رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
موقتەدا سەدر داواى دەرکردنى باڵیۆزی ئەمریکا دەکات
بەهۆی پشتگیرییە بەردەوامەکانى ئەمریکا لە ئیسرائیل، موقتەدا سەدر داوا دەکات کاربکرێت بۆ دەرکردنى باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە عێراق، بەشێوەیەکی ئاشتییانە و گوتویەتى داواکارییەکەم بۆ دەسەڵاتدارانى عێراق دووپات دەکەمەوە (ئەو نەفامە) لە عێراق بکەنە دەرەوە بەشێوەیەکى ئاشتییانە و دبلۆماسییانە و بەبێ خوێنڕشتن، بۆ ئەوەى ئاشتیخوازی و دوور لە جەنگی خۆمانیان بۆ بسەلمێنین.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەمووان بۆ وەڵامى داواکارییەى موقتەدا سەدر بێدەنگییەکى سەرتاسەرییان هەڵبژاردووە، چ لەسەر ئاستى حکومەت و چ لەسەر ئاستى بەرەى مقاوەمە.
سەباح
رۆژى هەینى بەشێوەى ئەزموونى سەرژمێریی بەڕێوەدەچێت و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە
عەلى عوریان ساڵح، بەڕێوەبەرى جێبەجێکاری سەرژمێری عێراق رایگەیاند، رۆژى هەینى دەست بە پرۆسەى سەرژمێری لە عێراق دەکرێت و بەشێوەى ئەزموونى 14 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە 600 توێژەر سەرپەرشتى دەکەن و لەسەرجەم پاریزگاکان بەشێوەى هەڕەمەکی پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و لە هەر پارێزگایەکیش چەند گەڕەکێک ئەزموون دەکرێت، تاوەکو لە سەرژمێریی مانگی تشرینى یەکەمى ئەمساڵدا پرۆسەکە باشتر بەڕێوەبچێت و هەڵەکان کەمبکرێنەوە و رێگەکان ئاسانتر بکرێن.
عەلی عوریان راشیگەیاند، سەرژمێرییەکە بازاڕ، دوکان و مۆڵ و شوێنەکانى نیشتەجێبوون دەگرێتەوە.
دەستوور
ئەمڕۆ 54ـمین کۆبوونەوەى وەزیرانى راگەیاندنى وڵاتانى عەرەبی بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ بەحرەین پێشوازیی دەکات لە وەزیرانى راگەیاندنى وڵاتانى عەرەبی و 54 ـەمین کۆبوونەوەى خۆیان ئەنجامدەدەن، بڕیارە وەزیری راگەیاندنى سەرجەم وڵاتانى عەرەبی ئامادە بن و کۆبوونەوەکەش لەلایەن ئەحمەد رەشید خەتابی، ئەمینداری گشتیى کەرتى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى ئەو وڵاتەوە بەڕێوەبچێت.
ئەو دەڵێت، لەم کۆبوونەوەیەدا بە چڕی تیشک دەخەنە سەر کێشەى فەلەستین، لە روانگەى راگەیاندنەوە، هەروەها باسکردن لە رۆڵی ئەلیکترۆنى لە بوارى راگەیاندندا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەیان دەبێت.
عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان سەرۆکایەتى شاندى عێراق دەکات.
عەرەبی جەدید
لەنێوان عێراق و سوریا دیوارى کۆنکرێتى دروستدەکرێت
میقداد میریی، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دیوارێکى کۆنکرێتى بە درێژایی 170 کیلۆمەتر لەنێوان عێراق و سوریا دروستدەکرێت و درێژییەکەى 618 کیلۆمەترە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەرپرسانى عێراق هەمیشە باس لەوە دەکەن لە سنوورى سوریاوە ماددەى هۆشبەر و کەسانى نایاسایی و “تیرۆریست” دێنە نێو خاکی عێراق.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە ساڵی 2018 ەوە تائێستا لەنێوان هەردوو وڵاتدا 12 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن واژۆکراوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون، دیارترینیان کۆنترۆڵکردنى سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنى شەفاق
ئیسرائیل بە پشتیوانی وڵاتانى دیکە کۆمەڵکوژى لە غەزە دەکات
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل بە پلەى یەکەم لەلایەن ئەمریکاوە دواتریش لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە چەکی پێدەدرێت و هاوکارى دەکرێت، ئەو کۆمەڵکوژییەى لە غەزە دەیکات بە پشتیوانى ئەو وڵاتانەیە.
ئەو دەڵێت، ئەگەر بێت و ئەو هاوکارییانەى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئیسرائیل نەمێنێت، ئیسرائیل ناتوانێت کۆمەڵکوژى بکات.
سۆزجو
چاوەڕێ دەکرێت رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا بەرزتر ببێتەوە
بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینی دەکات، رێژەى هەڵاوسانی ساڵانە لەم مانگەدا بگاتە 75%.
هاوکات هاووڵاتیانی تورکیا چاوەڕێ دەکەن لە کۆتایی ئەمساڵ رێژەى هەڵاوسان بۆ رێژەى 92% بەرزترببێتەوە.
بەگوێرەى راپرسییەک، لە ئیستەنبوڵ لە 10 خێزان، یەکیان بە مووچەی 10 هەزار لیرەى خانەنشینی، هەژارانە دەژین و لە سێ خانەنشین، یەکیان کاردەکات.
تورکیا
کرێی خانوو لە تورکیا هەرزان دەبێت
بەگوێرەى بڕیارێکی محەمەد شیمەشەک، وەزیرى دارایی تورکیا لە یەکی تەمموزەوە بەزرکرنەوەى رێژەى کرێى خانوو 25% کەم دەکرێتەوە، ئەو 25%ـە بۆ خاوەن یەکەکانى نیشتەجێبوون دیاریکرابوو، ئێستا لادەبرێت.
لە یەکی تەمووزەوە زیادکردنى کرێی خانوو بەگوێرەى رێژەى هەڵاوسانی ساڵانە دیاریدەکرێت.
قەرار
پاسپۆرتی تورکی گرانترینە
تێچووی دەرکردنى پاسپۆرتی تورکی هەشت هەزار و 923 لیرەیە، بەمەش بە گرانترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی وڵاتان دادەنرێت و لە زۆرى تێچووەکەیدا ناوى لە یەکەم وڵاتدا بەراورد بە 194 وڵاتی دیکە.
هاوکات لە لیستی پاسپۆرتی وڵاتان، پاسپۆرتی تورکیا 52ـەمین بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانە، بە پاسپۆرتی تورکی دەتواندرێت بەبێ فیزا سەردانی 180 وڵات بکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
جەواد زەریف رەتیدەکاتەوە خۆى بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى ئێران کاندید بکات
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى ئێران خۆى کاندید بکات.
رۆژنامەکە نووسویەتى، لە هەڵبژاردنی پێشوودا زەریف سەرەڕای داواکاری و پێداگری ریفۆرمخوازان خۆى کاندید نەکرد.
پێشتریش گوتبووی، “من بە دوای سەرۆکایەتیدا ناگەڕێم و ئەوەی دەیزانم سیاسەتی دەرەوەیە، نە لە خەڵک توڕەم و نە لە رەخنە و فشار دەترسم”.
ئارمانی ئیمروز
زیاتر لە نیوەى دانیشتووانى پێگەیشتووى ئێران قەڵەون یان کێشیان زیادە
بەگوتەی شارەزایان، قەڵەوی سەرچاوەی نەخۆشییەکانە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی و هۆکارەکانی دەبێت، وەکو پەستانی خوێن و شەکرە.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی پێگەیشتوو لە ئێران بە قەڵەو یان کێشی زیادە دادەنرێن.
هاوکات نزیکەی 5%ـی دانیشتووانی ئێران قەڵەون، بێگومان ئەمەش بە نەخۆشی دادەنرێت.
منداڵانی قەڵەوی ئەمڕۆ دەبنە گەورەساڵ بە نەخۆشییە ناگوازراوەکانی وەک شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و تەنانەت شێرپەنجەی جۆراوجۆر.
قەڵەوی لە جیهاندا وەک نەخۆشییەک دادەنرێت، بەڵام لە ئێراندا بۆ چارەسەری قەڵەوی بیمە نییە
تەجارەت
قالیباف وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران مایەوە
نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەنێو سێ کاندیدی سەرۆکایەتی، قالیبافیان وەک سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنی یەکەمدا هەڵبژێردرا.
لە کۆبوونەوەی دوێنێدا، مەنوچێهر موتەکی، موجتەبا زولنووری و محەمەد باقر قالیباف بۆ سەرۆکایەتی کێبڕکێیان کرد.
محەمەد باقر قالیباف بە 198 دەنگ جارێکی دیکە بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، زولنووری 60 دەنگ و موتەکی پێنج دەنگی بەدەستهێنا و 24 دەنگیش پووچەڵ بوون.
محەممەد باقر قالیباف، سیاسەتمەدارێکی بناژۆخواز و نوێنەری خەڵکی تارانە، لە چوار ساڵی رابردوودا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە.
جمهوری ئیسلامی
لە تاران سێ ملیۆن کەسی بیانی هەن
کیانوش گودەرزی، بەرپرسی کۆمەڵەی راوێژکارانی خانووبەرەی تاران رایگەیاند، هیچ کام لەو رێکخراوانەی لە بواری نیشتەجێبوون کاردەکەن، ئامار و زانیاریی وردیان لەبارەى دانیشتوانى تاران نییە و هیچ کۆمەڵگەیەکی ئاماریمان لە ئێران نییە.
واتە نە ژمارەی کرێچیەکان دیارە، نە ژمارەی چینە لاوازەکان کە پێویستە لە دابینکردنی خانووبەرەدا لەبەرچاو بگیرێن و هەموو ئەو شتانەی لەم بوارەدا باس دەکرێن خەمڵاندنی گشتییە.
لەبارەى بوونى سێ ملیۆن هاووڵاتیی بیانی لە تارانی پایتەخت گوتی، 51%ـى دانیشتووانی تاران کرێچین و ئەم پرسە گرنگی خانووبەرە لە تاران نیشاندەدات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
سەرکردەیەکی مۆساد هەڕەشە لە دادگای لاهاى دەکات، بەرامبەر بڕیارەکانى دژ بە ئیسرائیل
سەرۆکی پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی مۆساد بۆ کاروباری دەرەوە، هەڕەشەی توند لە داواکارە گشتییەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لە لاهای دەکات، بەهۆى ئەو بڕیارانەى لەبارەى تاوانى جەنگ دژ بە ئیسرائیل دەریکردوون.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەو بەرپرسەی مۆساد هەڕەشەی راستەوخۆی بۆ یەکێک لە داواکارە گشتییەکانی ئەو دادگایە ناردووە، لەسەرئەوەی ئەو داواکارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەند دیدارێکی نهێنیی ئەنجامداوە، بۆئەوەی بتوانێت پشتیوانى بۆ ئەو داوایە بەدەستبهێنێت، کە لە دژی ئیسرائیل تۆمارکرابوو.
دەیلی ئێکسپرێس
سوناک بەڵێنیداوە هەر پسپۆری و بڕوانامەیەکى بێسوود لە زانکۆکاندا لابدات
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم کارەی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا بۆئەوەیە بتوانێت 100 هەزار هەلی کار بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنێت، کە کارامەیی باشیان هەیە
بڕیارە ئەمڕۆ، سوناک پلانێکی پارتی پارێزگاران رابگەیەنێت بۆ زیادکردنی هەلی کار، بۆ ئەو کەسانەی پسپۆریی خوێندنەکانیان هی ئەوەنیین بتوانن کاریان لە بازاڕدا بۆ پەیدابکەن.
سوناک دەیەوێت 889 ملیۆن پاوەند خەرج بکات بۆ راهێنانی ئەو دەرچووانە لەسەر هەندێک کارامەیی و کاری دیکە، بۆئەوەی بتوانن لە بازاڕی کاردا هەلی کارکردن بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
هەروەها سوناک بڕیاریداوە 910 ملیۆن پاوەند بۆ زانکۆکان دابینبکات، بۆئەوەی بتوانن ئەو کۆلیژانە بگۆڕن، کە دەرچووکانیان لە بازاڕدا کاریان دەست ناکەوێت.
واشنتن پۆست
لە باشووری ئەفریقا بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان تیرۆری سیاسی زیادیکردووە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، رەنگە ئەم توندوتیژییانە وابکەن پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی فەرمانڕەوا پێداچوونەوە بە ئەو هەوڵانەی خۆیدا بکات، کە دەیەوێت بە هەرشێوەیەک بێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەستی لە دەسەڵات بەرنەبێت.
لە شاری نۆنگۆمای باشووری ئەفریقا، لە نیوەشەودا هێرشبەرێک لە پەنجەرەی ماڵێکەوە تەقەی لە کەسە نوستووەکانی نێو جێگای خێزانێک کرد، گوللـەکانی لە پەنجەرەکەوە چوونە ژورەوە لەشی کوڕێکی نووستووی تەمەن چوار ساڵیان بڕی و لەودیوی ئەوەوە بەر لەشی نەنکی کوڕەکەش کەوتن، کە لەتەنیشتیەوە نووستبوو و کوشتیان.
نەنکەکە ژنێکی تەمەن 75 ساڵ بوو بە ناوی نتۆمبێلا مچوونو، بەهۆی پۆستە کارگێڕیەکەیەوە تەقەی لێکراو کوژرا، چونکە گوتەبێژی فەرمیی پارێزگاکەی خۆیان بوو، پاڵپشتی حزبێکی دیاریکراوی دەکرد. ئەمە نمونەیەکی ئەو تیرۆرە سیاسییەیە، کە ئێستا و لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە ئەفریقای باشووری گرتووەتەوە.
گەڵف نیوز
سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ئیماراتی عەرەبی دەستپێدەکات
محەمەد بن زاید، ئال نەهیان، سەرۆکى ئیمارات دەڵێت، سەردانەکەی بۆ کۆریای باشوور هەلی وەبەرهێنانی باش بۆ هەردوو وڵاتەکە دەڕەخسێنێت.
بەرەوپێشچوونێکی باش لە پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەدەستهاتووە، پاش ئەوەی دوێنێ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، لە سیئۆل چاوی بە دوو شاندى باڵای کۆمپانیا گەورەکانی کۆریای باشوور کەوت.