زووم…
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لە بەردەوامی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی خۆی لە عێراق و گوتی، لە ئاستی باڵادا هەوڵی ئازادکردنی و گەڕاندنەوەی بۆ ئێران دەدرێت و گوتی، هەرجۆرە مامەڵەیەکی نامرۆیی و نایاسایی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە لە عێراق سەرکۆنە دەکەن.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسی هەفتانەیدا بەبێ ناوهێنانی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە رایگەیاند، ئەوان بابەتەکە بەجدی وەردەگرن و دامەزراوە دیبلۆماسی و دادوەرییەکانیان سەرقاڵن بۆ ئازادکردنی لە عێراق، بەڵام ئاخۆ ئەم هاووڵاتییە کییە؟!
با تۆزێ بگەڕێینەوە دواوە، شەوی 7ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی ستیڤن ترۆڵ کە کارمەندی دەزگایەکی فریاگوزاریی ئەمریکی بوو، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە چەکی بێدەنگ کوژرا کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلێک و لەگەڵ خێزانەکەیدا بەناو کەڕادەی بەغداد دەرۆشتن.
رووداوی کوشتنی ستیڤن ترۆڵی تەمەنی 45 ساڵ کە کاردانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، پاش ماوەیەکی کەم حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری کەیسەکەی راگەیاند کە چواریان عێراقی بوون و یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئێرانی بوو بە ناوی محەمەد رەزا نوری کە بە پلاندانەری سەرەکی کوشتنەکە تۆمەتبارکرا.
محەمەد رەزا نوری ئەو هاووڵاتییە ئێرانییەیە کە ئەمڕۆ گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەی لەبارەوە کرد، رۆژی 1ـی ئەیلولی ساڵی رابردوو، دادگای عێراق سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر ئەو و چوار هاوکارە عێراقییەکەی سەپاند بە تاوانی کوشتنی ستیڤن ترۆڵ.
هەر ئەو کات ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەکی دادوەریی عێراقی گوتی، محەمەد رەزا نوری پلاندانەری سەرەکی کارەکە بووە و دانیان بەوەدا ناوە کە مەبەستیان نەبووە ستیڤن بکوژن، بەڵکو ویستوویانە بیڕفێنن تاوەکو بە بەرامبەر پارەدا بیگۆڕنەوە.
ناسنامەی محەمەد رەزا نوری بە شاراوەیی مایەوە تاوەکو چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کاتێک خێزانەکەی سەردانەی ئەمیرحسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری کۆچکردووی دەرەوەی ئێرانیان کرد و داوای گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان کرد لە عێراقەوە بۆ ئێران.
هەرچەندە ئێرانییەکان دەڵێن تۆمەتەکانی سەر محەممەد رەزا نوری بێبنەمان و ئەو کەسە تەنها راوێژکارێکی میدیایی بووە، بەڵام رەنگە ئەم ڤیدیۆیەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی شتێکی دیکە ئاشکرا بکات.
ئێران و عێراق زیاتر لە 10 ساڵە رێککەوتننامەی هاوکاریی دادوەرییان لە بابەتی تاوانکاری و مەدەنیدا ئاڵوگۆڕ کردووە کە بەهۆیەوە چەندین سزادراوی یەکتر ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، بەڵام ئێرانییەکان دەڵێن ئەمریکییەکان فشاریان لە عێراقییەکان کردووە محەمەد رەزا نوری رادەست نەکەنەوە.