زووم…
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوایانکردووە، بانکى تى بى ئاى دۆلار بداتە ئەو کەسانەى حەج دەکەن.
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێم لە لێدوانێکدا بە زوومى راگەیاند، حاجیانی پارێزگاکانی عێراق کە هەر یەکێکیان سێ هەزار دۆلاریان لەلایەن بانکی تى بى ئاییەوە بە بەهای فەرمی (100 دۆلار بە 131 هەزار دینار) پێدەدرێت، هێشتا دیارنییە بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەدرێت یان نا.
گوتیشى، لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە پەیوەندیدان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو هاونیشتمانییانە لە پێدانی دۆلار سوودمەندبن، بەڵام تائێستا روون نییە دەدرێت یان نا، هەرچەندە بڕیاری حکومەتی عێراقە بە هەموو ئەو کەسانە بدرێت کە دەڕۆنە حەج.
بڕیارە ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن و نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە وشکانی 4000 دۆلارە.