زووم…
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەنیازە کابینەی جەنگ هەڵبوەشێنێتەوە بۆئەوەی ناچار نەبێت دوو وەزیری راستڕەوی توندڕەو بکاتە ئەندامی کابینەکە.
دەستەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی دوو ئەندامی ئێستای کابینەکە، بێنی گانتز و گادی ئایزنکۆت، هەڕەشەی کشانەوەیان لە کابینەکە کرد و تاوەکو 6ـی مانگی داهاتوویان وەک دوا مۆڵەت دیاریکرد بۆئەوەی ناتانیاهۆ پلانێکی روون بۆ غەزەی دوای جەنگ دیاری بکات.
بەگوێرەی دەستەکە، هەر دوای بڕیاری ئەو دوو وەزیرە، ناتانیاهۆ بیری لە هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە کردووەتەوە تاوەکو ناچار نەبێت ئیتامار بن گڤیر و بێزالێل سمۆتریچ کە دوو وەزیری راستڕەوی توندڕەون جێگەیان بگرنەوە.
بەگوێرەی یاسا، لە ئەگەری کشانەوەی بێنی گانتز و گادی ئایزنکۆت، ناتانیاهۆ ناچار دەبێت دوو وەزیری ناو کابینەکە فراوانەکەی حکومەت لە شوێنیان دابنێت.
بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، بەئەندامبوونی بێنی گانتز و گادی ئایزنکۆت بە کابینەی جەنگەوە هاوکاری ناتانیاهۆ بوون چەند بڕیارێکی تەکتیکی و ستراتیجی بدات دوور لە دەستێوەردانی ئەندامانی توندڕەو و راستڕەوی هاوپەیمانێتییەکەی خۆی.