زووم…
بودجەی ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستانی لە خەرجیی وەبەرهێنان دیاریکردووە و بڕەكەی چوار ترلیۆن و 875 ملیار دینارە، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ناردنی ئەو پارەیەی بەستەوە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، پشكی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی وەبەرهێنان چوار ترلیۆن و 875 ملیار دینارە، بەڵام ناردنی ئەو پارەیە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە و رادەستکردنی داهاتی نەوت بە بەغداد، ئەمە لەکاتێکدا زیاتر لە ساڵێك و دوو مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە.
وادیارە ئەمە تەنها گرفتی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نابێت، بەوپێیەی تا ئێستا رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغداد بێچارەسەر ماوەتەوە.
لەوبارەیەوە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، حكومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت 100 ملیار دینار وەك نیوەی داهاتی ناوخۆی دەروازە سنوورییەكان و باج بۆ مانگەکانی دوو و سێی ئەمساڵ بۆ بەغداد بنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق رەتیكردووەتەوە بەو هەنگاوە رازی بێت.
ئەمە لە كاتێكدا چەند رۆژی رابردوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغداد لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكان رێككەوتوون.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زوومی گوت، پشکی هەرێمی کوردستان لەناو خشتەکانی بودجەی 2024 بڕێکی زۆر باشە، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بودجەکە بۆ هەرێمی کوردستان دێت، بەڵام پابەند نەبێت، بەغداد پشکی هەرێم رەوانە ناکات.
لە خشتەکانی بودجەی 2024، کە دوای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، واتە بۆ هەر مانگێک بڕی 965 ملیار دینار تەرخانکراوە.
جەمال کۆچەر دەڵێت، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و لەخشتەی بودجەشدا کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە، بەوەی دەبێت بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بێت و مووچەیان بۆ رەوانە بکرێت.