زووم..
د.نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانی عێراق، رەخنە لە بڕی بودجەی وەبەرهێنانی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەگرێت، دەڵێت، لە 55 ترلیۆن، تەنها نزیکەی 5 ترلیۆنی بۆ تەرخانکراوە.
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریی هەردوو وەزیری دارایی و پلاندانانی عێراقی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی 2014، د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەکە دەڵێت، یەکێک لەو تێبینییانەی لە کۆبوونەوەکە باسیکردووە، ئەوەیە، لە کۆی زیاتر لە 55 تریلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان بۆ عێراق، تەنها بڕی 4 تریلیۆن و 954 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
راشیگەیاندووە، لەو پارەیە، دوو تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا لەبنەڕەتدا ئەوە خەرجیی بەگەڕخستن و سیادییە نابێت لەسەر پشکی هەرێم و خەرجیی وەبەرهێنان ئەژماربکرێت.
نەرمین مەعروف پێیوایە، ئەم شێوازی ئەژمارکردنی خەرجییەکان بووەتە هۆی ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان گەورە پیشانبدرێت و ببێتە مایەی گازندەکردنی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دژی هەرێم.