زووم…
دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، دوو دادگای گرنگی نێودەوڵەتین، بارەگای هەردوو دادگاکە لە شاری لاهای هۆڵەندایە.
لای بەشێک لە خەڵک ناو و کاری ئەم دوو دادگایە تێکەڵ دەکرێن، بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان کارکردنیاندا هەیە.
دادگای دادی نێودەوڵەتی دادبینی بۆ دۆسیەی دەوڵەتەکان دەکات، بەڵام دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان دادبینی بۆ دۆسیەی ئەو کەسانە دەکات، کە تۆمەتی تاوانیان لەسەرە.
شەش جیاوازیی سەرەکی لەنێوان دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان هەن:
دادگای دادی نێودەوڵەتی
1. دەزگای سەرەکیی دادوەریی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە ساڵی 1946 دامەزراوە.
2. ئەرکی سەرەکی دادگای دادی نێودەوڵەتی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە یاساییانەیە کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ئاڕاستەی دادگاکە دەکرێن، هەروەها بڕیار لەسەر ئەو پرسە یاسایانە دەدات کە لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئاڕاستەی دەکرێن.
3. دادگای دادی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە پەیماننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و بنەما یاسایی و دادوەرییەکانی یاسای نێودەوڵەتی کاردەکات.
4. حوکمەکانی بڕیاری کۆتایین دەربارەی دۆسیەکان و هیچ دەرفەتێکی پێداچوونەوەیان نیە.
5. لە کاتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیدا پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەبات تا دەنگدان لەسەر بڕیارەکەی بکات، یان رێنمایی لەبارەیەوە دەربکات.
6. دادگای دادی نێودەوڵەتی 193 ئەندامی هەیە، کە نوێنەرایەتیی وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن.
دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان
1. دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە رووی یاساییەوە سەربەخۆیە و ساڵی 2002 دامەرزاوە.
2. دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە لە تاوانی وەکو جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تێوەگلاون.
3. بە پشتبەستن بە دەستووری بنەڕەتیی رۆما، دادبینی بۆ دۆسیەکان دەکات، کە لە ساڵی 1998 بە واژووی 121 دەوڵەت داڕێژراوە.
4. بڕیاری دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن بۆ سکاڵالێکراوان دەردەکات.
5. دادگاکە خاوەنی هیچ دەزگایەکی پۆلیس نیە و پشت بە پابەندیی وڵاتانی رێککەوتنی رۆما دەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی.
6. 121 ئەندامی هەیە و تەنها نوێنەری ئەو وڵاتانەی تێدایە واژوویان لەسەر رێککەوتنی رۆما کردووە.
قسەکردنەوە لەسەر ئەم دادگایانە، دوای بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، دووبارە هاتنەوە ئارا.
دادگاکە، لەسەر سکاڵایەکی ئەفریقای باشوور، داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆسەر غەزە رابگرێت و حەماسیش سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات.
بەگوێرەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی بێت، حوکمەکانی بڕیاری کۆتایین ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەبات بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر بڕیارەکەی بکات، یان رێنمایی لەبارەیەوە دەربکات.