زووم…
مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوە و بەشبەشکردنی کورسیی کۆتاکان رازی نین.
ئەوەندە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنى دادوەریی هەڵبژاردن ناڕازین، بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێک بنێن، یەکسەر چوون بەرەو بژاردەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
مەسیحییەکان لە پێنج کورسیی کۆتاکان و بەشبەشکردنیان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن نیگەرانن، بۆیە ئەمڕۆ پێنج پارتى مەسیحى، لە هەولێرەوە بایکۆتى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند.
پارتەکان سەر بە پێکهاتەی مەسیحیی کلدان و ئاشوورى و ئەرمەنەکانن.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە پشکی مەسیحییەکانە، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، نیگەرانیی مەسیحییەکانی دووپاتکردەوە، گوتی، کەمکردنەوە و بەشبەشکردنی کورسییەکانی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا نائومێدی کردوون.
کاردانەوەی تورکمانەکان لەبارەی گەڕاندنەوەی پێنج کورسییەکە هێورترە، بڕیارە شەممەی داهاتوو کۆببنەوە و هەڵوێستى فەرمیى تورکمانەکان رادەگەیەنن.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆکى پارتى گەشەپێدانى تورکمانى بە زوومى گوت، کۆبوونەوەکە لە هەولێر و بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکانی تورکمان دەبێت.
سەرۆکی پارتە تورکمانەکە رایگەیاند، وەک پێکهاتەى تورکمان، کەمکردنەوەى کورسیى پێکهاتەکان رەتدەکەنەوە و ناڕازین، بەڵام بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن و بایکۆتى هەڵبژارن ناکەن.
بەگوتەی خۆی، دەیانەوێت لەڕێگەى پەرلەمانەوە کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەى سەرجەم کورسیى کۆتاکان.
پێشتریش مونا قەهوەچى، جێگرى سەرۆکى پارتى چاکسازیى تورکمانی، گەڕاندنەوەی پێنج کورسىییەکەی بە هەنگاوێکى باش ناوبردبوو، بەڵام دەیانەوێت کورسیی پێکهاتەکان لە یەک بازنەدا بن.
لەنێو تورکمانەکاندا هەڵوێستی بەرەی تورکمانی لەهەمووی توندتر بوو، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، پێویستە هەر 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان وەک خۆی بگەڕێتەوە.
رۆژی 21ی ئەم مانگە ئەنجومەنى دادوەرىی هەڵبژاردن بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاری دابوو بە لابردنی 11 کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.