زووم..
دایکانی شەممە کۆمەڵەیەکی مەدەنییە لە باکوورى کوردستان، هەموو ئەو دایکانە لەخۆ دەگرێت کە لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 1995 رۆڵەکانیان لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە کوژراون یان رفێندراون، لە نێویاندا سەدان کەس تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و هیچ زانیارییەکیان لە بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە، سەرەتای چالاکیی رێکخراوەکەش بە دوو خێزانی قوربانییەکان دەستیپێکرد.
یەکەم چالاکى دایکانى شەممە بۆ نزیکەى 30مساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، 27ى ئازاری 1995 بۆ یەکەمجار کەسوکاری قوربانیان و ئەوانەى بێسەروشوێن کراون لە مەیدانى گەڵەتەسەرای لە ئیستەنبوڵ بە دانیشتنەوە گردبونەوەیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ 25ى ئایارى 2024، چالاکیی دایکانی شەممە پێینایە هەفتەی هەزارەهەمینەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە باکووری کوردستان و تورکیا چەند چالاکییەکە بە بەشدارى بەشێک لە سیاسییەکانى دەم پارتى و نوێنەرى رێکخراوى مافی مرۆڤ بەڕێوەچوو.
لە پاش هەزار هەفتە، جارێکی دیکە دایکانى شەممە گردبونەوەیان ئەنجامدا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارەکانیان لە دەوڵەتى تورکیا دەکەن.
لە راگەیەنراوێکی سەرۆکی لقی ئامەدى کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ بەبۆنەى هەزارهەمین هەفتەدا هاتووە: هاوڵاتییان لە هەموو شوێنێکەوە هاتون و هەمویان یەک داواکارییان هەیە، ئەویش ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارە دەستگیرکراو و رفێندراوەکانیانە کە تاکوو ئێستا دیار نییە ماون یاخوود لەژیاندا نەماون.
داواش دەکەن بەرپرسانی ئەو کەیسانە رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزا بدرێن.
بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکان لەنێوان ساڵانی 1993 تاکوو 1995 لە باکوورى کوردستان نزیکەى پێنج هەزار گوند وێران کراون و لەو ساڵانەشدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی فرێنڕاون یاخود بونەتە قوربانی بکوژى بکەرە نادیارەکان.
لە هەزارەمین گردبونەوەی دایکانی شەممە، دیسان بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە و تائێستا دەوڵەت هیچ وەڵامێکی بۆ کەسوکارى قوربانیان نییە.