زوو،..
دادگای دادی نێودەوڵەتی دەیەوێت بڕیارێک لەسەر جەنگی غەزە دەربکات، بەوەش جارێکی دیکە ناوی دادگاکە هاتووەتەوە ناو ناوان. بەڵام ئایا بڕیارەکانى دادگای دادى نێودەوڵەتی چیین چۆن جێبەجێ دەکرێن؟
دادگای دادی نێودەوڵەتی، دەستەیەکی سەرەکیی دادەوەریی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، بارەگای سەرەکیی لە شاری “لاهای” هۆڵەندایە.
دادگاکە ساڵی 1945 دامەزراوە و تاکە دامەزراوەی سەرەکیی شەش دامەزراوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکانە کە بارەگاکەى لە دەرەوەی شاری نیویۆرک بێت.
دادگاکە لە دەستەیەکی دادوەریی 15 کەسی پێکهاتووە، کە بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەلایەن ئەنجومەنی گشتى و ئاسایشەوە ھەڵدەبژێردرێن، لە ھەر نەتەوەیەکیش تەنھا یەک دادوەر رێگەپێدراوە هەڵبژێردرێت.
دادگاکە لە ساڵی1947ەوە کە یەکەمین دۆسیەی پێگەیشتووە تاکو ساڵی 2024 کاری لەسەر نزیکەى 185 دۆسیەی جیاواز کردووە.
وەک لە بەندی 93ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، بڕیارەکانى دادگاکە کاریگەری لەسەر ھەر 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بە وڵاتانی نائەندامیشەوە لەو رێکخراوە.
لەگەڵ بە ئەندامبونی وڵاتێک لە دادگاکەدا، وڵاتەکە مافی تۆمارکردنى سکاڵا و پێشکەشکردنی دۆسیەی ھەیە، وڵاتانی دیکەش کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان نین دەتوانن سكاڵا تۆمار بکەن.
بڕیارەکانى دادگا بڕاوەیە و پابەندکارن و شایەنى پێداچونەوە نییە، بڕیارەکانیشی بە بیروڕای زۆرینەی دادوەران دەردەچێت و ئەگەر دەنگی دادوەرەکان یەکسان بوون، ئەوا بە دەنگی سەرۆکی دیوان بڕیارەکە یەکلای دەبێتەوە.
هەرچەندە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت وڵاتی سەرپێچیکار ناچار بە پابەندبوون بکات لەڕێگەی سەپاندنی سزای یاسایی یاخود، بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەڵام ئەگەر وڵاتەکە یەکێکبێت لە ئەندامانی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش، مافی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنەکەى هەیە و هیچ بژاردەیەکى دیکەى ناچارکردن نییە بۆ پابەندکردنى.
ئەگەر وڵاتێک پابەندنەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانى دادگاوە، وڵاتى سکاڵاکار دەتوانێت دۆسیەکە بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.
دادگاکە لە ماوەی نزیکەی 80 ساڵی تەمەنیدا دەیان بڕیاری گرنگی دەرکردووە، لەوانە ساڵی 2007، سربیای بێتاوان ناساندن لە کۆمەڵکوژیی حەوت هەزار موسڵمانی بۆسنە لە میانی جەنگی بەڵکان ساڵانی 1992 بۆ 1995.
لە ئازاری ساڵی 2022 بڕیاریدا بە کۆتاییهێنانی جەنگی روسیا کە لە دژی ئۆکراین بەرپای کردبوو، بەڵام روسیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو و ڤیتۆی کرد.
ساڵی 2020، سەبارەت بەو گەمارۆیەی وڵاتانی کەنداو لە ساڵی 2017 بەسەر قەتەریاندا سەپاند، لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە بڕیارێکى دەرکرد و گەمارۆکەى هەڵوەشاندەوە.