زووم…
هاوسەرگیریی عێراقییەکان لەگەڵ کچان و ژنانى سوریا، بووەتە باس و خواسی فراوانى نێو میدیاکانى عێراق و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
ئاماری میدیاکانى عێراق دەڵێت، پێش جەژنى رەمەزانى ئەمساڵ سێ هەزار و 700 هاوسەرگیریی گەنجانى عێراق لە دادگا و دامەزراوە یاساییەکانى سوریا تۆمارکراوە.
ئاژانسی عێراق ئۆبسێرڤەر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، رەنگە ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت و بەرپرسانی یاسایی و دامودەزگا دادوەرییەکان بیانەوێت لە گەورەیی بابەتەکە کەمبکەنەوە.
چەند مانگێک بەر لە ئێستا “سوتام جودعان دندەح” باڵیۆزی سوریا لە عێراق گوتبووى، نزیکەی 5 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ژنان و کچانى سوریا لەگەڵ کوڕان و پیاوانى عێراقیدا لە ساڵی 2023 لە سوریا تۆمارکراوە.
دوای لێدوانەکەى باڵیۆزى سوریا لە عێراق، میدیای “سوریا تودەى”ـی باسی لەوە کرد، 300 بۆ 400 هەزار کەس لە دانیشتوانى سوریا، بەهۆی جەنگەوە روویان لە عێراق کردووە، لەو ژمارەیەش نزیکەى حەوت هەزار کەسیان رەگەزنامەى عێراقییان وەرگرتووە کە زۆربەیان لەڕێگەى هاوسەرگیرییەوە بووە.
هەر چەندە دوا ئاماری راگەیەندراوی ئەنجومەنی دادوەری عێراق بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری تاکو مانگی شوبات بووە و لە 19ی ئازاری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، هیچ ئاماژەیەکى بە ژمارەى ئەو گرێبەستە عێراقییانە نەکردووە کە لەگەڵ ژنان و کچانى سورییا ئەنجامدراون.
ئاژانسی ئۆبسێرڤەر ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئەوەى پاڵی بە کوڕانی گەنجی عێراقەوە ناوە گرێبەستى هاوسەرگیریی لەگەڵ سورییەکان گرێدەن، ئاسانکاری هاوسەرگیری و کەمی تێچووەکەیەتی.
تەنانەت مەرجەکانی جیابوونەوەش ئاسانترە بە بەراورد بەو ئاڵۆزیی مەرجە یاساییانەى لەنێو گرێبەستى هاوسەرگیریی عێراقیدا هەن.