرگرت، بەڵام پێویستە دەرچەیەک بۆ چوونەناوەوەی پارتی و پێکهاتەکان بۆ کێبرکێکە بدۆزرێتەوە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە زوومى گوت، رێکارە کارگێڕییەکان دەکەوێتە سەر ئەو نووسراوەی سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان دەریدەکات، ئایا رێکارەکان بەردەوام دەبن، یان جارێکی دیکە رێکارەکان دووبارە دەکرێنەوە.
لەبارەى دەرچەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، گوتەبێژەکەی کۆمسیۆن رایگەیاند، “ئەگەر پارتی و پێکهاتەکان بڕیاریان دا بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، میکانیزمێکیان بۆ دەدۆزینەوە”.
لەبارەى رێچکەی رێکارەکانی کۆمسیۆن، حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکاری یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە زوومی گوت، ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، کۆمسیۆن ناچار دەبێت جارێکی دیکە رێکارەکان دووبارە بکاتەوە.
لەبارەى بەشداریی پارتی و پێکهاتەکان، ئەبو مەسار گوتی، دوو سیناریۆش هەن بۆ بەشداریکردنیان، یان ئەوەتا پارتی و پێکهاتەکان کۆتا ژمارەی لیست و قەوارەکانیان پێ دەدرێت و دەتوانن لیستی کاندیدانیان پێشکەش بکەن، یان ئەوەتا داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی رێکارەکان و کردنەوەی دەرگای تۆمارکردن و پێشکەشکردنی کاندیدەکان دەکەن.
حەسەن ئەبو مەسار جەختیکردەوە رای زاڵ ئەوەیە کۆمسیۆن تەواوی ئەو رێکارانە دووبارەبکاتەوە کە پەیوەستن بە تۆمارکردنی قەوارە و کاندیدەکان و تیروپشکی ژمارەکانیان، نەک سەرجەم رێکارەکان.
ئەوەتا کۆمسیۆن رایگەیاندووە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دواین وادەی تۆماری بایۆمەتری دەبێت، بۆیە ئەو دەنگدەرانەی کێشەی پەنجەمۆر و نەبوونی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن تا یەکشەمە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن، ئەگەر نا، دوای ئەوە کۆمسیۆن مامەڵەی بایۆمەترییان بۆ ئەنجامنادات.