زووم…
ساڵانێکە بە هۆکارى ناسەقامگیریی و خراپی ئابوورى، لە ولاتانى ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەزاران کەس رێگەى مەرگ دەگرنەبەر و کۆچ بەرەوە ئەوروپا دەکەن.
تورکیا ئەو وڵاتەى جوگرافیاکەى لەلایەن کۆچبەرانەوە وەک پردی پەڕینەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا بەکاردەهێنرێت و خاکەکەی بە رێگەى وشکانی و دەریایی بە چەند وڵاتێکی ئەوروپاوە سنووری هەیە.
بەشێوەیەکی گشتی کۆچبەرەکان لە چەند پارێزگایەکی رۆژئاوای تورکیا، بە چوپ و بەلەم لە دەریای ئیجەوە هەوڵی پەڕینەوە بۆ یۆنان دەدەن و زۆربەیان لە دوای چەند کیلۆمەترێک لە بەڕێکەوتنیان، لەلایەن هێزە دەریاییەکانی جەندرمەوە دەستگیر دەکرێن.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتە سەرەکەییانەى ساڵانە هەزاران کۆچبەر بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەى وشکانى و دەریاییەوە خۆیان دەگەیەننە ئەوروپا، بەهۆی ئەو رێککەوتنەى تورکیا لە ساڵى 2016 لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا ئیمزای کردووە، بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە لە سنوورى خاکی تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن.
بەگوێرەى هەواڵێکى ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاسایشی کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر و موغڵە 69 کۆچبەرى نائاسایی دەستگیرکراون. کۆچبەرەکان دوای پشکنینی تەندروستی بۆیان، رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پارێزگاکە کراون.
بەگوێرەى ئاماری ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2023 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگار بکەن و 305 کۆچبەری برینداریش چارەسەر بکەن. هەمان ساڵ 38 کۆچبەر خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیرکراون.
بەگوێرەى ئامارێکی فەرمى سەرۆکایەتى بەڕێوەبەرایەتى کۆچ لە تورکیا لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاکوو 16 ی ئایار، 82 هەزار و 462 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون. لەناویاندا دوو هەزار و 638 کەسیان کۆچبەرى عێراقی بون.