زووم…
روسیا بڕیاریداوە لەمەودوا لەبارەی سزا داراییەکانەوە وەڵامی هاوشێوەی ئەمریکا و ئەوروپا بداتەوە و لەو چوارچێوەیەدا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا فەرمانی فرۆشتن و دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵک و سەروەت و سامانی ئەمریکای لە روسیا دەرکرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پوتینی سەرۆکی روسیا واژۆی لەسەر فەرمانێک کردووە سەبارەت بە فرۆشتن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەمریکا لە وڵاتی روسیا، لەنێویاندا سامانی وەبەرهێنەرانی بیانی.
روسیا دەڵێت، بڕیارەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێکە کە بەر وڵاتەکە دەکەوێت، بەهۆی بلۆککردن و بەکارهێنانی پارە و موڵکی روسیا و پێدانی بە ئۆکراین.
لە فەرمانەکەی پوتیندا هاتووە، هەر دامەزراوە و قەوارەیەکی روسی کە پێیوایە بە شێوەیەکی ناڕەوا دەست بەسەر مۆڵکەکانیدا گیراوە، سکاڵا لە دادگایەکی روسیا تۆمار بکات و داوای قەرەبووکردنەوە بکات.
بەگوێرەی فەرمانەکە دادگا دەسەڵاتی هەیە فەرمانی فرۆشتنی سەروەت و سامانی ئەمریکی لە روسیا بدات بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قەوارە و کۆمپانیا روسییەکان .
فەرمانەکە هەموو موڵکی گوێزراوە و نەگوێزراوەی ئەمریکییەکان دەگرێتەوە.
بەرپرسان و ئابوریناسان بە رۆیتەرزیان گوتووە، رەنگە روسیا زیاتر پەناببات بۆ بلۆککردنی پارەی وەبەرهێنەرانی ئەمریکا.
مانگی رابردوو، دیمیتری مێدڤیدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا دانی بەوەدا نا روسیا بڕێکی کەم لە موڵک و ماڵی دەوڵەتی ئەمریکای لایە و روسیا هەر وەڵامێکی هاوشێوەی ئەمریکا و ئەوروپا بداتەوە، وەڵامێکی ناهاوسەنگ دەبێت.
فەرمانەکەی ڤلادیمێر پوتین، لەدوای ئەوە دێت، وڵاتانی گروپی حەوت باسیان لە رێگاکانی دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنانی سەروەت و سامانی دارایی روسیا کرد بە بەهای 300 ملیار دۆلار.
پێشتریش واشنتۆن یاسایەکی پەسەند کرد، کە رێگە بە ئیدارەی جۆ بایدن دەدات دەست بەسەر سامانی روسیا لە بانکەکانی ئەمریکادا بگرێت و بیگوازێتەوە بۆ ئۆکراین.