زووم:
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێکارەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە.
ئەمڕۆ سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکارەکانی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد بە ئامادەیی عەلی عەلاق، پارێزگای بانکی ناوەندی و نوێنەری وەزارەتی دارایی عێراق.
بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سودانی جەختی لە بەردەوامیی رێکارەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سودانی جەختی لەوەکردووەتەوە پەلەبکرێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردنی زانیاریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەروەها دوورکەوتنەوە لە دواخستنی مووچەکانیان.
راشیگەیاند، سودانی چاودێرە بەسەر پرۆسەکە و بەدواداچوون بۆ رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکان دەکات لەوبارەیەوە.