زووم..
حەفتاو حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی کان بەرەو کۆتایی دەڕوات، تا ئێستا هیچ فیلمێک سەرەنجى رەخنەگرانى رانەکێشاوە، وادیارە بەختی محەمەد رەسولۆف بۆ بردنەوەى “خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕینى” فێستیڤاڵەکە زیادی کردبێت، ١٢ زولەک چەپڵەلێدانی بینەرانی فیلمەکە دوای ئەکرانەکەی ئاماژەیە بۆ سەرکەوتوویی فیلمەکە.
رەسولۆف کە بەمدواییانە ڤیدیۆی جێهێشتنى ئێرانى لە رێگای شاخەوە بڵاوکردەوە، ئێستا توانیویەتی بە فیلمی “دەنکە هەنجیری پیرۆز” بچێتە فێستیڤاڵی فیلمی کان.
فیلمەکە بە تەواوی بە نهێنی لە ناوخۆی ئێراندا دروستکراوە و راگەیاندنی دەرکەوتنی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان زۆر کەسی تووشی شۆککرد، دەسەڵاتی سینەما و ئەمنیەتی ئێران هەوڵى زۆریاندا رێگری لە فیلمەکە بکەن.
فیلمەکە باس لە ژیانی بنەماڵەیی دادوەرێکی حکومەت دەکات، کاتێک لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەمانچەکەی ون دەکات و گومانی لە کچەکانی و هاوسەرەکەی هەیە. چیرۆکێک کە درێژەپێدەری رەخنەکانى رەسولۆفە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئێستا توندتر و زیاتریش بووە.
هەر لە سەرەتاوە بەرهەمەکانی محەمەد رەسولۆف رەخنەیان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا گرتووە. ئەو رەخنانەی کە هەر زوو دامەزراوە ئایینی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتیان هەستیار کرد.
محەمەد رەسولۆف ساڵی 2009 دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لەکاتى دروستکردنی فیلمێک دەستگیرکرا، ئەمە یەکەم دەستگیرکردنی رەسولۆف بوو کە بوو بە خاڵی وەرچەرخان و وای کرد رێگایەکی نوێ لە ژیانی پیشەیی خۆیدا هەڵبژێرێت.
ئەم دەستگیرکردنە رەسولۆفى بە شێوەیەکی راستەخۆ خستە بەرامبەر دەسەڵات و دواتر چەندین فیلمی بە نهێنی لە ئێران دروستکرد، ئێستا کە بەهۆی حوکمی زیندانەوە ئێرانی بەجێهێشتووە، بەڵام بە پانزە ساڵ بەرخۆدانەکەی، رێگایەکی کردەوە کە ئێستا رێبوارێکی زۆری هەیە.
بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی ئیعتماد، ئەمساڵ 71 بەرهەمی ژێرزەمینی لە سینەمای ئێرانەوە رەوانەی فیستیڤاڵی کان کراون، هەواڵێک کە حکومەتی لە هەمووکات زیاتر تووڕەتر کردووە.