زووم:
رۆژنامەعەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سەرژمێرییەکەى سبەینێ نە لە ئایین دەپرسێت و نە نەتەوە
محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانى عێراق رایگەیاند، سەبینێ هەینى لەو شوێنانەى دیاریکراون سەرژمێریی ئەزموونى ئەنجامدەدەن و هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە پرۆسەکە بەوپەڕی نێهنى و ئەمانەتەوە بەڕێوەدەچێت و جگە لە بوارى زاستیى سەرژمێری بۆ هیچ مەبەستێکى دیکە بەکارناهێندرێت.
دەڵێت، لەم سەرژمێرییەدا نە لە ئایین و ئاینزاى کەس دەپرسین و نە پرسیارى نەتەوەش دەکەین، مەبەستمانە ئاستى بژێوی و گوزەرانى خەڵک بزانین نەک دیاریکردنى ئاین و نەتەوە.
عەلى تەمیم رایگەیاند، سەرژمێرییەکەى سبەینێ لە 86 گەڕەک ئەنجام دەدرێت، 40 گەڕەکیان دەکەونە نێو شارەکان و 46ـی دیکەیان دەکەونە گوندەکان و لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بۆ سەرژمێرییە ئەزموونییەکە 764 کارمەندى راهێنراو پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، لە سلێمانى هەشت گەڕەک، لە هەولێر سێ گەڕەک و لە دهۆکیش هەشت گەڕەک و لە کەرکوکیش چوار گەڕەک دەگرێتەوە، ئەوەى دەمێنێتەوە دابەشکراوە بەسەر پارێزگاکانى دیکەى عێراقدا.
سەباح
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا: هاوکارییەکانمان بۆ عێراق لە بوارى لاواندا زیادیکردووە
تۆماس سایلەر باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، دواى چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق لە مانگی پێشوو هاوکارییەکانیان لە عێراق بەتایبەتى لە بوارى لاواندا زۆر زیادیکردووە، جەختیشى کردووەتەوە لە رێگەى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنییەوە هاوکارییەکانیان زیاتر دەکەن بەتایبەتى لە بوارى کۆمەڵایەتى و ئابووری و دابینکردنى هەلى کار بۆ لاوان.
ئەو دەڵێت، چینى لاوان لە عێراقدا چینێکى لەبەرچاو و گرنگن، پێویستە بە هەردوولاوە ئاستى ئابوورى و کۆمەڵایەتییان بەرزبکرێتەوە.
سایلەر رایگەیاندووە، عێراق لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا و وڵاتانی دیکەدا لەوبارەیەوە پەیوەندی باشی دروستکردووە، بەتایبەتى لەم چەند مانگەى سەرەتاى 2024دا.
عەرەب
سستى ئاوەدانکردنەوە و ناکۆکی لایەنەکان شنگالى بە وێرانەیی هێشتووەتەوە
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە شنگال، کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەى عەرەبى راگەیاندووە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانى شنگال و هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى هۆکارى سەرەکیی ئاوەدان نەبوونەوەى شنگالە.
لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە، هەرچەندە حەوت ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنى داعش تێپەڕدەکات، بەڵام هێشتا وێرانەیی بە شنگالەوە دیارە.
هاووڵاتییەکى شنگال بەناوى باسم عیدۆ، کە دانیشتووى رەسەنى شنگالە بە رۆژنامەکەى گوتووە لە کۆى 80 ئەندامى خێزانەکەى تەنها 10 کەسیان ماونەتەوە و ئەوەى دیکە لە هێرشەکەى داعش گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دەڵێت، خەڵک بۆیە لە کەمپەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە شنگال لەبەرئەوەى هێشتا بابەتە خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست نین.
دەستوور
لە عێراق خواست لەسەر مۆبایل 112% زیادیکردووە
بەگوێرەى پێگە و رێکخراوە تایبەتمەندەکانى بوارى مۆبایل، هاوردەکردنى مۆبایل لە چارەکی یەکەمى ئەمساڵدا بەڕێژەیەکى لەبەرچاو زیادیکردووە.
رۆژنامەى دەستوور ئاماژەى بەوەکردووە، رێژەى هاوردەکردنى مۆبایل لە عەرەبستانى سعودییە 45% و ئیمارات 19% زیادیکردووە، بەڵام لە عێراق 112% تەنها لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا زیادیکردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، زۆرینەى ئەو مۆبایلانەى هاوردەکراون ئەوانەن نرخەکانیان لە دەوروبەرى 200 دۆلاردایە، پشکی سەرەکیى هاوردەکانیش بەر کۆمپانیا چینییەکانى بوارى مۆبایل دەکەوێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى خواست لەسەر کڕینى مۆبایل بۆ کەمکردنەوەى گومرگ دەگەڕێتەوە، کە لە 17 دۆلارەوە دابەزیوە بۆ سێ تا چوار دۆلار.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
پێویستە تورکیا لە ئەردۆغانیزم رزگارى بێت
موسەوات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتى باش، رەخنە لە هەوڵەکانى ئاک پارتى بۆ گۆڕینی دەستوور دەگرێت و دەڵێت، “کەسێکتان کردوەتە بەڵا بۆ سەر ئەم وڵاتە”.
بەدەر لە یاساکانى هەژموونی دەسەڵاتی سەربازی لە دەستووردا، ئەوانى دیکە لە بەرژەوەندى دەسەڵاتی ئەردۆغاندایە.
ئەو دەڵێت، “پێویستە تورکیا لە ئەردۆغانیزم رزگار بکەین”.
میللیەت
پرسى پەکەکە دەبرێتە ناتۆ
لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، جەختکرایەوە لە ناتۆ باس لەو وڵاتانە بکرێـت پشتیوانی لە پەکەکە دەکەن، بەتایبەتی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی بەهێزى پەکەکە لە ناوچەکە دەبینرێت.
تورکیا بە نیازە لە کۆبوونەوەى ناتۆ لە مانگی تەمموزى ئەمساڵ لە واشنتن ئەم بابەتە بخاتەڕوو.
یەنی بیرلیک
هەنگاوى خێرا بۆ پڕۆژەى زەنگەزور دەنرێت
عەبدولقادر ئورەڵئۆغڵو، وەزیرى ژێرخان و گەیاندن تورکیا رایگەیاند، لەمساڵدا رێگەى ئاسنینی زەنگەزور لەنێو خاکی تورکیا دەستپێدەکات، ئەگەر بێت و ئەرمەنستان هەنگاوی ئەرێنی نەنێت، ئەوا رێگە ئاسنینەکە بە ئێراندا تێدەپەڕێنین.
حوڕییەت
ئاک پارتى پلانی ریفۆڕمی چوار ساڵەى هەیە
ئەفکان ئاڵا، سەرۆکی فراکسیۆنى ئاک پارتى رایگەیاند، لەئێستادا کار لەسەر پاکێجێکی ریفۆڕم دەکەین و تاوەکو ساڵى 2028 تەواوى دەکەین.
ریفۆرمەکە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە پێشتر لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنی لەسەر واژۆکراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جمهوری ئیسلامی
گۆشت لەسەر خوانی خەڵک نەماوە
هاووڵاتییەکى ئێران دەڵێت، نرخی گۆشتی سوور لەم رۆژانەدا بۆ سنووری یەک ملیۆن تمەن بۆ هەر یەک کیلۆیەک بەرزبووەتەوە.
نرخەکان گەیشتوونەتە لوتکە و چینی کرێکاران و کەمداهاتەکان ناتوانن بیکڕن، هەموو جارێک بەرپرسان بەڵێن دەدەن گۆشت هاوردە بکەن بۆ ئەوەی نرخەکان دابەزن، بەڵام تائێستا نرخەکان بەراورد بە پێشوو هەرزان نەبووە و لە زۆربەی شوێنەکان گرانتریش بوون.
مەردوم سالاری
ئێران جەخت لە چەکداماڵینی تەواوەتی حزبە کوردییەکان لە عێراق دەکاتەوە
محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەگەڵ عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە،رێککەوتنێکی نێوان تاران و بەغداد بۆ داماڵینی چەک و سنووردارکردنی ئەو حزبانە لە کەمپە کۆنتڕۆڵکراوەکاندا واژۆکراوە، دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
ئەو دەڵێت، ئەوەی گرنگترە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتی عێراق، کە بڕیارێکی ستراتیژی و نیشتمانییە و لەلایەن رێبەری ئێرانەوە جەختی لەسەر دەکرێت، بۆیە گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و هاوڕێکانی کاریگەری لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان نابێت و پەیوەندییەکانمان بەردەوام فراوان دەبێت.
قودس
جگەرەکێشانی ئێران رۆژانە 300 هەزار دۆلار دەسووتێنن
رۆژانە بڕێکی زۆر پارە لە جگەرەکێشاندا دەسووتێت، بەجۆرێک رۆژانە نزیکەی 20 ملیار تمەن لەلایەن جگەرەکێشەکانەوە لە ئێران خەرج دەکرێت و لەلایەکی دیکەوە پێنج ئەوەندەی ئەم بڕە پارەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی جگەرەکێشان و شێرپەنجە خەرج دەکرێت.
محەممەد رەزا مەعدەنی، بەرپرسی ناوەندی کۆنترۆڵی تووتن دەڵێت، بەشێک لە وڵاتانی دراوسێمان بە باشی کۆنترۆڵی جگەرە دەکەن و باجی جگەرەیان بۆ شەش هێندە زیادیکردووە، بەجۆرێک چینی خوارەوە دەستی پێنەگات و ناچارن وازی لێبهێنن.
لە ئێران بەگوێرەی یاسا پێویستە ساڵانە باج لەسەر جگەرە بەڕێژەی 10% زیاد بکرێت، بەڵام ئەو یاسایە جێبەجێ نەکراوە و ژمارەی مردنى رۆژانە بەهۆی جگەرەکێشانەوە لە ئێران یەکسانە بە کەوتنەخوارەوەی دوو فڕۆکە و گیانلەدەستدانى 400 سەرنشین، ئەمەش لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ کۆمەڵگە و وڵات هەیە.
کەیهان
ئێران ساڵانە بە بەهاى 12 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هەناردەى عێراق دەکات
سید جەعفەر حوسێنی، بەرپرسی گەشەپێدانی هەرێمەکان لە رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران رایگەیاند، هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی رابردوودا گەیشتە 12 ملیار دۆلار.
دەڵێت، دوای رووخانی سەدام حسێن، هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 20 هێندەى پێشوو زیادیکردووە و لە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 12 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئندپێندێنت
پەرلەمانتارانى بەریتانیا رەخنەی تووند لە پلانی ریشی سوناک بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەگرن
ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، دوای ئەوەی کاریگەرترین لیژنەی پەرلەمانی وڵاتەکەی گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە پلانێکی جێگەی متمانەی نییە لەبارەی سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا.
لەوبارەیەوە راپۆرتێک بەکۆی دەنگی ئەندامانى لیژنەی هەژماریی گشتی لە پارتە جیاوازەکانەوە ئامادەکراوە و تێیدا هاتووە، وەزارەتى ناوخۆ متمانەی بەخۆی نییە لە جێبەجێکردنی پلانی رواندا.
واشنتتن پۆست
شارەزایان دەڵێن، ئیسرائیل بۆمبی دروستکراوی ئەمریکای لە هێرشکردنە سەر رەفەح بەکارهێناوە
دوای لێکۆڵینەوەی رووکەشی لە چوار جۆر چەک، کە لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی رەفەح ئەنجامیداون، دەرکەوتووە ئیسرائیل بۆمبی دروستکراوی ئەمریکای بەکارهێناوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەمپەکەدا کەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 75 کەس، سەرەڕای ئەوەی وێرانکارییەکی گەورەی بەسەر ماڵوحاڵی دانیشتووانی کەمپەکەدا هێنا.
ئۆرشەلیم پۆست
بلینکن هۆشداری لە ئاڵۆزیی غەزە دەدات لەکاتێکدا ئیسرائیل پێشبینی دەکات شەڕ بۆ ماوەی حەوت مانگی دیکە بەردەوامبێت
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دەدات، ئاڵۆزی باڵ بەسەر غەزەدا بکێشێت تاوەکو ئیسرائیل دەستبەجێ پلانی یەکەم رۆژی دوای جەنگ لەو کەرتەدا جێبەجێ نەکات، ئەمە لەکاتێکدایە ئیسرائیل وای داناوە جەنگی حەماس بۆ ماوەی حەوت مانگی دیکە درێژە بکێشێت.
عەرەب نیوز
لە بەرەی راستیی مێژوودان
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، دوای ئەوەی سێ وڵاتی ئەورووپی فەڵەستینیان وەکو دەوڵەت ناساند، بە وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی راگەیاند، ئەوان لە بەرەی راستیی جیهاندان.
فەیسەڵ بن فەرحان، ئەمەی لە کۆبوونەوەیەکدا پێگوتوون، کە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر پرسی غەزە بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو هەریەک لە ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج رایانگەیاند، فەڵەستین وەک دەوڵەت دادەنێن.