زووم:
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
شارەوانییەکی دەم پارتى کۆتایی بە کاری 29 کرێکار دەهێنێت
شارەوانی شارۆچکەى جزیرێ بۆتانى سەر بە شرنەخی باکوورى کوردستان، بە بڕیارى گولەر یەربەسان، سەرۆکی شارەوانی دەم پارتى کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی 29 کرێکار هێنا، کرێکارەکان بە تەلەفۆن ئاگادارکراونەتەوە، کۆتایی بەکارکردنیان هاتووە.
سەرۆکی شارەوانییەکە مانگی رابردووش کۆتایی بە کارکردنى پێنج کرێکارى دیکە هێنا.
بەگوێرەى رۆژنامەکە لە ساڵى رابردووەوە 63 کرێکار لە شارەوانییەکە لەسەر کارەکانیان لابراون.
کرێکارەکان وەک ناڕەزاییەک لە بڕیارەکەى سەرۆکی شارەوانی لە بەردەم بینای شارەوانییەکە گردبوونەوە.
تورکیا
لە 2ـى حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانی لە حەوت ناوچە ئەنجام دەدرێتەوە
لەپاش وەرگرتنى تانەى پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنى 31ـى ئازاری شارەوانییەکانی باکوورى کوردستان و تورکیا، بڕیارە لە 2ـى حوزەیران هەڵبژاردنى شارەوانی لە پارێزگای قەیسەری، سێڤاس، کرکقەلە، دێرسیم و ئەکسەرای دووبارە بکرێتەوە.
لەو رۆژەدا 50 هەزار دەنگدەر دەچنە سەر سندوق و پارتە سیاسییەکان چادرى بانگەشەی هەڵبژاردنیان هەڵداوە.
یەنی شەفاق
لە ئەستەنبوڵ ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان دەکرێت
لە ئەستەنبوڵ ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان کراوە، رێکخراوەکانى سەرپەرشتی قوربانیکردن پلانیان بۆ رێوشوێنى ئەنجامدانى قوربانیکردن لە شارەکە ئامادەکردووە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە ئەستەنبوڵ وەک گەورەترین شارى تورکیا زۆرترین قوربانی تێدا دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت لەو شارە 190 هەزار ئاژەڵ بکرێتە قوربانی.
میللییىەت
لە ئەستەنبوڵ قوربانی رووداوى هاتوچۆ زۆرە
ئاژانسی پلاندانانی ئەستەنبوڵ لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، ساڵانە لەشارەکە زیاتر لە 300 کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانلەدەستدەدەن، 30 هەزار کەسیش بریندار دەبن.
بەگوێرەى رۆژنامەکە هۆکارى زۆربەى رووداوی هاتوچۆ بۆ تیژڕەوی دەگەڕێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە 38%ـى ئەوانەی بەهۆى رووداوی هاتوچۆ گیانلەدەستدەدەن، ئەو کەسانەن بەسەر شۆستەکاندا پیادەرەون.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە پرسەى رەئیسیدا خامنەیی بە جیا پێشوازی لە عێراقییەکان کرد
لە رێوڕەسمى پرسەى بەرپرسە ئێرانییەکانى رووداوى هێلیکۆپتەرەکەى کۆتایی هەفتەى رابردوو، عەلى خامنەیی، رێبەرى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەنێو حوسەینییەدا پێشوازى لە شاندى وڵاتان کرد، بەڵام بە جیا پێشوازی لە شاندى عێراقییەکان کرد و شاندى لایەنە سیاسی و حکومییەکانى عێراق خێزانییانەتر بوو، بە ئامادەبوونى گەورە بەرپرسانى ئاینى وڵاتەکە و ئامادەبوونى خەزوورى ئیبراهیم رەیسی پێشوازییان لێکرا.
لە لایەکى دیکەوە لە راپۆرتێکى ئاژانسی ئیرناشدا هاتووە ئەو وڵاتەش بڵاویکردووەتەوە لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى تەرمەکەى ئیبراهیم رەئیسیدا زیاتر لە 100 هەزار ئەفغانى بەشدارییان تێدا کردووە.
دەستوور
سەرەتاى ساڵی داهاتوو سەدر دەگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانى سیاسی
سەرکردەیەکى باڵاى شیعە لە رەوتى نیشتمانى بە رۆژنامەى دەستوورى راگەیاندووە، رەوتى سەدر سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەى تەواوەتى و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق.
ئەو دەڵێت، لە دوو رۆژى رابردوودا ژمارەیەک کۆبوونەوەى گرنگیان ئەنجامداوە و تێیدا کۆمەڵێک بڕیارى گرنگیان داوە، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک، لەوانەیە تاوەکو کاتى خۆی ئاشکراى نەکەن، بەڵام وەک ئەو سەرچاوە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، سەرەتاى ساڵی 2025 موقتەدا سەدر بە تەواوەتى بڕیارى گەڕانەوە بۆ نێو گۆڕەپانى سیاسی دەدات.
سەباح
17 هەزار دەرمانخانەى عێراق بە کارتى ئەلیکترۆنى دەرمان دەفرۆشن
عەدنان عەرەبی، جێگری تیمى سەرپەشتیکردنى چالاککردنى کارتى ئەلیکترۆنى راگەیاند، هەزار و 432 دەرمانخانەى عێراق ئامیری کارتى ئەلیکترۆنییان لەنێو دەرمانخانەکانیاندا داناوە و ژمارەى بەکارهێنەرانى کارتى ئەلیکترۆنى لەنێو دەرمانخانەکاندا گەیشتووەتە 17 هەزار دەرمانخانە.
عەدنان عەرەبی، ئومێدى خواست تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بتوانن مامەڵەى سەرجەم دەرمانخانەکانى عێراق بکرێتە ئەلیکترۆنی.
عەرەب
بە رەچەڵەک زەردەشتییەک دەبێتە جێگرەوەى رێبەرى ئێران
دواى گیان لەدەستدانى ئیبراهیمى رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران لە رووداوى کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرەکەیدا، بەشێکى زۆر لە میدیاکان چاویان لەسەر جێگرەوەى خامنەیی بوو، کە کێ دەبێتە میراتگریی، ئەگەر بە هەر هۆکارێک لە ژیاندا نەمێنێت و زۆرینەی بۆچوونەکانیش بۆچوونیان وابوو، موجتەباى کوڕی دەبێتە جێگرەوەی، بەڵام ئێستا رەزا ئەعرافى، گەورە زاناى نزیک لە خامنەیی ناوى هاتووەتە پێشەوە، هەرچەندە لەنێو شەقامى گشتیی سیاسی و تەنانەت حکومى ئێراندا هیچ پلە و پۆستێکى نییە، بەڵام بەگوێرەى شارەزایی و نزیکایەتى لە خامنەییەوە وەک رۆژنامەکە دەڵێت، بەدوور نازانرێت لەدواى مردنى خامنەیی ببێتە رێبەرى ئەو وڵاتە.
ئەعرافی لە دایکبووەى 1959 ناوچەى مەیبودى پارێزگاى یەزدە، بنەماڵەکەیان لە بنەرەتدا شوێنکەوتەى ئاینى زەردەشت بوون، لە سەدەى نۆزدەهەمدا موسڵمان بوون، شێخ حاجى باوکی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى کۆماری ئیسلامى ئێران و هاوڕێی نزیکى ئایەتوڵا خومەینى دامەزرێنەرى کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. میدیاکانى نزیک لە رێبەر باس لە رۆڵی ئەعرافى و تەنانەت شارەکەى و بنەماڵەکەى دەکەن لە شۆڕشی ئێراندا و لە ساڵی 1989ـەوە تائیستا لە هیچ هەڵوێستێکدا لە خامنەیی دوور نەکەوتوەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئاسیا
حکومەتی داهاتووى ئێران کاری سەخت و قورسی لەپێشە
دەیەی رابردوو بە سەپاندنی سزای توند، گەشەکردنی ئابووری لە خوار 1%ـەوە کۆتاییهات، جیاوازی چینایەتی زیادی کرد و هەڵاوسان گەیشتە نزیکەی 40% و حەوت ساڵە بەو شێوەیە بەردەوامە.
ئەمساڵیش رووداوی سەیر و سەمەرە روویاندا، وەک دابەزینی بەهای تمەن، ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، شەڕی حەماس و ئیسرائیل و پرسی ئەتۆمی ئێران، گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری و پەرەسەندنی بەردەوام و نادیار، بۆیە کاری حکومەتی داهاتوو زۆر قورس دەبێت و شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ کێشە ئابوورییە گەورەکان و چاکسازییەکان و وەستاندنی هەڵاوسان زۆر ئاڵۆز و قورسە.
ئارمانی ئیمروز
دۆخی ئێران دوای گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار دەگۆڕێت
هەواڵی گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەیسی، شۆکێکی سیاسی بوو، محەمەد موخبر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار وەک سەرۆکی کاتی دەستنیشانکرا، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەبچێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەولەویەت ئەوەیە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکادا بپارێزرێت، بەتایبەتی سنووردارکردنی مەترسیی ململانێ لە ناوچەکەدا و ئامادەکاری بۆ دانوستانەکانی داهاتوو، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.
بابەتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی لە تاران، هەموو سەرۆکانی هاوپەیمانانی ئێران ئامادەبوون، هەروەها سعودیە، ئیمارات و کوەیت وەزیرانی دەرەوەی خۆیان نارد، ئەمەش باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران نیشان دەدات.
کەیهان
رادیۆ هەڵبژاردن دەستی بە پەخش کرد
رادیۆی هەڵبژاردن بە دروشمی دەنگی گەل دەستی بە پەخش کرد. ئەم رادیۆیە تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارى ئێران پەخشى بەردەوام دەبێت، بە ئامانجى “هاودەنگی نێوان خەڵک لەپێناو هەڵبژاردنی کەسی شیاو”.
مەبەست لەم رادیۆ نیشتمانییە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە، سەبارەت بە گرنگیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، پێدانی زانیاری و شیکردنەوەی شارەزایانە بۆ هەڵبژاردن، روونکردنەوەی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی دروست و زیادکردنی رێژەی بەشداری خەڵک لە دەنگداندا.
“بێلایەنی” یەکێک دەبێت لە گرنگترین میحوەرەکانی بەرنامەسازی لەم رادیۆ 24 کاتژمێرییەدا.
باختەر
کوردێک بوو بە پاڵەوانی جیهان و میدالیای زێڕی ژاپۆنی بەدەستهێنا
پارێزگاری پاوە رایگەیاند، خەڵک دڵخۆش بوون کاتێک یاسین خوسرەوی، وەرزشکاری خەڵکی پاوە چوارەمین میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی جیهانی بەدەستهێنا.
یاسین خوسرەوی، لە پێشبڕکێی پاڵەوانێتی جیهانی لە ژاپۆن بە بردنەوەی میدالیای زێڕ لەکاتی پێشبڕکێی فڕێدانی کێشدا، پێش 10 رکابەر کەوت، کە لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداربوون.
ئەم پاڵەوانە کوردە هەر شەش فڕێدانەکەی بە دروستی ئەنجامدا و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا و بوو بە پاڵەوانی جیهان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ریشی سوناک بەڵێندەدات کارکردن بە خزمەتکردنی سەربازیی زۆرەملێ بگەڕێنێتەوە
بەرنامەکەی ریشی سوناک، کاندیدى پارتى پارێزگاران و سەرۆکوەزیرانى ئێستاى بەریتانیا بەوشێویە، بڕیارێک بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هەموو کەسێکی تەمەن 18 ساڵ دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بکات، یان واز لە پشووی کۆتایی هەفتە بهێنێت و لەو دوو رۆژەدا چەند ئەرکێک لە بواری خزمەتکردنی گشتیدا ئەنجام بدات.
ئەمە بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تەمموزی داهاتوو.
سوناک دەڵێت، هەموو ئەو کەسانەی واز لە خوێندن دەهێنن، دەبێت بە زۆرەملێ ببن بە سەرباز لە هێزی نیشتمانی یان هاوکاریی دەزگای تەندروسی یان پۆلیس بکەن.
گاردیەن
بەخشەرەکانی سەر بە پارێزگاران بڕی 2.5 ملیۆن پاوەند بۆ بەدەستهێنانەوەى کورسیی چەند کاندیدێکى سەرەکی خەرج دەکەن
لەنێو زەمینەی ململانەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەو بەخشەرانەی لایەنگری پارتی پارێزگارانن، بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار پاوەند دەبەخشن، بۆئەوەى پارێزگاری لە کورسیی چەند کەسێکی سەرەکیی لە پەرلەمان بکەن؛ وەکو مایکل گەوڤ و پێنی مۆردان، چونکە مەترسیی هەیە هەردووکیان کورسییەکانیان لەدەست بدەن.
پێدەچێت تێچووی خەرجییەکانی هەڵبژاردنى ئەمساڵ گەورەترین بڕی خەرجیی نێو مێژووی بەریتانیا بێت، چونکە حکومەت بڕیاریداوە هەر پارتێک بۆ ئەم دەتوانێت 34 ملیۆن پاوەند خەرج بکات.
واشنتن پۆست
شەپۆلی دراوە دیجیتاڵییەکان بوون بە مایەی هەڕەشە
هەریەکە لە کۆمپانیاکانی بواری دراوە دیجیتاڵییەکان لە چوار ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی شپرزە و هەڕەمەکییانە بە لانیکەم 149 ملیۆن دۆلاری بۆ تێکدانی بازاڕی دراو خەرج کردووە.
ئەم کۆمپانیایانە دەیانەوێت شکست بە ئەو کەسایەتییە داراییناسانەی نێو کۆنگرسى ئەمریکا بهێنن، کە کارکردنی ئەوان هەڕەشە بۆسەر بازرگانیی کۆمپانیاکانی خاوەنی دراوە دیجتاڵییەکان دروستدەکات.
ئۆرشەلیم پۆست
هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دیارنییە
شەوی شەممە کەسوکاری بە بارمتەگیراوەکان لە تەلئەبیب و زۆر شاری دیکە رژانەوە سەر شەقامەکان و داوایانکرد حکومەت هەنگاوێکی جدی بنێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە تەواوی وڵاتەکەدا.
خۆپیشاندەرانی شاری کارکوور شەقامەکانیان داخست، لە ناوچەکانی بیرشەبەع، کەفارسابا، قەیسەرییە و هێرزەلییە زۆرترین ژمارەی خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان.