زووم…
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداری لەبارەی دۆخی سوریا دا و گوتی کورتهێنانی گەورەیان لە دابینکردنی پارە بۆ پشتیوانیکردنی ئاوارە سورییەکان هەیە، هەڵمەتێکی گەورەی بەخشینی هاوکاری بۆ سورییەکان دەستیپێکرد.
لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکێتیی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بەڵێنیان دا بڕی پێنج ملیار یۆرۆ کە دەکاتە پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، پێشکەش بە پەنابەرانی سوریا بکرێت.
بڕیارەکە بە جۆرێکە، ئەمساڵ 560 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشرێتە ئاوارەکانی سوریا لەناوەوەی وڵاتەکەیان و هەروەها لە وڵاتانی لوبنان، ئوردن و عێراق، ساڵی داهاتووش هەمان بڕیان پێدەدرێت.
وڵاتانی بەخشەر هەروەها بەڵێنیان دا یەک ملیار یۆرۆ پێشکەش بە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا بکەن.
جۆزێپ بۆرێل گوتی، ئەمڕۆ بارودۆخی سوریا مەترسیدارترە لە ساڵی رابردوو، لە راستیدا، هیچ کات دۆخەکە هێندە مەترسیدار نەبووە و هیچ کاتێکیش پێویستییە مرۆییەکان بەم قەبارەیەی ئێستا نەبووە.
بۆرێل لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە ئێستادا 16 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی سوری پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە 13 ساڵی رابردووی قەیرانەکانی سوریا.
یانیز لینارسیچ، کۆمسیاری ئەوروپا و بەرپرس لە هاوکارییە مرۆییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، سەرباری ئەو پێنج ملیار یۆرۆیە، وڵاتانی بەخشەر دوو ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بەشێوەی قەرز دەبەخشن. ئەمریکاش بەڵێنیدا نزیکەی 545 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی مرۆیی بە سوریا ببەخشێت.
لە بەرامبەردا موعتەز ئەدهەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئۆکسفام لە سوریا پێشوازی لەم بەڵێنانە کرد، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو، ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئەو کەسانە زیاددەکات کە پشت بە هاوکارییەکان دەبەستن، بۆیە ئەو بڕە پارانە نابێتەهۆی کەمکردنەوەی قەبارەی پێداویستییەکان.
لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ناوچەکە کە پێشوازییان لە ئاوارەکانی سوریا کردووە فشاردەکەن تا ئاوارەکان بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە سوریا.
بەڵام جۆزێپ بۆرێل لەمبارەیەوە هۆشداری دا و گوتی، نابێت زۆر لە ئاوارەکان بکرێت بۆ گەڕانەوەیان بەرەو سوریا، پێمانوایە لەم کاتەدا گەڕانەوەی پارێزراو و شکۆمەندانە بۆ سورییەکان فەراهەم نییە.