رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پیتاندنى یۆرانیۆمی ئێران سی هێندەى بڕی رێگە پێدراوى نێودەوڵەتییە
رافایڵ گروسى سەرۆکی ئاژانسی وزەى ئەتۆمی نێودەوڵەتى لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات ئێران بەتەواوەتى لە دەستکەوتنى چەکى ئەتۆمى نزیکبووەتەوە، گروسی لە راپۆرتەکەیدا کە بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزەرانى ناردووە تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە ئێران پابەندى رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان نابێت و گەنجینەکانى تاران 30 بەرامبەرى بڕی رێگەپێدراو یۆرانیۆمی پیتێندراوى تێدایە و ئاماژەى بەوەش کردووە کە لە مانگی رابردووەوە عەلی شەمخانى کراوەتە سەرپەرشتیاری دۆسییەى ئەتۆمی وڵاتەکە، بۆیە لە هەفتەى رابردووەوە ئاژانس پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەڵپەساردووە و داواش دەکات لەسەرەتاى مانگی داهاتووەوە ئێران پەیوەندییەکانى ئاسایی بکاتەوە.
سەباح
لە کەرکوک 380 کێڵگەى بەخێوکردنى پەلەوەر بە نایاسایی هەیە
هاشم محەمەد بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵى کەرکوک رایگەیاند لە سنوورى پارێزگای کەرکوک دا بەهۆی کێشەى زەوی و زارەوە 380 کێڵگەى بەخێوکردنى مریشک بە نایاسایی کاردەکەن و لەبەر ئەوەى کێشەى تاپۆکردنى زەوییەکانیان لە ئارادایە ناتوانرێت هیچ مامەڵەیەکی یاساییان بۆ ئەنجام بدرێت و ئەمەش بووەتە گرفتێکى گەورە لەبەردەم وەبەرهێنەرانى بوارەکەدا، هاشم ئاماژەى بەوەشکردووە کە بەشێک لە زەوى ئەو کێڵگانە لەسەر زەوى کوژاوە بونیادنراون، یان خاوەنەکانیان دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵکى حکومەت و بە زیادەڕۆیی کێڵگەکانیان دروستکردووە و لە ڕووى یاساییەوە مافى تەسەڕوف پێوەکردنیان نییە.
دەستوور
لە ریزبەندى ئەنجامدانى تاواندا عێراق لەڕیزبەندى 80 هەمین دایە
پێگەى ئەلیکترۆنی – نامبیو- کە گرنگی بە توێژینەوە دەدات لە بوارى تاواندا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە عێراق لە ریزبەندى هەشتاهەمین وڵاتانى ئەنجامدانى تاواندایە لە کۆی 146 وڵات کە توێژینەوەکەیان گرتویەتییەوە لە ساڵی 2024 دا و هەروەها راشیگەیاندووە لەنێو وڵاتانى عەرەبیشدا لەڕیزبەندى هەشتەمدایە، راپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردووە وڵاتى ڤەنزویلا یەکەمە و، غینیا دووەم و ئەفغانستانیش لەڕیزبەندى سێیەمدایە، پێگەکە بڵاویکردووەتەوە بەگوێرەى پێوەرەکانى ئەوان، لەوڵاتانى عەرەبیدا سوریا و یەمەن و لیبیا لەڕیزبەندى سەرەتادان و کۆتا وڵاتى عەرەبیش کە تۆمارکراوە قەتەر و ئیماراتن کە لە ساڵى 2024 دا کەمترین تاوانیان تێدا تۆمارکراوە.
عەرەب
هێرشکردنە سەر چێشتخانە ئەمریکییەکان لەبەغداد کێشەى بۆ ئاسایشى پایتەخت دروستکردووە
سەرچاوەیەکى ئەمنى باڵا لە بەغداد کە نەیویستووە ناوى ئاشکرابکرێت بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە هێرشکردنە سەر چێشتخانە بیانییەکانى پایتەخت پەیوەندى بە کێشە ناوخۆییەکانى میلشیاکانەوە هەیە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە کێشە بۆ حکومەتەکەى سودانى و دەزگا ئەمنییەکانى پایتەخت دروستبکەن، وەزارەتى ناوخۆش مکوڕە لەسەر سزادانى ئەو بەرپرسە ئەمنییانەى کەمتەرخەمی دەکەن لە ئەنجامدانى کارەکانیان، سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە ماوەى چوار ساڵە لەنێو سەرایاى خۆراسانیدا کێشەى قووڵ هەیە لەبارەى چۆنیەتى رەفتارکردن لەگەڵ یانە شەوانەکان و شوێنى فرۆشتنى خواردنەوە کحولییەکان و بۆنەو ئاهەنگە شەوانەییەکان، سەرهەڵدانى تەقاندنەوەى چێشتخانەکانى بەغدادیش لەنێو ئەو ململانێیانەدایە.
جێگەى ئاماژەیە لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە سێ چێشتخانەى بەناوبانگی بیانى لە بەغدادى پایتەخت بەشێوازى جیاواز تەقێنراونەتەوە، کە دوانیان لە شەقامى فەلەستین و ئەوى دیکەیان لە ناوچەى کەڕادە بووەو هەرسێکیشیان چێشتخانەى بیانى بوون و بە ئەمریکى ناوبانگیان دەرکردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
ریفۆرمخوازانی ئێران هێشتا بڕیاریان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەداوە
ئازەر مەنسووری، بەرپرسی بەرەی ریفۆرمخوازان سەبارەت بە راوێژەکانی بەرەی ریفۆرم لە ئێران بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران تائێستا هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەداوە، بەڵام دانوستانەکان بەردەوامن و هەڵوێستەکانی ئەو بەرەیەش لەو بارەوە لە رێگەی راگەیەندراو و گوتەبێژی بەرەکەوە رادەگەیەنرێت و هەموو ئەو هەواڵ و قسانەى دیکە، کە لەو بارەیەوە بڵاودەکرێنەوە راست نین.
خوب
کۆمپانیاکانی ئێران ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنی کارەبای نوێبووەوە بۆ چوار وڵات دەکەن
عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێران پلانی هەناردەکردنی کارەبای نوێبووەوە بۆ یەکەمجار لە هەفتەی داهاتوو رایگەیاند و گوتی، پرسی هەناردەکردنی کارەبا لەلایەن وەزارەتی وزەوە کاری بۆ دەکرێت و تائێستا چوار هێڵی هەناردەکردنی کارەبا بۆ وڵاتانی عێراق، پاکستان، ئەفغانستان و تورکیا دامەزرێندراون.
عەلی ئەکبەر میحرابیان گوتی، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 15 ملیار دۆلار بۆ سووتەمەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران خەرج دەکرێت، کە هاوتایە لەگەڵ تێچووی زیادکردنی وێستگەکانی کارەبای نوێبووەوە بۆ سێ هێندەی ئێستا لە سەرتاسەری ئێراندا.
ئەو دەڵێت، کار کراوە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە بۆ سێ هێندە و بەرهەمهێنانی وزەى کارەبا بۆ ئەوەی هەناردەی چوار وڵاتی دراوسێ بکرێت.
جامی جەم
بۆ پرسەى رەئیسى و هاوەڵەکانى زیاتر لە 330 نامە لە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیاوازەوە بە ئێران گەیشتووە
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران لەبارەى گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و هاوەڵەکانى، دەڵێت، سەرۆکێکی خزمەتکار و وەزیری دەرەوەی موجاهیدمان لەدەستدا.
ئەو دەڵێت، رۆڵی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە لە سێ ساڵی رابردوودا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان رۆڵێکی دیارە لە پێشخستنی پێگەی ئێران لە کایەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
ناسر کەنعانی دەڵێت، بە بەشداری شاندی باڵای وڵاتانی جیهان لە رێوڕەسمى پرسەی بەرپرسانی وڵاتەکەمان زیاتر لە 330 پەیاممان پێگەیشت، کە ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بوو.
ئیمروز
گۆشتی سوور گرانترین مادەی خۆراکییە
لەنێو ئەو 12 کۆمەڵە خۆراکەى هەمیشە لە تۆمارى ناوەندی ئاماردا جێگیرکراون، گۆشتی سوور ریکۆردى نەشکاندووە و وەک مانگەکانی پێشوو لە لوتکەی هەڵاوسانی خۆراکدایە.
هەڵاوسانی نرخى گۆشت لە تۆمارى ساڵانەدا گەیشتووەتە 74% و بەمەش دەبێت گۆشتی سوور بە گرانترین هەژمار بکرێت، لەنێو هەموو ئەو مادە خۆراکیانەی لەلایەن ناوەندی ئامارەوە هەژمار دەکرێن.
پێدەچێت نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و رێوڕەسمی حەج هۆکارێک بن، کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەى نرخەکەى هەبێت.
لە مانگی رابردوودا، جگە لە شیر، پەنیر و هێلکە هەر 11 کاڵا هەژمارکراوەکەى دیکە نرخەکانیان بەرزبوونەتەوە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە پێدەچێت هەڵاوسانی جیهانی بەرهەمەکانی وەک شوکولاتە و شیرینی گرانیان بۆ بازاڕی ئێران زیاتر کردبێت و شەکر، مرەبا، هەنگوین، شوکولاتە و شیرینی نرخەکانیان بەرزبوونەتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی بیرلیک
ئەردۆغان: هەوڵەکانمان بۆ هەموارکردنەوەى دەستور بەردەوام دەبێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، لەماوەى 22 ساڵى دەسەڵاتی ئاک پارتى، زۆرترین هەوڵى کودەتا بەسەر حکومەتەکەمان دراوە، ئێمە دەسەڵاتێکین لە مێژووى تورکیادا گەورەترین سەرکەوتنى دیموکراسیمان تۆمارکردووە.
ئەو دەڵێت، پێویستە لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵەکانمان بۆ گۆڕینی دەستوور بەردەوام بێت.
حوڕییەت
پێشنیاز دەکرێت پشووى جەژنی قوربان نۆ رۆژ بێت
کۆمپانیاکانى گەشتیاری لە تورکیا داوایان لە حکومەت کردووە نۆ رۆژ بۆ پشووی جەژنی قوربان رابگەیەنێت و رایانگەیاندووە، بۆ بوژانەوەى کەرتی گەشتیاری و زیادبونى جموجۆڵى گەشتیاریی ناوخۆیی باشترە پشووەکانى جەژنی قوربان بەهەمانشێوەى جەژنی رەمەزان ماوەکەى درێژ بێت.
کۆمپانیان داوایان کردووە پشووەکە لە 15ـى حوزەیران بۆ 23ـى حوزەیران بێت.
میللییەت
ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا لەبارەى پرسی تیرۆر کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانى بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، لە ئەنقەرە کۆببێتەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی پەکەکە دەبێت و دوا پێشهاتەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و رۆژاڤای کوردستان تاوتوێ دەکات.
یەنی چاغ
هەژارى لە تورکیا زیادیکردووە
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی نوێ، لە تورکیا لە 10 کەس، دوانیان هەژارن. بەگوێرەى داتاکانى راپۆرتەکە لەساڵى 2022دا 18 ملیۆن و 30 هەزار کەس وەک هەژار تۆمارکراون، لە ساڵى 2023دا بەرزبووەتەوە بۆ 18 ملیۆن و 219 هەزار کەس، بەمەش رێژەى هەژاری بۆ 21.7% زیادی کردووە.
بەگوێرەى ئامارەکە لەماوەى ساڵێکدا 190 هەزار کەس بوون بە کەسی هەژار و دەڵێت، 15%ـى ئەوانەى کاردەکەن هەژارن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ئەو یاسا نوێیانەی لەبارەی مامەڵەکردن لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا دانراون بێزاری بۆ خەڵکی مەدەنی دروستدەکەن
چەند بەرپرسێکی فەرەنسی هۆشداریی دەدەن و دەڵێن، ئەو رێوشوێنانەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر سنوورەکانیان بەرامبەر بە گەشتیارانی دیکە دەیگرنەبەر، لەوانەیە بێزاری بۆ خەڵکانی مەدەنی دروستبکەن.
بڕیارە لە رۆژی شەشی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە هەر کەسێک پاسپۆرتی هەر وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپای پێبێت، لەگەڵ چوونیدا بۆ نێو ئەوروپا پەنجەمۆر و وێنەی لێ وەربگیردرێت، ئەمەش بێزاریی بۆ گەشتیارانی بەریتانی دروستدەکات.
ئەم یاسا نوێیە بە سیستمی هاتن و چوون (ئی ئی ئێس) ناسراوە و کاریگەریی لەسەر پاسپۆرتی بەریتانی دەبێت.
گاردیەن
لە بۆردومانێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا دەیان کەس کوژران و ئەمەش بێزارییەکی جیهانیی دروستکردوە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، سەرکردەکان بە نیگەرانییەوە دەڕواننە رەوشى غەزە، چونکە ئەو بۆردومانە کێشە بۆ گفتوگۆکانی گەیشتن بە ئاگربەست دروستدەکات.
راپۆرتی نێو نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، سوپای ئیسرائیل کەمپێکی خەڵکانی ئاوارەی لە سنووری رەفەح بۆردوومان کردوە و تێیدا 45 کەس کوژران.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم کارە مەترسی بۆ پەکخستنی ئەگەری ئەنجامدانی هەر گفتوگۆیەکی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دروستدەکات.
دەیلی ئێکسپرێس
ریشی سوناک بەڵێن بە خانەنشینان دەدات موچەکەیان زیاد بکات و دەڵێت “من لەگەڵ ئێوەم”
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەبانگەشەیەکی سەرنجڕاکێشی هەڵبژاردندا، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا بڕیاریدا موچەی خانەنشینان زیاد بکات، ئەمەش چەندین ملیۆن پاوەند خەرجی بۆسەر بودجەی گشتی زیاد دەکات و لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکە تێک بداتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ریشی سوناک بە خانەنشینانی گوت، “من لەگەڵ ئێوەم”.
واشنتن پۆست
ئەگەر خۆت ناتوانى یەکەى نیشتەجێبوون بکڕیت دایک و باوکت ئامادەن یارمەتیت بدەن
رۆژنامەکە نووسیویەتى، زۆرینەى ئەو گەنجانەی بۆ یەکەمجار یەکەیەکى نیشتەجێبوون دەکڕن پشت بە دایک و باوک یان ئەندامانى دیکەى خێزانەکانیان دەبەستن، بۆئەوەى هاوکارییان بکەن، چونکە تێچووی کڕینی یەکەیەک زۆر بەرزبووەتەوە و کرێی رەهنکردن و نرخی کڕینی یەکەکان لە ئێستای ئەمریکادا لە 30 ساڵی رابردوو گرانترە.