زووم:
دوو رۆژە لە بەشێک لە پەیج و ئەکاونتە کەسییەکان لە هەرێمى کوردستان وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا چەند کرێکارێک دەردەکەون و سەرقاڵى کارکردنن لە هێڵێکى ئاسنینى تایبەت بە شەمەندەفەر.
ئەو پەیج و ئەکاونتانەى ئەو وێنەیان بڵاویکردووەتەوە، لەسەریان نووسیوە، کە ئەوە کارکردنە لە راکێشانى هێڵى ئاسنین لەرۆژاڤاى کوردستان لەنێوان هەردوو شارى کۆبانى و رەقە.
تیمى ساغکردنەوەى زووم بەدواداچوونى بۆ ئەو وێنە کرد، دەرکەوت ئەو وێنەیە هیچ پەیوەندییەکى بە رۆژاڤاى کوردستانەوە نییە، بەشێکە لە هەواڵى ناڕاست، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە.
بە گوێرەى بەدواچوونەکەى زووم، وێنەکە تایبەتە بە وڵاتى جەزائیر و راکێشانى هێڵى ئاسن بۆ چەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە.
لەو بارەوە عزەددین فەریدی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ وەبەرهێنان لە هێڵی ئاسن (ANSREF)ى جەزائیر رۆژى دوو شەممەى رابردوو، دەستپێکردنی بەرنامەیەکی نوێی بە ئامانجی بەستنەوەی 16 سایلۆی هەڵگرتنی دانەوێڵە بە تۆڕی شەمەندەفەرەوە راگەیاند.
فەریدى لە میانی بەشداریکردنی لە یەکەم دانیشتنی “کۆڕ” لە رادیۆی جەزائیر روونیکردەوە، کە ئەم بەرنامەیە لە چوارچێوەی پشتگیریکردنی ستراتیژی دەوڵەتدایە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هەڵگرتن و گواستنەوەی دانەوێڵە.